عیراق سێ‌ رۆژ ماتەمینی گشتی راگەیاند

27/09/2023 عێراق

نەوا - 
بەهۆی روداوەكەی حەمدانییە، عیراق سێ‌ رۆژ ماتەمینی گشتی راگەیاند و داوای لێكۆڵینەوەی بەپەلەش لە روداوەكە دەكرێت، هەروەها وەقفی سوننە سەرجەم ئاهەنگەكانی یادی لەدایكبوونی پێغەمبەری ئیسلامی (د.خ) راگرت.
نوسینگەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، سەرۆك وەزیران رێنمایی دەركردووە بۆ ئەوەی ماوەی 3 رۆژ لەسەرجەم ناوچەكانی عیراق ماتەمینی گشتی بێت، ئەوەش وەك پرسەیەك بۆ قوربانیانی روداوەكەی نەینەوا.
لای خۆشیەوە دیوانی وەقفی سونی بڵاویكردووەتەوە، بەهۆی روداوەكەوە سەرجەم یاد و ئاهەنگەكانی لەدایكبوونی پێغەمبەری ئیسلام هەڵدەوەشێندرێنەوە، ئەوەش وەك پرسەیەك بۆ رۆحی قوربانیان.
هەر بەهۆی روداوەكەوە، فراكسیۆنی پارتی داوای كۆبوونەوەی بەپەلەی پەرلەمانی كردووە بۆ  گفتوگۆكردن لەسەر روداوەكە و دەركردنی بڕیاری بەپەلە بۆ هاوكاریكردنی برینداران و پێكهێنانی لیژنەیەك بۆ ئاشكراكردنی راستییەكانی روداوەكە و لێپرسینەوە لەوانەی كەمتەرخەمن و قەرەبووكردنەوەی كەسوكاری قوربانییەكان.
لای خۆشیانەوە بەرپرس و كەسایەتییە سیاسیەكان، سەرەخۆشییان لە كەسوكاری قوربانیانی روداوەكە كردووە و داواش دەكەن لێكۆڵینەوەی بەپەلە ئەنجام بدرێت بۆ ئاشكراكردنی هۆكاری ئاگركەوتنەوەكە.

 

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group