بۆچی (کورد) دژی عەللاوی بوو؟

كاوە محەمەد

02/03/2020

هەرچەندە هەموو کورد نا، بەڵام پارتی بەپلەی یەکەم و دواتریش هەموو هێزە سیاسییە کوردستانییەکان دژی هەوڵەکانی (د.محەمەد تۆفیق عەللاوی) بۆ پێکهێنانی کابینەکەی وەستانەوە. ئەوە جگە لەچەند پەرلەمانتارێکی کورد، زۆرینەی پەرلەمانتارانیش لەسەر بڕیاری حزبەکانیان لەگەڵ دەنگدان بە عەلاوی و کابینەکەی نەبوون..
پرسیاری جەوهەری لێرەدا ئەوەیە کە بۆچی (کورد) لەدژی عەللاوی وەستایەوە ؟ لەکاتێکدا وەک ژمارەی وەزارەت بیگریت، ئامادەبوو لەهی کابینەکەی ئێستای (د.عادل عبدالمهدی) وەزارەتی زیاتر بداتە کورد کە جگە لە سێ وەزارەت، جێگرێکی سەرۆک وەزیرانیش لەکورد دابنێت. لەوەش گرنگتر ئامادەبوو بەڵێننامەی نووسراو بۆ کورد ئیمزا بکات بۆ جێبەجێکردنی ماف و داواکارییەکانی لەمووچە و شایستە داراییەکانی پێشمەرگە و جووتیاران و مادەی 140و ئەمنیەتی ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکان، من رۆژی 3/1 لەکۆبوونەوەیەکدا راستەوخۆ ئەمەم بە سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی وت کە ئەگەر ئەوان شەڕ لەسەر دانانی وەزیرەکانی خۆیان ناکەن. فەرموو ئەوە (د.عەللاوی) ئامادەیە داواکارییەکانمان بۆ جێبەجێ بکات، بۆچی ئێمەی کورد دەنگ بە کابینەکەی نەدەین، داوامانکرد کە قسەیەک لەگەڵ سەرکردایەتیی حزبەکەی بکات و وەڵاممان بداتەوە، چونکە هەموو فراکسیۆنەکان ئەو قەناعەتەمان بۆ دروستبببوو، تەنها پارتی مابوو بێتە سەر ئەو رایە..بەڵام بەداخەوە ئەو وەڵامەمان وەرنەگرتەوە تا جەلسە بەبێ نیساب بڵاوەی پێکرا و دواتریش د.عەلاوی لەراسپاردنەکەی کشایەوە.
ئاخر بەراستی جێی خۆیەتی بپرسین (کورد) بۆچی ئاوا سەنگەری لە (د.عەللاوی) گرت و بووە هاوکار و هاوپەیمانی رەمزە هەرە گەندەڵەکانی سوننە و شیعە بۆ شکستپێهێنانی. بەتایبەتیش بۆ ئێمە زۆر گرنگ بوو کە لەگەڵ کەسێک رێککەوین لاوازە و پێویستی زۆری پێمانە، بەتایبەتیش لەو کاتانەی بەشێک لەشیعەکانیش پشتیان تێکرد و لەبەڵێنەکانی پێشووی خۆیان پاشگەزبوونەوە..
بەبڕوای من هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە (د.عەللاوی) جیا لەسەرۆک وەزیرانەکاتی پێشتر هیچ حیسابێکی بۆ حزبەکان و دەسەڵاتدارانی هەرێم نەکرد، سەردانی هەولێری نەکرد تا هەندێ بەرپرسی کورد دەروونی پڕ لەگرێیان ئارام ببێتەوە، ئامادەنەبوو هەندێ وەزیر دووبارە بخاتەوە کابینەکە، هەر بۆیەش هەوڵیاندا بەرگێکی کوردستانی لەبەر ئەو گرێ دەروونییەیان بکەن و بۆ ئەو مەبەستە بەپەلە سەرۆکی هەرێم لایەنە سیاسییەکانی هەرێم و فراکسیۆنەکانی بەغدای کۆکردەوە و وەفدی هاوبەشیان پێ پێکهێنان و رەوانەی بەغدایان کردن، جێی خۆشحاڵی بوو کە (د.عەللاوی) هەر لەسەر کەللە رەقییەکەی خۆی بەردەوام بوو و رازی نەبوو وەزیری حزییان بۆ دابنێت، لەم رێگەیەشەوە توانیان گروپی 15ی فراکسیۆنە کوردستانییەکان لەیەکتربترازێنن و لای (د.عەللاوی)ش بەدگومانی لەسەر گروپەکە دروستبکەن. چونکە نوێنەرانی گروپەکە دووجار لەگەڵی کۆبووینەوە و یاداشتێکی 11 خاڵیشمان لەبارەی ماف و داواکارییە کوردستانی و عیراقییەکان پێشکەشکردبوو، کەچی حزبەکانی پێکهێنەری ئەو گروپە لەوەفدە هاوبەشە کوردستانییەکەش بەشداربوون کە پارتی سەرۆکایەتی دەکرد. ئینجا هاتن ئاراستەی ئەم پرسەیان وا گۆڕی کە گوایە بۆ پاراستنی کیانی دەستووری هەرێم و سەروەری و کۆمەڵێ دەستەواژەی دیکەی ئاوا دژی د.عەللاوی-ن و میکانیزمی پێکهێنانی کابینەکەیان بەدڵ نیيە!..
من لەنزیکەوە ئاگادارم کە بۆ مووچەی خەڵکی هەرێم وتی سواڵم کردبێت ناهێڵم مووچەی هەرێم کێشەی بۆ دروستببێت، ئامادەبوو شایستە داراییەکانی ساڵانی (2014، 2015و 2016)ی جووتیاران سەرف بکات و مووچەی پێشمەرگە بنێرێت و هەندێ بەڵێنی دیکەی تایبەت بە مادەی 140و ناوچە دابڕێنراوەکانیش..
ئیتر نازانم بۆ ئەو وەفدە هاوبەشە لەگەڵی نەگەیشتنە رێککەوتن ؟ ئەو قەوانە قەومەچیە چیيە دیسان دەشریخێنێت کە گوایە کورد سەرکەوتن و دەستکەوتی مێژوویی بەدەستهێناوە و سەرۆکی پارتی سوپاسی لایەنە سیاسییەکانی کورد دەکات کە بە یەکڕیزی-ەوە ئەو (دەستکەوتە مێژووییە)یان بدەستهێناوە! ..لەکاتێکدا هەموو دەستکەوتەکە بریتییە لەتێرکردنی غروری چەند دەسەڵاتدارێکی کورد و جارێکی دیکە سەلماندنی ئەوەی کە هیچ حکومەتێک لە عیراق پێکنایەت ئەگەر بۆ ئەوان نەگەڕێنەوە و موبارەکەی نەکەن، ئینجا با ئەو کابینەیە ئامادەبێت هەموو ماف و داواکارییەکانی کورد بسەلمێنێت و وەزیری زیاتریش بە کورد بدات.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group