نەوا-
وەزارەتی ناوخۆ رێنمایی نوێی تۆماركردنی تاكسی دەخاتە بواری جێبەجێكردنەوە كە ڕەچاوی ژینگەدۆستی و كەم خەرجی كراوە.
وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، بەپێی ڕێنمایی ژمارە 3ـی ساڵی 2025، تۆماركردنی تاكسی نوێ دەچێتە بواری جێبەجێكردن. بە نوسراوی ژمارە 12هەزار و 871 لە هەنگاوێكی نوێدا وەزارەتی ناوخۆ بە ئامانجی نوێكردنەوەی تاكسی لە سەرتاسەری هەرێم و بەرزكردنەوەی ئاستی پاراستنی ژینگە و باشتركردنی خزمەتگوزاری سەرنشینەكان و جێبەجێكردنی ستانداردی تەكنیكی نوێ، دەرگای تۆماركردنی تاكسی نوێ، دوای چەندین ساڵ وەستان، دەكاتەوە.
ئاماژەی بەوەشدرا، بەپێی رێنماییە نوێیەكە، تەنیا ئەو ئۆتومبیلانەی ستانداردە تایبەتەكانی ژینگەیی و تەكنیكییان تێدایە، هەروەها بە شێوەی یاسایی و فەرمی هێندراونەتە هەرێمی كوردستان، مافی تۆماركردنییان وەكوو تاكسی دەبێت، لەوانە: ئەو ئۆتۆمبیلانەی كە تەنیا بە بەنزین كاردەكەن، ئەو ئۆتۆمبیلانەی لە بنەڕەتدا تەنیا بە غازی شل (LPG) كاردەكەن، هەروەها ئۆتۆمبیلی هایبرید و ئۆتۆمبیلی تەواو كارەبایی (EV)، ئاسانكاری تۆماركردنیان وەكوو تاكسی بێ ڕسوومات بۆ كراوە وەكوو هاندان بۆ ئۆتۆمبیلی كەمخەرجی و دۆستی ژینگە.
وەزارەتی ناوخۆ باسی لەوەش كرد، بە گوێرەی ئەو ڕێنماییە هیچ ژمارەیەكی تاكسی لەسەر ئاستی كوردستان زیاد نابێت، بەڵكوو ئەو تاكسیانەی هەن خاوەنەكانیان دەتوانن سوود لە تابلۆكانیان وەربگرن بۆ تاكسی مۆدێل نوێ (كە ژمارە كاتی بن یان ئۆتۆمبیلی دوایین سێ مۆدێل تۆماركراو بن) و تاكسییە كۆنەكانیش بكرێنەوە ئۆتۆمبیلی تایبەت و تابلۆی تایبەتیان بێ خەرجی دارایی پێ دەدرێت.
رونیشیكردەوە، بە گوێرەی ڕێنماییە نوێیەكە، ڕەنگی تاكسی نوێ هەمان ڕەنگی تاكسی كوردستان بە كۆدی (4Q0) دەبێت و خاوەن تاكسی دەتوانێت لە كوردستان بەم كۆدە تاكسییەكەی بۆیە (صبوغ) بكات یان لە كۆمپانیایەوە بەم ڕەنگ و كۆدە بەردەست بێت بۆ كڕین. تاكسییە كۆنەكانیش بە گوێرەی خواستی خاوەنەكەی بۆیە دەكرێنەوە بە هەر ڕەنگێكی پەسندكراو جگە لە ڕەنگی تاكسی.
وەزارەتی ناوخۆ دەشڵێت: پێویستە ئۆتۆمبیلەكان تازە هاوردە كراو بن و پێوەرەكانی سەلامەتی، تەكنیكی، و ژینگەیی تێدا بێت كە لە رێنمایی هاوردەكردنی ئۆتۆمبیل ژمارە 7ـی 2021، هەمواركراودا دیاریكراون، تەنیا ئۆتۆمبیلەكانی سێ ساڵی مۆدێلی كۆتایی پەسندكراون بۆ گۆڕین بۆ تاكسی.
لە ڕێنماییە نوێیەكەدا، بۆ ئۆتۆمبیلی هایبرید و تەواوكارەبایی، 74 جۆر و بۆ ئۆتۆمبیلی بەنزین، 89 جۆر وەكوو پاشكۆ دیاركراون كە ڕێگاپێدراون بۆ تاكسی بگۆڕدرێن.