لەمساڵدا زیاتر لە 17 هەزار تۆمەتباری ماددەی هۆشبەر لە عیراق دەستگیر كراون

پێش 4 هەفتە عێراق

نەوا -
وەزارەتی ناوخۆی عیراق ئاشكرای كرد، لەمساڵدا 17 هەزار و 249 تۆمەتباری ماددەی هۆشبەر دەستگیر كراون، كە 121یان بیانی بوون.
عەمید میقداد میری وتەبێژی وەزارەتەكە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی، بەپێی ئامارەكان رێژەی تاوانی ماددە هۆشبەرەكان رووی لە كەمبوونەوە كردووە، ئەوەش دوای هەوڵ و كۆششێكی زۆر دژی ئەو ماددانە.
وتوشیەتی، لەماوەی ئەمساڵدا 17 هەزار و 249 تۆمەتباری ماددە هۆشبەرەكان دەستگیر كراون، لەو ژمارەیەش 121یان كەسانی بیانی بوون، تەنها لە هەفتەی رابردوودا تۆڕێكی ئەو ماددانە دەستگیر كراون و دەستیش بەسەر 3 كیلۆگرام ماددەی كریستاڵ و 15 كیلۆگرام ماددەی تردا گیراوە.
سەبارەت بە ئالوودەبوان وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عیراق وتی، گرنگییەكی زۆر بە تەندروستی ئالودەبووان دەدرێت و ناوەندی چارەسەركردنیان لە سەرجەم پارێزگاكان بۆ دروستكراوە، هەروەها لێخۆشبوون بۆ هەر ئالودەبوویەك دەردەكرێت كە خۆی رادەستی پۆلیس دەكات و رەوانەی نزیكترین ناوەند دەكرێت بۆ وەرگرتنی چارەسەر.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group