خۆربردن چییە و ئەگەر یەكێك توشبوو چۆن هاوكاری بكەین

09/07/2023 هەمەڕەنگ

نەوا - 
بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی نیشانەكانی خۆربردن و رێنماییەكانی بڵاودەكاتەوە و داواش دەكات چەند رێكارێك بۆ خۆپاراستن بگیردرێتە بەر.
تەندروستی سلێمانی سەبارەت بە خۆربردن بڵاویكردووەتەوە، ئەو گەرمایەی لەگەڵ كەشوهەوای هاویندا پەیدا دەبێت، هەندێكجار دەبێتە هۆی ئەوەی لەش نەتوانێت پلەی گەرمی رێك بخات و كاتێك پلەی گەرمی لەش لە 40 پلەی سەدی تێدەپەڕدەێت، تێكچوونێك لەمێشكدا رودەدات كەپلەی گەرمی لەشی پێ كۆنترۆڵ ناكرێت و كاریگەری لەسەر سیستمی سووڕی خوێن و مێشك دەبێت.
ئەوەش هاتووە، هۆكارەكانی خۆربردن بریتین لە، "بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و بەركەوتنی تیشكی رۆژ كاركردن و زۆر مانەوە لەبەر هەتاو"، نیسانەكانی ئەوەن كە كەسەكە " ئارەق زۆر دەكاتەوە لە كەشی گەرمدا و دەموچاوی سوردەبێتەوە و پلەی گەرمی لەش بەرزدەبێتەوە، هەروەها هەناسەدانی خێرادەبێت و ماسولكەكانی گرژ و سڕ دەبن، تووشی سەرگێژخواردن و سەرئێشە و بێهۆشبوون و وڕێنەكردنیش دەبێت و هەست بە تینوێتی زۆر و سكچوون دەكات".
تەندروستی سلێمانی جەختی لەوەش كردووەتەوە، ئەو كەسەی تووشی خۆربردن دەبێت، ئەگەر وەك پێویست هاوكاری نەكرێت ئەوا دەبێتە هۆی وەستانی دڵ و مەترسی لەسەر ژیانی دروست دەبێت، پێویستە فریاگوزاری سەرەتایی بۆ بكرێت كە بریتین لە گواستنەوەی بۆ شوێنێكی سێبەر و پاڵخیتی و بەرزكردنەوەی قاچەكانی و كردنەوەی جلەكانی و سڕینەوەی دەموچاوی و فێنككردنەوەی بە قوماشێكی تەڕ و شێدار.
سەبارەت بە رێكارەكانی خۆپاراستن هاتووە، رۆژانە 6 بۆ 8 پەرداخ ئاو بخورێتەوە و پۆشینی جل و بەرگی سپی و گونجاو و لە لۆكە دروستكراو، هەروەها دوركەوتنەوە لە بەركەوتنی درێژخایەنی خۆر و بەكارهێنانی كڵاو و چاویلكەی دژەخۆر.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group