كوبا و كۆرۆنا

ئەردەڵان عەبدوڵڵا

08/04/2020

لەوانەبێت خوێنەر لەگەڵ خوێندنەوەی ئەم ناونیشانە بپرسێت ناوی ڤایرۆسێكی كوشندە چ پەیوەندییەكی بە وڵاتێكی جوانی ئەمریكای لاتینەوە هەیە؟! بەڵام گەر سەیری هەواڵەكانی ئەم چەند مانگەی پێشوو بكەیت، لە چەندین شوێنی جیهان، هەواڵی گەیشتنی هاوكاری مرۆیی كوبی و تیمی پزیشكی كوبی دەبیستیت، جا لە ئەوروپا بێت یان لە چین و ئێران و وڵاتانی عەرەبی بێت. پرسیاری گرنگیش لێرەدا ئەوەیە، باشە وڵاتێكی بچووك، كە ماوەی شەست ساڵێك دەبێت لە ژێر گەمارۆیەكی قورسی ئابوری و سیاسی و تەكنەلۆژیدا بێت، چۆن دەتوانێت هاوكاریی وڵاتانی جیهان بكات، لە كاتێكدا تەواوی وڵاتە مەزنەكانی جیهان ناتوانن هاوكاریی یەكتری بكەن لەم تەنگژە گەورەیەدا؟
هەروەها ئایا كوبا چی هەیە بیدات بە جیهان؟ بۆچی ئەم هاوكارییە دەنێرێت؟! كوبایەك كە ژمارەی دانیشتوانەكەی هێندەی قەزایەكی چین نابێت، ئابورییەكی هێندەی شارێكی ئیتاڵیا نەبێت، چۆن دەتوانێت هاوكاری بۆ چین و ئیتاڵیا بنێرێت؟! 
لە ماوەی پێشوودا لە بەشێكی زۆری میدیای جیهانی باسی رۆڵی كوبا لەم تەنگژەیە كرا، هەمووشی بە باشی وەسفی دەكات جگە لە ئەمریكا نەبێت. هەموو كاتێكیش دەوڵەتان لە تەنگژە گەورەكاندا رۆڵیان دەردەكەوێت، لێرەدا هەوڵ دەدەم وەڵامی ئەو پرسیارانەی سەرەوە و چەند زانیارییەك دەربارەی ئەم وڵاتە بەخوێنەری كوردی بدەم.
بەداخەوە بەگشتی خەڵكی لای ئێمە زانیاریی زۆر كەمیان لە بارەی ئەم وڵاتەوە هەیە، ئەوەشی زانیاریی هەبێت زۆر سنوردارە، كاسترۆ دەناسن، دەشزانن كە وڵاتێكی كۆمۆنیستییە، ئەوەشی ئەهلی مەشروب و جگەرەكێشان بێت، دەزانێت كە كوبا سیگاری باش و مەشروبی هاڤاناشی هەیە و تەواو. بەڵام ئەم وڵاتە زۆر خاڵی جوانی تری هەیە، كە باس ناكرێت.
وڵاتێكی بچووك لەپەنا زلهێزێكی گەورەدا
كوبا یەكێكە لە وڵاتە بچوكەكانی كیشوەری ئەمریكای لاتین، رووبەری گشتی ئەم وڵاتە 109.884 كم چوارگۆشەیە، ژمارەی دانیشتوانی نزیكەی 12 ملیۆن كەس دەبێت. لە رووی ئابووریەوە زۆرباش نییە كۆی گشتی داهاتی ئەم وڵاتە 8.433 ملیار دۆلارە، زیاتر پشت بەهەناردنی نیكڵ و شەكر و سیگار و داودەرمان دەبەستێت و لەم چەند ساڵەی پێشوودا كەرتی گەشتیاری پێشكەوتوە، بەتایبەتی لەپاش كەمێك ریفۆرم و كرانەوەی بە رووی جیهان. هەروەها رەوەندێكی زۆری كوبا لە ئەمریكا دەژین، كە ژمارەیان دەگاتە سەروو یەك ملیۆن كەس، واتە نزیكەی 10% دانیشتوانی كوبا دەكات و ساڵانە پارە بۆ خێزانەكانیان دەنێرن، ئەمەش تاڕادەیەك رۆڵی لە داهاتی كوبا هەیە.
