تەندروستی جیهانی كاتێكی بۆ كۆتایی هاتنی كۆرۆنا دیاری كرد

14/03/2023 جیهان

نەوا - 
تیدروس ئەدهانۆم بەڕێوەبەری رێكخراوی تەندروستی جیهانی دەڵێت، هیواخوازن لە ساڵی 2023دا پەتای كۆرۆنا كۆتایی بێت، ئەوەش دوای 3 ساڵ لە بڵاوبونەوەی ئەو پەتایە و گیانلەدەستدانی ملیۆنان كەس لە جیهاندا.
تیدروست ئەدهانۆم لە بەیاننامەیەكدا بڵاویكردووەتەوە، لە ئێستادا ژمارەی گیانلەدەستدان بە پەتای كۆرۆنا لە كەمترین ئاستیدا لەسەرەتای رایگەیاندنی پەتاكەوە، دڵنیایە لەوەی كە لەمساڵدا دەتوانن بڵێن كە پەتاكە وەك حاڵەتێكی لەناكاوی تەندروستی گشتی كۆتایی هاتووە و وەك پەتایەكی جیهانی جێی نیگەرانی نییە.
رونیشیكردووەتەوە، پێویستە پەند لەم پەتایە وەرگرین بۆ ئەوەی جارێكی تر ئەو پشتگوێخستنە دوبارە نەبێتەوە كە بووە هۆی ئەوەی پەتاكە ماوەیەكی زۆر بەردەوام بێت.
پەتای كۆرۆنا لە كۆتاییەكانی ساڵی 2019 لە شاری ووهانی چین دەركەوت و دواتر هەموو جیهانی گرتەوە، تاوەكو ئێستا نزیكەی 682 ملیۆن كەس توشبوون و زیاتر لە 6 ملیۆن و 812 هەزار كەسیش گیانیان لەدەستداوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group