كۆنگرەی وەزیرانی گواستنەوەی وڵاتانی دراوسێی عیراق لەبەغدا ئەنجام دەدرێت

23/05/2023 عێراق

نەوا-
باسم عەواد وتەبێژی حكومەتی عیراق رایگەیاند، رۆژی27-5 كۆنگرەی وەزیرانی گواستنەوەی وڵاتانی دراوسێی عیراق و وڵاتانی ئەنجومەنی هاریكاری كەنداو لە بەغدا ئەنجام دەدرێت.
عەواد لە راگەیەنراوێكدا بڵاویكردۆتەوە، لەسەر رۆشنایی دیدگای حكومەتی عیراق لەبارەی گرنگی تەواوكاریی ئابوریی لەنێوان وڵاتانی ناوچەكەو گونجاوبونی لەگەڵ بەرنامەی حكومەت كە داكۆكی لە چاكسازی ئابوریی و بەرەوپێشبردنی پرۆژە ستراتیجییەكان دەكات، كۆنگرەی وەزیرانی گواستنەوەی وڵاتانی دراوسێی عیراق و وڵاتانی ئەنجومەنی هاریكاری كەنداو لە بەغدا دەبەسترێت.
ئەوەیشی خستوەتەڕو كە ئامانج لە بەستنی كۆنگرەكە تاوتوێكردنی پرۆژەی رێگای گەشەپێدانی ستراتیجیی (كەناڵی وشك)ە كە ئاڕاستەو پرۆژەیەكی زیندو و گرنگە بۆ هەمو وڵاتانی ناوچەكە و جیهان.
وتەبێژی حكومەتی عیراق راشیگەیاندوە، كۆنگرەكە لەچوارچێوەی ئاڕاستەی حكومەتە بۆ بەهێزكردنی هاوكاری و هاوبەندی ئابورییە لەگەڵ وڵاتانی دۆستدا، هەروەها وەك داكۆكیكارێكە لەسەر ئاشتی، سەقامگیریی و خوشگوزەرانی گەل و زیاتر بەرجەستەكردنی پێگەی بەغدایەو سەرەتایەكە بۆ گەشەپێدانی بەردەوام.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group