وەزارەتی نەوتی عیراق بە فەرمی بردنەوەی سكاڵاكەی لە توركیا راگەیاند

25/03/2023 عێراق

نەوا-
وەزارەتی نەوتی عیراق پێشوازی لە بڕیاری كۆتایی دەستەی ناوبژیوانی سەر بە ژوری بازرگانی نێودەوڵەتی لە پاریس كرد كە لە بەرژەوەندی عیراق دۆسیەیەكی یەكلایی كردۆتەوە.
لە راگەیەنراوێكدا وەزارەتی نەوتی عیراق رایگەیاندوە، ئەو سكاڵایەی لەلایەن عیراقەوە تۆمار كراوە دژی توركیا بەهۆی سەرپێچیكردنی بڕگەكانی رێككەوتننامەی بۆری گواستنەوەی نێوان عیراق و توركیا كە لەساڵی 1973 واژۆ كراوە كە حكومەتی توركیای پابەند كردوە بەجێبەجێكردنی رێنماییەكانی عیراق تایبەت بە جوڵەكردنی نەوت كە سەرچاوەكەی عیراق بێت بۆ سەرجەم ناوەندەكانی عەمباركردن تا گواستنەوەی بۆ وێستگەكانی كۆتایی.
وەزارەتی نەوتی عیراق هەوڵی دەستەی ناوبژیوانی پاریسی بەرز نرخاندوە بە جێبەجێكردنی كارەكانی بە پیشەیی و هونەریانەو مامەڵەكردنی لەگەڵ ئەو سكاڵایەی لەلایەن عیراقەوە تۆمار كراوەو راشگەیەنراوە،  رێككەوتنەكە سەرجەم لایەنەكان پابەند دەكات رێز لە رێككەوتن و پەیماننامە نێودەوڵەتیەكان بگرن كە تەنها كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عیراق سۆمۆ مافی فرۆشتن و هەناردەكردنی نەوتی هەیە لە بەندەری جەیهانی توركیا.
راشیگەیاندوە، ئەم بڕیارەی دەستەكەش نابێتە بەربەست لەبەردەم پەیوەندییەكانی توركیاو عیراق، بەڵكو پاراستنی دەستوری عیراق و سەرجەم سامانەكەیەتی و وەزارەتی نەوتیش میكانزمێك دەدۆزرێتەوە بۆ هەناردەكردنی نەوتی عیراق لە رێگەی بەندەری جەیهانی توركیاوە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان لەهەرێمی كوردستان و توركیا كە رەچاوی پایەندییەكانی سۆمۆ لەگەڵ كۆمپانیا جیهانییەكان بكات، هەروەها سوریشن لەسەر هەناردەكردنی سەرجەم بڕی دیاریكراو لە هەموو كێڵگە نەویتییەكاندا لەناویشیاندا هەرێمی كوردستان تاكو داهات زیاد بكرێت و هاوكاری بودجەی فیدراڵی بكات.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group