نەوا-
وەزیری تەندروستی هەرێم رایدەگەیەنێت، هەر دەرمانێك بەشێوەی ئۆنلاین بفرۆشرێت قاچاغ و نایاساییە پێویستە هاووڵاتیان خۆیانی لێ بەدور بگرن.
سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێم رایگەیاندوە، پێویستە هاووڵاتیان پابەندی ئەو رێنماییانەبن كە دەریدەكەن و لە بەرژەوەندیاندایە، ئەوانەی لەڕێگەی ئۆنلاینەوە ریكلام بۆ هەندێك جۆری دەرمانی قەڵەوی و سپیكردنەوەی پێست و ددان و لابردنی مو دەكەن، بەهیچ جۆرێك رێگەپێدراو نین و دەرمانی قاچاغن زۆرێك لەوانە رێكاریان بەرامبەر گیراوەتەبەرو دراونەتە دادگا، بۆیە داوا لە هاوڵاتیان دەكەن لەو جۆرە دەرمانانە خۆیان بەدور بگرن كە لەڕێگەی ئۆنلاینەوە دەفرۆشرێن.
وەزیری تەندروستی راشیگەیاندوە، سەرچاوەی ئەو كەسانەی ئەو كارە دەكەن و ئەو جۆرە دەرمانانە دەفرۆشن دیار نییە تەنها لەڕێگەی ئۆنلاین و لەڕێگەی تەلەفۆن و سۆشیال میدیا دەرمانەكان دەفرۆشن و بە تاكسی بۆ خەڵكی رەوانە دەكەن، بۆیە با هاوڵاتیان ئاگاداربن ئەو دەرمانانە نەكڕن و پارەی خۆیان بەفیڕۆ نەدەن.