نەوا-
بەپێی راگەیەنراوێكی فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكان ، هێزێكی ئەمنی هاوبەش لە فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەكانی كەركوك و پۆلیسی كەركوك بەسەرپەرشتی فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكان، فەرمانی دەستگیركردنیان بۆ حەوت كەس جێبەجێكردوە كە تۆمەتبار بونن بە دەستدرێژیكردنە سەر خێزانێك لە پارێزگای كەركوك، كە هێرشیان كردوەتە سەر ماڵی ئەو خێزانەو تەقەیان كردوەو هەوڵی رفاندنی یەكێك لە كوڕەكانیان داوە.
هەر لە راگەیەنراوەكەدا هاتوە، ئەو هێرشە لەلایەن پاسەوانەكانی پەرلەمانتار موهەیمین ئەلحەمدانی ئەنجامدراوە هەروەها هێرشیانكردوەتە سەر ئەفسەرێكی سوپا كە هەوڵیداوە رێگری بكات لە روداوەكە. هێزە ئەمنییەكان بەردەوامن لە گەڕان و لێكۆڵینەوەكانیان بۆ دەستگیركردنی سەرجەم ئەو كەسانەی دەستیان لەڕوداوەكەدا هەبوە.