نەوا-
وەزارەتی سامانە سروشتییەكان ئاشكرایكرد، تا ئێستا زیاتر لە 120 ملیۆن لیتر نەوتی سپی بەسەر زیاتر لە 601 هەزار خێزانی هەرێمی كوردستاندا دابەش كراوە.
وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان ئاماری تایبەت بە دابەشكردنی نەوتی زستانی ئەمساڵی بڵاوكردەوە و رایگەیاند، كە تا ئەمڕۆ سێشەممە، 120 ملیۆن و 294 هەزار و 200 لیتر لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكاندا دابەش كراوە.
باسی لەوەشكرد، زۆرترین نەوت لە سنووری پارێزگای سلێمانی دابەشكراوە كە 93٪ی پارێزگاكەی گرتووەتەوە و دوای ئەویش ئیدارەی سۆران 92٪ و پارێزگای هەڵەبجەش لە پلەی سێیەمدایە كە 85.5٪ی خێزانەكان نەوتیان وەرگرتووە،كەمترین ڕێژەش لە زاخۆ دابەش كراوە كە 18٪یە.
وەزارەتی سامانە سروشتییەكان ئاشكراشیكرد، تا ئەمڕۆ نەوت بەسەر 601 هەزار و 471 خێزاندا دابەش كراوە و 488 هەزار و 252 خێزانیش ماون كە نەوت وەربرگرن.