نەوا-
وتەبێژی حكومەتی عێراق ڕایگەیاند، ئیسرائیل درێژە بە سیاسەتی شەڕەنگێزانە و فراوانكردنی ململانێی ناوچەكە و شێوازی هێرشی ئاشكرای خۆی دەدات، ئەمجارەش دەستدرێژیی كردە سەر كۆماری ئیسلامی ئێران.
باسم عەوادی وتەبێژی حكومەتی عێراق ڕایگەیاند، عێراق پێشتر هۆشداری دابوو سەبارەت بە لێكەوتە مەترسیدارەكانی دەرئەنجامی بێدەنگیی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سەبارەت بە هەڵسوكەوتی دڕندانەی ئیسرائیل بەرامبەر فەڵەستین و هێرشەكانی بۆ سەر لوبنان و سووریا و ئێران.
ئاماژەی بەوەشدا، عێراق بە توندترین شێوە ئەم دەستدرێژییەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران ئیدانە دەكات، هاودەنگی و وەستانی خۆی لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێران دووپات دەكاتەوە، هەروەها داوای ئاگربەست لە غەززە و لوبنان دەكات و پشتیوانیی هەنگاوی هەمەلایەنەی ناوچەیی و نێودەوڵەتی بۆ پشتگیریی سەقامگیری لە ناوچەكەدا دەكەین.
ئەمە لە كاتێكدایە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە سوپای ئیسرائیل بە زیاتر لە 100 فڕۆكە و فڕۆكەی بێفڕۆكەوان هێرشی كردە سەر ئێران، ئەمەش وەك تۆڵەكردنەوەی هێرشە بەرفراوانەكەی ئێران بوو كە بە مووشەكی بالیستیك لە 1ی ئەم مانگەدا هێرشی كردە سەر ئیسرائیل.