مەسرور بارزانی: لە كەرتی پەروەردەدا حكومەتی عێراق بەشی هەرێمی وەك پێویست نەداوە
18 خولەک پێش ئێستا
نەوا-
مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە ئامادەبوونی د. ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردە، لە قوتابخانەیەكی حكومی لە شاری هەولێر بە فەرمی زەنگی ساڵی نوێی خوێندنی (2026-2027)ی لێدا و دواتر لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا تیشكی خستە سەر كەرتی پەروەردە دۆخی سیاسی و پرسە ئەمنییەكان.
مەسرور بارزانی لە بواری پەروەردەدا رەخنەی لە هەڵوێستی بەغدا گرت و ئاشكرای كرد، لە كەرتی پەروەردەدا حكومەتی عێراق بەشی هەرێمی كوردستانی وەك پێویست نەداوە و هاوكاریی نەكردووە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش حكومەتی هەرێم توانیویەتی ساڵ بە ساڵ ئاستی كەرتی پەروەردە بەرز بكاتەوە و پێداویستی بۆ قوتابییان دابین بكات.
هەروەها سەرۆك وەزیران گرنگیی خوێندن بە زمانی كوردی دووپاتكردەوە و رایگەیاند: خوێندن بە شێوەیەكی گشتی گرنگە، بەڵام بێگومان خوێندن بە زمانی شیرینی كوردی بۆ ئێمە لە هەموو شتێك گرنگترە.
سەبارەت بە هەنگاوەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، مەسرور بارزانی روونیكردەوە كە هەر لە رۆژی دوای هەڵبژاردنەوە ئامادەیی تەواویان هەبووە بۆ ئەو هەنگاوە، بەڵام كاراكردنەوەی پەرلەمان مەرجی سەرەكییە، وتیشی، پێش هەموو شتێك پێویستە ئەو پەرلەمانتارانەی نوێنەری خەڵكن، بایكۆتی پەرلەمان بشكێنن و بگەڕێنەوە ناو هۆڵی پەرلەمان، چونكە یەكەم هەنگاو بۆ پێكهێنانی حكومەت بەڕێوەچوونی دانیشتنی پەرلەمانە.
لەبارەی پرسی كەركووكیشەوە وتی: كەركووك بۆ ئێمە دڵی كوردستانە و كوردستانیبوونی كەركووكیش لە ناسنامەكەیدایە، بۆیە هیوادارم زمانی كوردی لە سەرجەم ئەو شوێنانەی كوردی لێیە زیاتر پەرەی پێبدرێت.
لە بەشێكی دیكەی لێدوانەكەیدا، سەرۆكی حكومەت لەبارەی پرسی چەكی بێمۆڵەت و گرووپە چەكدارەكان لە عێراق جەختی لە سەروەریی یاسا كردەوە و باسی لەوەكرد، پێویستە یاسا لە هەموو شوێنێكی وڵاتدا سەروەر بێت و لە هەر جێگەیەك چەكی دەرەوەی دەسەڵات هەبێت، بخرێتەوە ژێر كۆنترۆڵی حكومەت.