نەوا-
لەڕێگەی یاداشتێكەوە كۆمەڵەی هەنگەوانان داوای رێگریكردن لەهەنگوینی ساختە دەكەن كە لەبازاڕدا بەشیلەو هەنگوینی خۆماڵی دەفرۆشرێت.
قائیمقامیەتی سلێمانی بڵاویكردەوە، ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی پێشوازی لە كۆمەڵەی هەنگەوانان و مامۆستایەكی زانكۆ كردوە كە لەڕێگەی یاداشتێكەوە داوایانكردوە رێگری بكرێت لەهەنگوینی ساختە كە لە بازاڕدا بە هەنگوین و شیلەی خۆماڵی دەفرۆشرێت، داواشیكردوە هەمولایەك هاوكاری لیژنەكانبن تا تەندروستی و ژیانی هاوڵاتیان پارێزراو بێت.
لەوبارەیەوە قائیمقامی سلێمانی رایگەیاندوە، لەڕێگەی لیژنەكانیانەوە سەرجەم نوسینگە كشتوكاڵیەكان و دوكانەكانی فرۆشتی دەرمان و پێداویستی هەنگەوانانیان ئاگادار كردوەتەوە كە لەژێر چاودێری لایەنی پەیوەندیدارو رێنماییەكانیاندا كار بكەن و مۆڵەتی فەرمیان هەبێت، لیژنەكان بەردەوام لەگەڕان و بەدواداچوندان و نابێت بەهیچ شێوەیەك شیلە بەهەنگوین بەهاوڵاتیان بفرۆشرێت، ئەوەشی شیلەی ساختە بەهەنگوین بفرۆشێت روبەڕوی لێپرسینەوەی یاسایی دەبێتەوە.