نەوا-
پۆلیسی ئێران ئاشكرایكرد، دەیان كەسیان بە تۆمەتی سیخوڕیكردن و ناردنی زانیاریی هەستیار بۆ دوژمنان دەستگیركردووە.
فەرماندەیی پۆلیسی كۆماری ئیسلامی ئێران لە راگەیەنراوێكدا، دەستگیركردنی 50 كەسی راگەیاند و ئاماژەی بەوەدا، لە سەرتاسەری ئێران هەڵمەتێكیان بۆ دەستگیركردنیان جێبەجێ كردووە و ئەو كەسانە وێنەی شوێنە هەستیارەكانیان بۆ دوژمنان ناردووە.
لە راگەیندراوەكدا باس لەوەشكراوە، دەستگیركراوەكان لە چەندین شار و ناوچە، وێنەی شوێنە هەستیار و گرنگەكانی وەك دامەزراوەكان، ژێرخانی خزمەتگوزارییەكان، بازگەكان و شوێنی مانەوەی هێزە ئەمنییەكانیان بۆ دوژمنان ناردووە و لە پێدانی زانیاریدا هاوكارییان كردوون.
فەرماندەی پۆلیسی ئێران ئاماژەی بەوەشداوە، ئەو كەسانە نەك تەنیا زانیارییان لەسەر شوێنەكان داوە، بەڵكوو لۆكەیشنی شوێنەكانیشیان ناردووە، بەو هۆیەوەش لە لایەن دوژمنـەوە هێرش كراوەتە سەر ئەو ناوچانە.
لە كۆتایی راگەیەنراوەكەدا هاتووە، لە هەڵمەتە ئەمنییەكاندا، توانراوە دەست بەسەر چەندین ئامێری تایبەت، ئامێری ئەلیكترۆنیی پەیوەندیكردن، ئامێری بەستراوە بە مانگی دەستكرد و چەندین جۆر چەكدا بگیرێت.