عیراق زیاتر لە 20 ملیۆن دۆلاری لە كوێتەوە گەڕاندەوە

24/05/2023 عێراق

نەوا-
حكومەتی عیراق زیاتر لە 20 ملیۆن دۆلاری دەستبەسەرداگیراوی لە وڵاتی كوێتەوە گەڕاندەوە.
حەیدەر حەنون سەرۆكی دەستەی نەزاهەی عیراق رایگەیاندوە، دەستەكەیان بڕی 20 ملیۆن و 437 هەزارو 157 دۆلاری ئەمریكی گەڕاندەوە بۆ عیراق كە لە بانكی نیشتمانی وڵاتی كوێت دەستیبەسەردا گیرابو  لەساڵی 1990 و دوای لێكترازانی پەیوەندییەكانی هەردوو وڵات.
ئاماژەشیكردوە، پارەكە هی باڵیۆزخانەی عیراق بوە لە كوێت و لەلایەن سندوقی گەڕاندنەوەی دارایی عیراقەوە هەواڵیان پێدراوە دواتر دەستەكەیان كەوتە بەدواداچون و بە رێوشوێنی پێویست گەڕێنرایەوە گەنجینەی دەوڵەت لە رێگەی بانكی ناوەندی عیراقەوە.
سەرۆكی دەستەی نەزاهەی عیراق راشیگەیاندوە، ئێستا لەگەڵ كۆمپانیایەكی یاسایی سویسری لە گفتوگۆدان ئەگەر گەیشتنە رێككەوتن و گرێبەستیان لەگەڵ كردن بۆئەوەی قەوارەیەكی یاسایی بونیات بنێن كە نوێنەرایەتی عیراق بكات لە سویسرا، ئەوكات دەزانرێت قەبارەی دارایی یەدەگی عیراق و بڕی ئاڵتونی یەدەگ لە سویسرا چەندە بۆئەوەی كاری گەڕاندنەوەیان بۆ بكەن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group