حكومەتی فیدراڵ زەرەرمەندی یەكەمە لە راگرتنی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم

25/03/2024 عێراق

نەوا-
وەزارەتی نەوتی عیراق رونكردنەوەیەكی 11 خاڵی لەبارەی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان، گرێبەست و شایستەی دارایی كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی كوردستان بڵاوكردەوە.
وەزارەتی نەوت لە رونكردنەوەكەیدا رایگەیاندووە راگرتنی  هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی توركیاوە بەهۆی بریاری حكومەتی عیراقەوە نەبوە، بەڵكو ئەو بریارە بەهۆی توركیا بووە لەسەر بنەمای بڕیاری دادگای نێوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس. 
وەزارەتەكە هەروەها دەڵێ لەدوای 6 مانگ لە دانوستاندن لەنێوان عێراق و توركیا، هەردولا گەیشتنە ئەو رێككەوتنەی كە ئەو هێڵەی نەوتەكەی پێدا هەناردە دەكرا، بخرێتەوە كار و لەزووترین كاتدا كێشە تەكنیكیەكان چارەسەر بكرێن، كە بونەتە هۆی داخستنی ئەو هێڵە. دەشڵێ حكومەتی فیدراڵ زەرەرمەندی یەكەمە لە راگرتنی ئەو هەناردەكردنە. ئەوەش لە كاتێكدایە ئەمڕۆ یەك ساڵ بەسەر راگرتنی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان تێپەڕ دەبێت.
وەزارەتی نەوت رایگەیاندوە ئێستا گرنگترین هۆكاری راگرتنی هەنادەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان ئەوەیە كۆمپانیا بیانییەكان كە لە هەرێمی كوردستان كار دەكەن، رێگرن لەوەی بە فەرمی نەوتە بەرهەمهێندراوەكەیان رادەستی حكومەتی هەرێمی كوردستان بكەن بۆ ئەوەی بەگوێرەی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی هەناردە بكرێت.
ئەو وەزارەتە ئاماژەی بەوە داوە ئەگەر ئەو كۆمپانیایانە نەوتی بەرهەمهێندراویان لە كێڵگەكانی هەرێمی كوردستانەوە بەگوێرەی یاسا رادەست بكەن، دەتواندرێت لەماوەیەكی كەمدا دەست بە هەناردەكردنەوەی نەوت بكرێتەوە.
 

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group