مەسرور بارزانی: شاندی هەرێم گفتوگۆی باشیان كردووە لەبارەی موچە و بودجە

28/11/2023

نەوا - 
مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت، شاندی هەرێم لە بەغدا گفتوگۆی باشیان لەبارەی موچە و بودجەوە كردووە، گفتوگۆكانیش بەردەوام دەبن.
مەسرور بارزانی لە مەراسیمی كردنەوەی كارگەی ڤان ستیل كە گەورەترین كارگەی بەرهەمهێنانی ئاسنە لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و عیراقیش، لە وتەیەكدا وتی، شاندی هەرێمی كوردستان لە بەغدا ماونەتەوە بۆ ئەوەی رێگە چارەی گونجاو بدۆزنەوە، بەتایبەتی لە بابەتەكانی بودجە و موچەی خەڵكی كوردستان و بگەنە ئەنجامێكی نەرێنی.
ئاماژەی بەوەشداوە، شاندەكە گفتوگۆی باشیان كردووە و گفتوگۆكانیش بەردەوام دەبن، بەداخەوە بەشێوەیەكی نەگونجاو مامەڵە لەگەڵە موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دەكرێت، پێویستە ئەمە چارەسەر بكرێت.
سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا وتی، هیوادارن دۆخی كوردستان و عیراق و ناوچەكە ئارام سەقامگیر بێت، كێشەكانی نێوان هەرێم و حكومەتی فیدراڵی بەشێوەیەكی بنەڕەتی چارەسەر بن، بۆ ئەوەی درێژە بە كارنامەكەی خۆمان بدەین، لە ئاوەدانكردنەوە و بنیاتنانی ژێرخانی ئابووری.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group