دوای ئه‌وه‌ی پێنجشه‌ممه‌ی ڕابردوو حكومه‌تی توركیا سنوره ئاوی و وشكانییه‌كانی كرده‌وه بۆ كۆچبه‌ران تاوه‌كو به‌ره‌و ئه‌روپا كۆچ بكه‌ن، بارودۆخی سنوره‌كانی ئه‌و وڵاته له‌گه‌ڵ یۆنان چووه دۆخێكی ناله‌بار و گرژییه‌كی زۆره‌وه، به‌ڵام پرسیاری سه‌ره‌كی بۆ گه‌نجان و خه‌ڵكی هه‌رێم ئه‌وه‌یه ئایا ئێستا كاتی كۆچكردنه؟ وه‌ڵامی پرسیاره "نه‌خێره" به‌ڵام له‌م بابه‌ته‌دا هه‌وڵ ده‌ده‌م به شیكردنه‌وه‌ی و به‌ڵگه و هۆكاری ورد و باوه‌ڕپێكراو به خه‌ڵك و گه‌نجانی ئه‌م هه‌رێمه بڵێم بۆچی ناكرێت له‌ئێستادا كۆچ بكه‌ن. سه‌ره‌تا پێویسته ئه‌و كه‌سانه‌ی بیر له كۆچی نائاسایی ده‌كه‌نه‌وه له‌وه تێبگه‌ن كه بڕیاری توركیا بۆ كردنه‌وه‌ی سنوره‌كانی بڕیارێكی سیاسییه و كارتێكی فشاره بۆسه‌ر وڵاتانی یه‌كێتی ئه‌وروپا تاوه‌كو هاوكاری بكه‌ن له كێشه و ئاڵۆزییه‌كانی ئیدلیب له سوریا، بۆیه له هه‌ر كات و ساتێك‌دا ده‌شێ توركیا بڕیاره‌كه‌ی ڕابگرێت و جارێكی تر سنوره‌كانی دابخاته‌وه و كۆچبه‌رێكی زۆر له‌نیوه‌ی ڕێگادا گیر بخۆن. هه‌رچه‌نده حكومه‌تی توركیا بۆ به‌دی هێنانی مه‌رامه‌كان به‌زۆر پاڵ به كۆچبه‌رانه‌وه ده‌نێت تاوه‌كو كۆچ بكه‌ن و پاس و ئۆتۆمبێلیان بۆ ده‌گرێت تا بیانگوازنه‌وه، ئه‌وه‌تا به‌پێی ئاماری فه‌رمی حكومه‌تی توركیا تاوه‌كو ئێواره‌ی دوێنێ سێشه‌ممه، زیاتر له 134 هه‌زار كۆچبه‌ر خۆیان گه‌یاندووه‌ته سنوره‌كانی توركیا له‌گه‌ڵ یۆنان، ئه‌م ئاماره ده‌كرێت زیاده‌ڕه‌وی تێدا كرابێت بۆ ڕاكێشانی زیاتری ڕای جیهان. به‌ڵام ئه‌وه‌ی دۆخه‌كه‌ی زیاتر ئاڵۆز كردووه، وه‌ڵامی و په‌رچه كرداری حكومه‌تی یۆنانه له به‌رانبه‌ر قه‌یرانه‌كه، یۆنان به پشتگیری وڵاتانی تری ئه‌وروپا و ئه‌مریكا به هیچ جۆرێك ڕێگه نادات كۆچبه‌ر به سنوره‌كانیدا تێپه‌ڕ ببێت. حكومه‌تی یۆنان به‌په‌له به‌شێكی زۆر له هێزه ده‌ریایی و وشكانییه‌كی ناردووه‌ته ئه‌و سنورانه و به هه‌موو شێوه‌یه‌ك ڕێگری له كۆچبه‌ران ده‌كه‌ن ده‌ربازی سنوره‌كانی ببن، تا نوسینی ئه‌م بابه‌ته‌ش كۆچبه‌ران به به‌رد و خۆپیشاندان هه‌وڵ ده‌ده‌ن سنوره‌كان تێبپه‌ڕێنن، به‌ڵام هێزه ئه‌منییه‌كانی یۆنان به گازی فرمێسك‌ڕێژ و گولـله ڕێگری ده‌كه‌ن، به‌پێی ئاماری فه‌رمی، تاوه‌كو ئێواره‌ی دووشه‌ممه، ڕێگری له 24 هه‌زار كۆچبه‌ر كراوه و ڕێگه نه‌دراوه هیچ كامیان ده‌ربازی سنوره‌كانی یۆنان بن