نەوا-
لیژنەی ئەمنیی پارێزگای هەڵەبجە بڕیارێكی نوێی بۆ رێكخستنی ناوبازاڕ و پاراستنی ئارامیی شارەكە دەركرد و هۆشداریی توند دەداتە سەرپێچیكاران.
بەگوێرەی راگەیەنراوێكی لیژنەیی ئەمنی پارێزگای هەڵەبجە، لە ئەمڕۆوە27-4 بە هەموو شێوەیەك هاتوچۆكردنی ماتۆڕسكیل و ئەو ئۆتۆمبێلانەی ناسنامەیان دیار نییە واتا(بێسەرەتا)ن، لە ناو بازاڕ و شوێنە گشتییەكاندا قەدەغە كرا.
هەروەها، لیژنەی ئەمنیی پارێزگای هەڵەبجە، داوا لە هاووڵاتیان و خاوەنی ئەو ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسكیلانە دەكات پابەندی بڕیارەكە بن، بە پێچەوانەوە هەر كەسێك سەرپێچی بكات، دەستبەجێ دەست بەسەر ئۆتۆمبێل یان ماتۆڕسكیلەكەیدا دەگیرێت و خاوەنەكانیان رووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی توند دەكرێنەوە.
ئەمە لە كاتێكدایە، ئەم هەنگاوەی لیژنەی ئەمنی هەڵەبجە لە چوارچێوەی هەوڵەكان دێت بۆ كەمكردنەوەی قەرەباڵغی و رێگریكردن لەو سەرپێچییانەی كە سیمای شار و ئارامیی هاووڵاتیان دەشێوێنن.