لە ئەمڕۆوە جووتیارانی قوشتەپە دەتوانن گەنمەكانیان ڕادەستی سایلۆ بكەن

3 رۆژ پێش ئێستا

نەوا-
هێمن قادر سەرۆكی لێژنەی بەبازاڕكردنی گەنمی جووتیاران لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا سەبارەت بە وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لە هەولێر ئاماژەی بەوەدا، بەپێی ئەو خشتەیەی دانراوە، لە ئەمڕۆوە جووتیارانی قوشتەپە، شەمامك، خەبات بەدوای یەكدا، دەتوانن گەنمەكانیان ڕادەستی سایلۆكان بكەن بەو نرخەی بۆیان دیاریی كراوە .
هەروەها ، داوای لە جووتیارانیش كرد، بەپێی ئەو خشتەیەی بۆیان دانراوە، گەنمەكانیان بگەیەننە سایلۆكان و ڕادەستی بكەن و بە خشتەكەوە پابەند بن.
سەرۆكی لیژنەی بە بازاڕكردنی گەنمی جووتیاران باسی لەوەشكرد، جووتیاران دەتوانن لەهەر كەموكووڕی و تێبینییەك كە هەیانبێت، دەستبەجێ بەڕێوەبەرایەتیی دانەوێڵەی هەولێر و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كشتوكاڵی هەولێر، لەگەڵ لێژنەی باڵای بەبازاڕكردنی گەنمی جووتیاران ئاگادار بكەنەوە، بۆ ئەوەی چارە بكرێت.
راشیگەیاند، وەزارەتی بازرگانیی عێراق بۆ یەك تۆن گەنمی بەراو، نرخی 850 هەزار دیناری بۆ دیاریی كردووە، هاوكات بۆ گەنمی دێمی، نرخی 800 هەزار دیناری بۆ یەك تۆن داناوە بەپێی كوالێتی گەنمەكە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group