پێشئەوەی چاوەڕێی ئیدارەكەی ترەمپ بم

لوقمان غەفور

17/03/2020

من ئەمجارەش دووبارەی ئەكەمەوە، من پزیشك نیم، بەڵام ئەزانم چ ئافاتێك رویكردۆتە دنیا. رۆژی 16-1-2020 كە یەكەم هەواڵم لە سەر ڤایرۆسی كۆرۆنا كرد، ئەوكات هێشتا دوو كەس مردبوون لە چین. ئەتوانم بڵێم 99%ی خەڵكی دنیا ئاگایان لێ نەبوو چی ئەگوزەرێت. ئەو رۆژانە حكومەتی چین بازاڕی فرۆشتنی ئاژەڵ و زیندەوەرە دەریاییەكانی لەشاری وۆهان كلۆمدا و دایخست.
هێشتا ناوی زانستی نەدرابوو بە ڤایرۆسەكە، میدیاكاران دەیانووسی: جۆرێكی نوێی ڤایرۆسی كۆرۆنایە كە سەر بەخێزانی (سارس). هێشتا بەشێك لە دنیا لەخەودا بوو، بەڵام من دركم بە ئافات ئەكرد، هەر بۆیە كە رێژەكە كەمێك بەرز بۆوە و هەڵسوكەوتی كەرتی هێبی- چین-م ئەبینی، چۆن تێكچووە!، یەكەم داوام بۆ حكومەتی هەرێم بوو، تەنیا داوای خۆپاراستنم لێكرد و وتم: "ئەو سنورانە داخەن".
رۆژانە دیمەنە ترسناكەكانی شاری وۆهان و راپۆرتەكانم ئەبینی و ئەمخوێندەوە. گرتە ڤیدیۆ ترسناكەكانم لە رێگەی هاورێی چین-یەكانمە لە زانكۆ دەبینی، چۆن 10-20 كەس پێكەوە ئەمردن و ئەیانسوتاندن. بەنووسین هەندێك هەواڵم ئەگواستەوە لەرێگەی فەیسبووكەكەمەوە.
هەندێك نامەم بۆ ئەهات خەڵك بۆ ئەترسێنیت؟ بەهێمنی ئەموت نەخۆشییەك لەچین سەریهەڵداوە. هێشتا لە ئێران هیچ حاڵەت تۆمار نەكرابوو، لەنامەیەكدا بۆ برادەرێكم نووسی تەنیا خەمی ئێران-مە، ئێران تێیكەوێت، زەحمەتە كوردستان سەلامەت بێت. بەهەق ئەمویست خەڵك فشار بخاتە سەر حكومەتی هەرێم.
هەرچەندە خۆم كەسێكی تەمبەڵم بۆ چوونە لای پزیشك، ئەمە وایلێكردووم هەمیشە خۆپاراستنم پێ باشتر بێت لەوەی بیر لەچارەسەری دكتۆر بكەمەوە. بۆیە كاتێك باسی ڤاكسین دژی كۆرۆنا ڤایرۆس ئەكرێت، راناچلەكم كە ئەمە بۆ من گرنگە، من وابیر ئەكەمەوە كە ئەمە بۆ نەوەیەكی تر گرنگە. چونكە بەرلەوەی بیر لەو چارەسەری كۆرۆنا بكەمەوە، بیر لەوە دەكەمەوە خۆم بپارێزم. كوردستان ئەبێت پێش ئەوەی خەیاڵی لای چارەسەر و ڤاكسین بێت، ئەبێت بیری لای ئەوە بێت چۆن خۆی ئەپارێزێت.
بۆ ئەمە با باسی هەندێك نمونەی ژیانی خۆم بكەم:
بەشێك لەدانەكانم دروستكردۆتەوە، بەشێكیشی دانەكانی خۆمن، من ئەبێت بیر لەوە بكەمەوە دانەكانی خۆم بپارێزم نەك بیرم لای ئەوە بێت مادام ئەتوانم هەموو دانەكانم بكەم بە دەستكرد، گوێ بە دانە ساغەكانی خۆم نەدەم.
من لە شارێكدام لەم ئەمریكایە بەم 17ی ئازارە پلەی گەرمی (-4) پلەی سیلیزییە، جاری وایە لە زستاندا ئەگاتە (-25) كەواتە ئەگەر من خۆم لەم بەستەڵەكە نەپارێزم، ئەبێت هەموو رۆژێك لە بەردەركی نەخۆشخانە بكەوم و بەرێی پزیشكەوە بم، بۆیە خۆپاراستنم لەچارەسەر پێ باشترە.
ئێمە ناڵێین مرۆڤایەتی هەمووی بچێتە قەفەزەوە لەبەر كۆرۆنا ڤایرۆس، بەڵام ئەگەر مانگێك سەردانی چایخانە و مەیخانە و لۆقنتەخانە نەكەیت، چی ئەبێت و چی ئەقەومێت؟ ئەبێت خەڵكی كوردستان ئەم ئافاتە بكاتە وانەیەك و فێربێت كە ژیان هەمیشە كراوە نییە لەبەردەمدا و ناخۆشیشی تێئەكەوێت وەك ئەوەیە ئێستا كە تێكڕای مرۆڤایەتی شكستی هێناوە لەبەردەمیدا.
من ئێستا قسە بۆ ئەمریكییەك ناكەم، چونكە لە ئەمریكا ژیان بەجۆرێكی دیكەیە. من باسی خەڵكی كوردستان ئەكەم كە ناكرێت ئەم قۆناغە بە گاڵتەو گەپ وەرگرێت. ژیان پیكەنینی تێدایە، بەڵام گاڵتەكردن بەم دۆخە ئەنجامی باش نابێت، هاوڕێكەت ئەبینی دەمامكی پێوەیە و دەستكێشی لەدەستدایە لەسەر كارەكەی گاڵتەی پێمەكە و بەرۆكی مەگرە و پێی مەڵێ: "ئەترسیت!" بەڵێ ئەو ئەترسێت. تۆش ئەبێت بترسیت. هەموو ئەبێت بترسین، بەڵام ترسانێك نا كەبەرگری لەشمان دابەزێت.
دڵنیام كوردستان سەلامەت ئەبێت، ئەگەر كەمێك ئیرادەی خۆراگری و دووركەوتنەوە لە فەنتازیا هەبێت ئەم ماوەیە. ئارامی بەشێكە لە رەفتاری ئینسان، تا چەند ئارام بن بەرامبەر ئەم دۆخە، ئەوەندە سەركەوتوو ئەبن. با ئەم نەورۆزە بە بێ كۆبوونەوە و قەرەباڵغی بێت، هیچ لەژیان ناگۆڕێت. ئەم قۆناغە كۆتایی دێت بەڵام ساڵەكان كۆتاییان نایەت و تەمەنتان درێژ بێت سەدان نەورۆز و بەهاری دیكە ئەبینن.
من لە ئەمریكام نابێت بیر كردنەوەم وابێت مادام ڤاكسینی (mRNA-1273) دژی كۆرۆنا ڤایرۆس، لەبەردەم ماڵەكەی مندایە، ئیتر بێ خەم تێكەڵی كۆڕ و كۆبوونەوە ببم. نەخێر بەر لەوەی من چاوەڕێی ئیدارەی ترەمپ بكەم بمپارێزێت، خۆم خۆم ئەپارێزم.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group