و چه‌ندین كۆچبه‌ر بریندار بوون. دۆخه‌كه له ڕێگا ده‌ریاییه‌كانه‌وه ئاڵۆزتره، زۆرێك له كۆچبه‌ران هه‌وڵ ده‌ده‌ن به به‌له‌می بچوكی نه‌شیاو خۆیان بده‌نه ده‌ستی ئه‌و ده‌ریا مه‌زنه، به‌داخه‌وه ڕۆژی دووشه‌ممه منداڵێك به‌هۆی وه‌رگه‌ڕانی به‌له‌مه‌كه‌یان له نزیكی دورگه‌ی لیسبۆسی یۆنانی كه 42 كۆچبه‌ری تێدا بووه گیانی له‌ده‌ستدا، دوو منداڵی تریش به بێهۆشی گه‌یه‌نراونه‌ته نه‌خۆشخانه. به‌داخه‌وه ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه و به‌پێی هه‌واڵی میدیا توركییه‌كان، كۆچبه‌رێكی تر له سنوره‌كاندا و به‌هۆی ته‌قه‌ی ڕاسته‌وخۆی هێزه سنورییه‌كانی یۆنان كوژراوه، پێنجی تریش بریندار بوون. زیاتر له‌وه‌ش، ئه‌وه‌تا چه‌ندین گرته ڤیدیۆیی له میدیا جیهانییه‌كان بڵاوكراونه‌ته‌وه كه چۆن هێزه ده‌ریاییه‌كانی یۆنان به ئه‌نقه‌ست ده‌یانه‌وێت به‌له‌مه‌كانی كۆچبه‌ران وه‌رگه‌ڕێنن و نوقمی بكه‌ن بۆئه‌وه‌ی نه‌هێڵن بگه‌نه سنوره وشكانییه‌كانی یۆنان، له دیمه‌نێكدا (لێره‌وه ته‌ماشای بكه) ده‌رده‌كه‌وێت كه سه‌ربازانی یۆنان به‌سه‌ر كه‌شتییه‌كه‌وه هه‌وڵ ده‌ده‌ن به سه‌وڵ و گولـله به‌له‌مێكی كۆچبه‌ران وه‌رگه‌ڕێنن. له گرته ڤیدیۆییه‌كی تردا ده‌رده‌كه‌وێت كه كه‌شتییه سه‌ربازییه‌كان به خیراییه‌كی زۆر به‌لای به‌له‌می كۆچبه‌راندا تێپه‌ڕ ده‌بن بۆئه‌وه‌ی شه‌پۆلێكی گه‌وره دروستبكه‌ن تاوه‌كو به‌له‌مه‌كان وه‌رگه‌ڕێن (لێره ته‌ماشای بكه). كه‌واته زۆر گرنگه گه‌نجانی هه‌رێمی كوردستان بزانن كه كردنه‌وه‌ی سنور له‌لایه‌ن توركیاوه مانای ڕێگه‌دان به كۆچكردن نایه‌ت، له‌م ڕووه‌وه وڵاتانی ئه‌وروپا و ئه‌مریكا پشتگیری یۆنان ده‌كه‌ن، ئه‌وه دوێنێ سێشه‌ممه سه‌رۆكی كۆمسیۆنی ئه‌وروپا خۆی گه‌یانده یۆنان و پشتگیری یه‌كێتییه‌كه‌ی بۆ هه‌وڵه‌كانی یۆنان بۆ ڕێگری له كۆچبه‌ران ده‌ربڕی. ئورسولا ڤۆن ده‌ر له‌ین، سه‌رۆكی كۆمسیۆنی ئه‌وروپا وتی، "كاری هه‌ر له پێشینه‌مان گه‌ره‌نتیكردنی ئاسایشی سنوره‌كانی یۆنانه كه سنوری یه‌كێتی ئه‌وروپاشه." هه‌روه‌ها دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مریكا به ته‌له‌فۆن په‌یوه‌ندی به كیریاكوس میتسوتاكیس، سه‌رۆكوه‌زیرانی یۆنانه‌وه كرد و پشتگیری خۆی بۆ ڕوبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی شه‌پۆله‌كه ده‌ربڕی. با بێینه سه‌ر دۆخی كه‌مپه‌كانی