نێچیرڤان بارزانی بۆ سەرۆك كۆمار: هەرێم ئامادەی چارەسەركردنی كێشەكانیەتی لەگەڵ بەغدا

پێش 2 هەفتە

نەوا-
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عیراق كۆبۆوە.
لە راگەیەنراوێكی فەرمیی كۆبونەوەكەدا هاتوە، نێچیرڤان بارزانی لە دوەم رۆژی سەردانیدا بۆ بەغدا لەگەڵ سەرۆككۆماری عیراق كۆبۆتەوەو دۆخی گشتیی عیراق و گرنگیی پاراستنی ئارامی و سەقامگیری، برەودان بە پێشخستنی كەرتی ئابوری و خزمەتگوزاری، پشتگیری لە حكومەتی فیدراڵ بۆ جێبەجێكردنی كارنامەكەی، گفتوگۆی هەولێر ـ بەغدا بۆ چارەسەركردنی كێشەكانیان بەپێی دەستورو هاریكاری و هەماهەنگیی نێوان هەردولا تاوتوێ كراوە.
ئاماژە بۆ ئەوەشكراوە، لە كۆبونەوەكەدا باس لە سەردانی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق بۆ ئەمریكا و سەردانی سەركۆماری توركیا بۆ عیراق و هەرێم و ئەنجامی هەردو سەردانەكە بۆ برەودان بە پەیوەندییەكانیان كرا، بەتایبەتی لە بواری ئابوری و بازرگانیدا لەگەڵ هاریكاریی هاوبەش بۆ بەرەنگاربونەوەی تیرۆر.
نێچیرڤان بارزانی دوپاتیكردۆتەوە، هەرێمی كوردستان ئامادەی چارەسەركردنی كێشەكانیەتی لەگەڵ بەغدا بە گفتوگۆ و لێكگەیشتن لەسەر بنەمای دەستور، سەرۆك كۆمار باسی لە گرنگیی بەردەوامیی دیدار و سەردانەكانی شاندی هەردولا بۆ چارەسەكردنی كێشەكان كرد.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group