حەشدی شەعبی: لە سلێمانی بەشداریمان لە دەستگیركردنی بازرگانێكی ماددە هۆشبەرەكاندا كرد

1 کاتژمێر پێش ئێستا عێراق

نەوا-
دەستەی حەشدی  شەعبی دەڵێت، بەشدارییان لە ئۆپەراسیۆنێكدا كردووە بۆ دەستگیركردنی بازرگانێكی ماددەی هۆشبەر لە سلێمانی.
دەستەی حەشدی شەعبی ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی هەوڵەكانی بەهێزكردنی ئاسایش و سەقامگیری هێزێكی هاوبەش لە بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكان لە كەركووك، بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایشی دەستەی حەشدی شەعبی، ئۆپەراسیۆنێكی ئەمنییان لە پارێزگای سلێمانی ئەنجامدا بۆ دەستگیركردنی یەكێك لە دیارترین بازرگانەكانی ماددە هۆشبەرەكان لە ناوچەكەدا.
حەشدی شەعبی باسی لەوەشكرد ، لە كاتی پشكنینی شوێنی ڕووداوەكەدا، هێزەكە دەستی بەسەر 3  كیلۆگرام ماددەی حەشیشەدا گرت كە لەناو ئامێری فیلتەری ئاودا شاردرابووەوە بۆ ئەوەی ماددە هۆشبەرەكان لە چاوی دەزگا ئەمنییەكان بشارێتەوە.
ئەوەشی خستەڕوو كە بەردەوام دەبن لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنە مەیدانییە پێشوەختەكان بۆ ڕاوەدوونانی بازرگانان و بڵاوكەرەوەكانی ماددە هۆشبەرەكان، هەروەها پاراستنی كۆمەڵگە لەم پەتایە و تۆڕە تاوانكارییەكانی.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group