وەزارەتی دەرەوەی عێراق: هیچ وڵاتێك بۆی نییە دەست لە دیاریكردنی سنووری دەریایی وەربدات

2 کاتژمێر پێش ئێستا عێراق

نەوا-
وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، رادەستكردنی سنووری دەریایی بە نەتەوە یەكگرتووەكان بە بڕیاری حكومەت بووە و پشتی بە یاسا بەستووە.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق روونكردنەوەیەكی لەبارەی رادەستكردنی نەخشەی سنووری ئاوی عێراق بڵاوكردەوە و رایگەیاند، ئەو هەنگاوە بەگوێرەی بڕیاری ژمارە 266ـی ساڵی 2025ـی حكومەت بووە و پشتی بە چەند یاسا و بڕیارێك بەستووە.
 وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوەدا، بڕیاری دیاریكردنی سنووری دەریایی عێراق بۆ تەواوكردنی رێكارە یاساییە پەیوەندیدارەكانی پێشووە، كە پشتی بە پۆتانی ورد بەستووە لەبەرچاوگرتنی گۆڕانكارییەكان لە یاسای نێودەوڵەتیی كەشتیوانیدا.
 ئەو وەزارەتە جەختی لەوە كردووەتەوە، دیاریكردنی مەودای دەریایی لە رێگەی رێككەوتنی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ یاسا دەریاییەكان، پرسێكی سەروەرییە و بۆ هیچ وڵاتێك نییە دەستوەردان بكات.
 حكومەتی كوێت لە 21ـی شوباتدا بە فەرمی ناڕەزایەتی بەرامبەر بڕیارەكەی عێراق دەربڕی و تۆمەتباری كرد بەوەی لە رێگەی نەخشە نوێیەكانییەوە، "دەستوەردان" لە سەروەریی خاك و ئاوەكانیدا دەكات.
 بۆ تاوتوێكردنی ئەو پرسە، فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق و بەدر بوسعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان بە تەلەفۆن قسەیان كردووە و  لەو پەیوەندیەدا فوئاد حوسێن ئاماژەی بەوەداوە كە پێشتر لە ساڵی 2014 كوەیت بەبێ راوێژ لەگەڵ عێراق نەخشەی سنووری دەریاوانی خۆی رادەستی نەتەوە یەكگرتووەكان كردووە لەكاتێكدا حكومەتی عێراق رادەستكردنی ئەو نەخشانەی داخستووە.   

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group