نەوا-
بەپێی چەند فەرمانێكی وەزاری، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار رەزامەندیی لەسەر خەرجكردنی بڕی 241 ملیۆن و 595 هەزار دینار بۆ جێبەجێكردنی ژمارەیەك پرۆژە لە سێكتەرەكانی شارەوانی و ئاو لە سنوری سلێمانی و دەووبەری دا.
فەرمانگەی میدیاو زانیاری حكومەتی هەرێم بڵاویكردۆتەوە، ئەو بڕە پارەیە لەسەر داهاتی شارەوانی و ئاوە لە سنوری سەرۆكایەتی شارەوانی و بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی و دەوروبەری، بەمەبەستی جێبەجێكردنی پرۆژەكانی دروستكردنی شەمعەی ئاو لەناوچەی قڕگە، هەروەها راكێشانی بۆریی ئاو بۆ چەند كۆڵانێكی گەڕەكی تانجەڕۆ.
راشیگەیاندوە، هەر بەو بڕە پارەیە چاككردنەوەی شكاوی بۆری لە گەڕەكەكانی قەزای شارەزوو، كاری چاكسازیی كڕاندنی قیر لە شاری سلێمانی و راكێشانی بۆریی ئاو لە گەڕەكی زەرگەتەو چارەسەركردنی پیسبونی ئاوی پێدەكرێت، بەپێی یاساو رێنماییە داراییەكانیش بەپێی پلانی پرۆژەكانی فەرمانگەكانی سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ ساڵی 2023 خەرج دەكرێت.