هۆشداری دەدەرێت.. پاشماوەیەكی زۆر بەدەوری زەویدا دەسوڕێنەوە

31/05/2023 هەمەڕەنگ

نەوا - 
بەپێی نەخشەیەك، بڕێكی زۆر پاشماوەی ئاسمانی كە هۆكارەكەی مرۆڤە لە خولگەی زەویدان و زانایانیش هۆشداری دەدەن، رۆژێك لە رۆژان ئەو پاشماوانە دەكەونە خوارەوە و دەیدەن بە سەرماندا.
رۆژنامەی دەیلی مەیڵی بەریتانی بڵاویكردووەتەوە، مانگێكی دەستكردی تایبەتمەند بە چاودێری كردنی مانگە دەستكردەكان نەخشەیەكی نوێی ئامادە كردووە كە ئەو پاشماوانە پیشان دەدات كە لە بۆشایی ئاسماندان و دەوری خولگەی زەوییان داوە و پاشماوەی مرۆڤن.
رونیشكراوەتەوە، ئەو پاشماوانە بەردەوام بەیەكدا دەدەن و زانایان پێیان وایە كە وەك بۆمبێكی تەوقیتكراو وان و رۆژێك لە رۆژان دەكەون بەسەرماندا، پێشتریش لە مانگی 8ی ساڵی رابردودا تەنێكی رەش لە باشوری ئۆسترالیا كەوتە خوارەوە و زانایان پێیان وایە كە بەشێكی موشەكی ئاسمانی بووە.
ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ئەوروپی بڵاویكردووەتەوە، زیاتر لە 10 هەزار تۆن پاشماوەی بە دەوری زەویدا دەسوڕێنەوە، بەپێی زانیاریەكانیش ئەمریكا ئەو وڵاتەیە كە زۆرترین پاشماوەی لە ئاسماندا جێهێشتووە.
زانایان باسیان لەوەش كردووە، ئەو پاشماوانە مەترسین لەسەر ژیانی مرۆڤ، لە دەیەی داهاتوودا هەر مرۆڤێك  ئەگەری 10%ی هەیە كە پاشماوەیەكی مانگە دەستكردەكان بكەوێتە بەسەریدا و برینداری بكات یاخود بیكوژێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group