دادگای عیراقی بەتۆمەتی دەستدرێژی سێكسی بۆ سەر منداڵان دوو سزای لەسێدارەدانی دەركرد
پێش 2 هەفتە عێراق
نەوا -
بە تاوانی دەستدرێژی سێكسی و كوشتنی منداڵان، دادگاكانی عیراق سزای لە سێدارەدان و زیندانییان بۆ چەند تاوانبارێك دەركرد.
ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عیراق بڵاویكردووەتەوە، رۆژی دووشەممەی 15ی 5 دادگای تاوانەكانی بەسرە سزای لە سێدارەدانی بەسەر كەسێكدا سەپاندووە، كە لە مانگی رابردودا كچێكی منداڵی هەڵخڵەتاندووە و دەستدرێژی سێكسی كردووەتە سەری، دواتر كوشتویەتی و تەرمەكەی لەناو خۆڵ و خاشاكدا فڕێداوە.
ئەوەش هاتووە، هەروەها دادگای تاوانەكانی رەسافە سزای لە سێدارەدانی بەسەر تاوانبارێكدا سەپاندووە كە لە بەغدا دوو كچی منداڵی رفاندووە و دەستدرێژی سێكسی كردووەتە سەریان.
ئەنجومەنی باڵای دادوەریی باسی لەوەش كردووە، لەلایەكی ترەوە دادگای تاوانەكانی سەڵاحەدین سزای 15 ساڵ زیندانی بەسەر تاوانبارێكدا سپاندووە كە دەستدرێژی سێكسی كردووە سەر منداڵێكی كوڕ.