كێشەی گەورەی ئەم وڵاتە ئەوەیە دراوسێیەكی گەورە و خراپی هەیە، ئەویش ئەمریكایە، لە پاش شۆڕشی 1956 و گرتنە دەستی دەسەڵات لەلایەن كۆمۆنیستەكان بەسەرۆكایەتیی كاسترۆ و گیڤارا، بەتەواوەتی پەیوەندییان تێكچوو. هەرچەندە لەسەردەمی ئۆباما پەیوەندییەكان ئاسایی بۆوە، بەڵام بە هاتنەسەركاری ترەمپ، دووبارە پەیوەندییەكان تێكچووەوە.
سێ خاڵی بەهێزی كوبا
بەهەرحاڵ لێرەدا بواری باسكردنی مێژووی كوبا نییە، دیارە حكومەتی كوباش لایەنی خراپی هەیە، وڵاتێكە یەك حزب حوكمی دەكات و ماوەیەكی زۆریشە بنەماڵەی كاسترۆ حوكمی وڵات دەكەن، بەڵام لە ماوەی ئەم شەست ساڵەی كاسترۆ و كۆمۆنیستەكان، چەند لایەنێكی باشیان هەبووە، دەتوانم باسی سێ خاڵی گرنگ بكەم.
یەكەم: ئەم وڵاتە لەچاو وڵاتانی تری ئەمریكای لاتین، باندی مافیا و بازرگانی بە مرۆڤ و ماددەی هۆشبەری تێدا نییە، بەداخەوە بەشێكی زۆری وڵاتانی ئەمریكای لاتین بە گەورە و بچووك و دەوڵەمەند و هەژارەوە، بەدەست ئەم كێشە گەورەیە دەناڵێنن، بەڵام كوبا ئەم كێشەیەی نییە، ئەمەش خاڵێكی جوان و بەهێزیەتی.
دووەم: توانی بەسەر نەخوێندەواری زاڵبێت و ژمارەیەكی زۆری ئەكادیمیش دروست بكات، بە تایبەتی لە رووی پزیشك و كارمەندانی تەندروستیی، كە لە ئێستادا بوونەتە كۆڵەكەیەكی سەرەكیی ئەم وڵاتە.
سێهەم : خاوەنی سیستمێكی تەندروستی زۆر باشە، بۆ نموونە بۆ هەر 1000 كەس، 75 دكتۆری بەردەكەوێت، كوبا لەم لایەنەوە لە ریزی پێشەوەی دەوڵەتانی جیهان دێت و لە پێش دەوڵەتانی ئەوروپا و ئەمریكاش دێت. لە رووی مردنی منداڵیش بۆ هەر 1000 منداڵ رێژەی 5% هەیە، لە كاتێكدا ئەمریكا كە یەكەمین زلهێزی ئابوریی جیهانە رێژەی مردنی منداڵ تێیدا 6.6%.
نەرمە هێزی كوبا
سیستمی تەندروستی كوبا وەكو دەڵێن Soft power "هێزی نەرم یان ناسك"ی ئەم وڵاتەیە، زۆرجاریش وەكو سیاسەتێكی ئابووری بەكاریدەهێنێت، بۆ نموونە لە كاتی سەرۆكایەتی هۆگۆ شاڤێز لە ڤێنزوێلا، رۆژانە ڤێنزوێلا 80 هەزار بەرمیل نەوتی بۆ كوبا دەنارد، لە بەرامبەردا كوبا 30 هەزار دكتۆر و مامۆستای بۆ نارد، هەردوولاش سوودیان وەرگرت، چونكە ئەو بڕە نەوتە توانی ئابوریی كوبا بەهێز بكات، لەبەرامبەریشدا شاڤێز توانی لە رێگەی دكتۆر و مامۆستای كوبیەوە، بەرنامە كۆمەڵایەتییەكانی جیبەجێبكات و خزمەتی زیاتری هاوڵاتیانی بكات.
