نەوا-
سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەسەر پرسی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم كۆبونەوە.
ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە راگەیەنراوێكدا بڵاویكردوەتەوە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و مەحمود مەشهەدانی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق كۆبونەوەو گفتوگۆیان كردوە لەسەر هەوڵی نێوەندگیری تایبەت بە چارەسەركردنی قەیرانی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەپێی یاساو دەستور.
راشگەیەنراوە، لەكۆبونەوەكەدا گفتوگۆی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و ناوەند لەچوارچێوەی دەستورو یاسادا كراوەو پێویستی دورخستنەوەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم و هەوڵدان بۆ چارەسەركردنی دور لە ناكۆكییە سیاسییەكان كراوە، هەروەك گفتوگۆی چارەسەرییەكانیش لە كەشێكی ئەرێنیدا بەڕێوەچون، هەردولاش ئامادەیی خۆیان بۆ دەستپێكردنی گفتوگۆیەكی جدی دەربڕیوە لەپێناو چارەسەركردنی ئەو قەیرانە.
هەروەها ئەنجومەنی نوێنەران راشیگەیاندوە، ئەنجومەنی نوێنەران رۆڵی سەرەكی هەیە بۆ كۆكردنەوەی لایەنەكان و ئەو چارەسەریانەی هەردو حكومەتی هەرێم و ناوەند پێشكەشی دەكەن تاكو بگەنە پەیوەندییەكی كارگێڕی یەكانگیر، لە رۆژانی داهاتودا گفتوگۆی زیاتر بۆ گەیشتن بە چارەسەرییەكان دەكرێت.