بەهۆی دزی و ساختەكاری فەرمانی دەستگیر كردن بۆ 25 فەرمانبەر و 2 بەرپرس دەركرا

23/03/2023 عێراق

نەوا - 
دەستەی نەزاهەی عیراق ئاشكرای كرد، لە پرۆسەیەكی جۆریدا لە بەڕێوەبەرایەتی چاكسازی عیراق توانیویانە 25 فەرمانبەر و چەند بەڕێوەبەر و بەرپرسێك ئاشكرا بكەن كە دەستیان لە بەهەدەردانی زیاتر لە 23 ملیار دیناردا هەیە.
دەستەكە لە بەیاننامەیەكدا ئاشكرای كردووە، بڕیاریانداوە لێكۆڵینەوە لە دەنگۆی پرۆسەی ساختەكردن و یاریكردن بە سەدان مامەڵەی بانكیدا بكەن كە لە بەڕێوەبەرایەتی چاكسازی عیراقی لە بەرژەوەندی كۆمپانیای نیشتمانی بۆ پیشەسازی كانزایی و پاسكیل ئەنجام دراوە و بۆ ئەوەش تیمێك پێكهێنرا.
رونیشكراوەتەوە، دوای لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ ئەو زانیاریانە دەركەوت كە پرۆسەی ساختەكردن و یاریكردن بە سەدان مامەڵە ئەنجامدراوە و 25 فەرمانبەر و یاریدەدەری بەڕێوەبەر و بەڕێوەبەری ژمێریاری بەشدار بوون، دەستیش بەسەر سەدان مامەڵەدا گیراوە كە لە دەرەوەی یاسا رێكخرابوون، بەهۆی ئەو مامەڵانەشی ئەنجامیانداوە زیاتر لە 23 ملیار دینار بەهەدەر دراوە.
سەبارەت بە ساختەكارییەكان هاتووە، ژمارەیەكی زۆر چەك خەرج كراوە كە ئەو پێداویستیانەی تێیدا هاتووە نەكڕدراوە و نەبراونەتە كۆگاكانەوە، هەروەها 5 بۆ 10 هێندەی نرخی راستەقینە نرخ دانراوە، بۆیە دادوەری لێكۆڵینەوە فەرمانی بۆ راگرتنی تۆمەتباران دەركردووە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group