ئەوەی جێگەی سەرنجە لەماوەی پێشوودا ناردنی هاوكاریی مرۆیی و پزیشكی بۆتە كۆڵەكەیەكی سەرەكیی سیاسەتی دەرەكیی كوبا، كاسترۆ نازناوی "سوپای بەدلە سپییەكان"ی بۆ دانابوون. كاسترۆ بە تەجروبە بۆی دەركەوت ناردنی ئەم بەدلە سپییانە لە ناردنی بەدلە خاكییەكان "سەرباز" بۆ وڵاتان باشترە و لەرووی سیاسیی و ئابوریشەوە سوودی زیاتری پێدەگەیەنێت، لەكاتێكدا ناردنی سەرباز و چەك بۆ وڵاتان تووشی كێشەی گەورەی كرد و زەرەری زۆری لێدا.
لە ساڵی 1963 وە هەتاوەكو ئێستا حكومەتی كوبا 600 هەزار شاندی پزیشكی بۆ 164 دەوڵەتی جیهان ناردووە، ئەمەش بەتایبەتی لە كاتی روودانی كارەساتەكاندا، هەمیشە كوبا ئامادە بووە پزیشك و پێداویستی پزیشكی بۆ ئەو وڵاتانە بنێرێت، لە هەموو كارەساتێكدا كوبا ئامادەیە یارمەتی بنێرێت. جگە لەوەش لە ئێستادا نزیكەی 30 هەزار دكتۆری كوبی لە 67 دەوڵەتی جیهان كاردەكەن، ئەمەش چ لە رووی ئابوریی و چ لە رووی سیاسەتی دەرەكییەوە سوود بە كوبا دەگەیەنێت.
لەكاتی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناشدا، یەكەمین دەوڵەت كە هاوكاریی بۆ چین نارد كوبا بوو، پاشانیش هاوكاری بۆ ئێران نارد، ئیتاڵیا زۆر بەخراپی توشی ئەم ڤایرۆسە بوو، بەشێكی زۆری وڵاتانی ئەوروپا پشتیان تێكرد و دەرگایان بەروودا داخست، بەڵام كوبا لە پێش وڵاتانی ئەوروپا یارمەتی بۆ ئیتاڵیا نارد، بۆ ئیسپانیاش كە ماوەیەكی زۆر داگیركەری كوبا بوو، بۆ سربیا، هەموو كاتێكیش میدیاكانی جیهان بە گرنگییەوە باسی ئەم شاندانەی دەكرد، كاتێك تیمی كوبی گەیشتە سربیا، سەرۆكی سربیا خۆی پێشوازی لە تیمەكە كرد، لە ئیتاڵیا و ئیسپانیا زۆر بە گرنگیەوە باسی ئەم تیمەی كوبا كرا. لە ئێستاشدا ئەڵمانیا دەیەوێت لەگەڵ كۆمپانییایەكی كوبی رێكبكەوێت، بۆ ئەوەی هەندێك دەرمانی تایبەت بە ڤایرۆسی كۆرۆنای لێبكڕێت، هەموو ئەمانەش وێنەیەكی جوانی بەم وڵاتە بەخشیوە.
دەرئەنجام
لە ئەزموونی كوبا ئەوە فێر دەبین، مەرج نییە هەر وڵاتێك دۆلار و نەوت و گازی نەبوو، ئیتر ناتوانێت رۆڵ بگێڕێت لە كارەسات و تەنگەژە گەورەكاندا. هەروەها ئەوەشمان پێدەڵێت، سامانی گەلان تەنها بە بوونی نەوت و گاز و كارگە و یەدەگی دۆلار ناپێورێت، بگرە بوونی كەسانی ئەكادیمی و پسۆر و زانا، ئەمانەش سامانێكی گەورەی دەوڵەتانن، گەر حكومەتێكی حەكیم هەبێت، دەتوانێت بە باشترین شێوە سوود لە هێز و توانای مرۆیی گەلەكەی وەربگرێت.

سەرچاوەكان:
Kubas Ärzte könnten gegen Corona/1  / . www.dw.com
Länder mit der höchsten Ärztedichte weltweit /2   / de.statista.com
Kuba/3   / www.auswaertiges-amt.de
Kommt ein Corona-Medikament aus Kuba nach Deutschland?/4  / www.dw.com


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group