یۆنان، له‌ئێستادا زیاتر له 42 هه‌زار كۆچبه‌ر له كه‌مپه‌كانی یۆنان‌دا له دۆخێكی زۆر خراپ‌دا ده‌ژین، به‌پێی ئاماری نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، ئه‌و كه‌مپانه كه له پێنج دورگه‌ی ئه‌و وڵاته دروستكراون ته‌نها توانای له‌خۆگرتنی شه‌ش هه‌زار و 200 كۆچبه‌ری هه‌یه و به به‌رده‌وامی كۆچبه‌ران خۆپیشاندان ده‌كه‌ن له‌دژی خراپی بارودۆخ و نه‌بوونی خزمه‌تگوزارییه سه‌ره‌تاییه‌كان. له به‌رانبه‌ردا، هاوڵاتیانی ڕه‌سه‌نی یۆنانی چه‌ندینجار خۆپیشاندانیان ئه‌نجامداوه له‌دژی كۆچبه‌ران و زۆری كۆچبه‌ر له وڵاتاكانیان، زۆرجاریش كۆچبه‌ران و خه‌ڵكی ناوچه‌كه به شه‌ڕ هاتوون. حكومه‌تی یۆنان به هه‌موو شێوه‌یه‌ك یاساكانی توندتر كردووه‌ته‌وه، له‌دوای كردنه‌وه‌ی سنور له‌لایه‌ن توركیاوه، یۆنان ده‌ستبه‌جێ وه‌رگرتنی داواكاری مافی په‌نابه‌ری بۆ ماوه‌ی یه‌ك مانگ وه‌ستاند، هه‌روه‌ها له سه‌ره‌تای ئه‌مساڵدا و بۆ ڕێگری ته‌واوه‌تی له كۆچبه‌ران، وه‌زاره‌تێكی سه‌ربه‌خۆی به كۆچ دامه‌زراند كه پێشتر ئه‌و وه‌زاره‌ته له یۆنان نه‌بووه. له‌ئێستادا كۆرۆنا له زیاتر له 70 وڵاتی جیهان بڵاوبووه‌ته‌وه و ڕوبه‌ڕوبوونه‌وه‌شی بووه‌ته كاری له‌پێشینه‌ی زۆربه‌ی وڵاتان، گرنگترین خۆپاراستنیش قه‌ده‌غه‌كردنی كۆبوونه‌وه و گردبوونه‌وه‌ی به‌كۆمه‌ڵی خه‌ڵكییه، بۆیه بڵاوبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا له‌وناو ئه‌و ژماره زۆربه‌ی كۆچبه‌راندا كه له چه‌ند وڵاتێكه‌وه هاتوون زۆر ئه‌سته‌م نییه، خوانه‌خواسته ئه‌گه‌ر بێتوو نه‌خۆشییه‌كه بڵاوبێته‌وه، به‌هۆی نه‌بوونی تیمی پزیشكی له‌سه‌ر سنور و فه‌رامۆشكردنی كۆچبه‌ران له‌لایه‌ن هه‌ردوو وڵاته‌وه، كاره‌ساتێكی مرۆیی ڕووده‌دات. جیا له‌وه‌ش، كه‌شوهه‌وا به هیچ شێوه‌یه‌ك له سودی كۆچبه‌ران نییه، له‌م كاته‌دا كه وه‌رزی سه‌رما و باران بارینه، كۆچبه‌ران له كه‌شوهه‌وایه‌كی ناله‌باردا ده‌ژین و ئاستی ئاو و شه‌پۆلی ده‌ریا زۆر به‌رزه كه ئه‌وه‌ش مه‌ترسی له‌سه‌ر ژیانی كۆچبه‌ران دروست ده‌كات. بۆیه له‌م كاته‌دا زۆر گرنگه خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان ئاگاداری ته‌واوی ورده‌كاریی دۆخه‌كه بێت و به زانیاری ساخته‌ی په‌یج و ماڵپه‌ڕه نافه‌رمییه‌كان تێنه‌كه‌وێت و ملی ڕێگایه‌ك بگرێت كه خوانه‌خواسته توشی كاره‌ساتێكی دڵته‌زێن بێت.