چیتر شكۆی پێنوس مەشكێنن

محەمەد فاتیح

22/04/2020

رۆژنامەنوس ناوی دەسەڵاتی چوارەمی لێنراوە و لە وڵاتە پێشكەوتوەكان پێگەیەكی تایبەتیان هەیە و هەمیشە سەرچاوەی زانیاری راست و دروستن و بەبێ ترس و دڵەڕاوكێ هەموو روداو و بابەتەكان رۆماڵدەكەن و ئاشكرایان دەكەن .
بەڵام لای ئێمە یادی رۆژنامەگەریی كوردی تەنها بەپیرۆزیایی دەكرێتەوە، بەبێ ئەوەی رەچاوی مافەكانی رۆژنامەنوس بكەن و دەستەبەری بكەن، هەر بگرە لە زۆر بابەتدا دەم بەستراو و دەست و پێ بەستراوین، تەنانەت ناتوانین بچوكترین گەندەڵی بەرپرسەكان ئاشكرا بكەین، یان ئەوەتا راپێچی دادگا دەكرێین یان روبەڕوی سوكایەتی و تێهەڵدان دەبینەوە، یانیش ژیانمان دەكەوێتە مەترسیەوە و لە لا كۆڵانێكدا دەكوژرێین!، نمونەشمان زۆرە، لەوانە چەند رۆژنامەنوسێكی بوێر كە چمكێك لە راستیەكانیان ئاشكراكرد و بۆ تا ئەبەد بێدەنگیان كردن.
دواتر تاكو ئێستاش لایانە بەرپرس و پەیوەندیدارەكان نەگەیشتونەتە هیچ ئەنجامێك و بكوژەكانیان دەستگیرنەكردوە و گوایە كەس نازانێت لەلایان كێوە كوژراون، هەرچەندە لەلای ئێمە رون و ئاشكرایە، بەڵام دووبارە ئەمانكەن بە تاوانبار ئەگەر بەبێ بەڵگە ئەم و ئەو تاوانبار بكەین!
یادی رۆژی رۆژنامەگەریی كوردیمان لێ پیرۆز دەكەن و ئەگەر راستیەكانیش بدركێنین زمانمان دەبڕن!
ناتوانم بڵێم ئێمە ئازادنین، بەڵام تا ئەو سنورە ئازادین كە ناوی بەرپرسێك ئاشكرانەكەین، كە تێوەگلابێت لە گەندەڵی، یان لە كوشتن و شتی خراپ و ناشرین!
لەیادی 122 ساڵەی رۆژنامەگەریی كوردیدا، پیرۆزباییمان لێمەكەن، دەستكراوە و دەمكراوەمان كەن و رێگەخۆشكەرمان بن بۆ گەیشتن بە زانیاریەكان و بڵاوكردنەوەیان!
لەیادی 122 ساڵەی رۆژنامەگەریی كوردیدا چیتر پێنوسەكانمان مەكەن بە كۆیلەی خۆتان، چیتر پێنوسەكانمان زیندانی مەكەن و خەڵتانی خوێنیان مەكەن!
تاكو ئێستاش بەبێ بڕیاری دادوەر، رۆژنامەنوسمان زیندانی دەكرێت و سوكایەتی پێدەكرێت!
ئەگەر بێینە سەر باسی مافەكانی دیكەشمان وەكو وەرگرتنی پارچە زەوی و دابینكردنی موچە و كردنەوەی خول و هتد، لەم روەشەوە دیسانەوە مافەكانمان پێشێلكراوە و قەڵەمەكانی سەربەخۆیان لەپێشترن و تەنها ئەوان جێی بایەخ و گرنگیپێدانن!
ئەی باشە ئەم هەموو سەندیكا و رێكخراوانەی بە حیساب داكۆكی لە مافی ئێمە دەكەن، ئیشیان چییە؟، تەنانەت لایەنە پەیوەندیدارەكانی پەرلەمانیش تاكو ئێستا پڕۆژەیەكی بەو جۆرەیان پێشكەش نەكردوە یاخود پەسەند نەكردوە كە لە بەرژەوەندی رۆژنامەنوسان بێت.
وەك ناتوانن بكوژی رۆژنامەنوسە بوێرەكانمان ئاشكرابكەن، كە روحی خۆیان بەختكرد لەپێناو هێنانەدی ژیانێكی ئازاد و خۆشگوزەران بۆ میلەتی كورد، ئەی خۆ لەمافە سەرەتایەكانیشدا وەك دابەشكردنی زەوی، بەهەمان شێوە بەبەرچاوی ئەوانەوە دەیان رۆژنامەنوسی شایستە بێبەشكراون و زۆربەی هەر زۆری دیسانەوە ئەو رۆژنامەنوسانە دەگرێتەوە، كە لە حزبەكانی دەسەڵاتەوە نزیكن!
بەپێی ئامارێكی سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنوسان "لە ساڵی 2019دا بەشێوەیەكی گشتی 231 پێشێلكاری بەرانبەر بە 209 رۆژنامەنوس و دەزگای راگەیاندن لە هەرێمی كوردستاندا كراوە".
دیاری حاجی محەمەد بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ بۆ نەوای رونكردەوە "زۆربەی پێشێلكاریەكانی 2019 بریتین لە رێگری لە روماڵكردن و جیاكاری لەنێوان كەناڵەكانی راگەیاندندا، هەروەها تۆماركردنی هەڕەشەو لێدان و ترساندن بەرامبەر بە رۆژنامەنوسان، دەستبەسەركردنی رۆژنامەنوسان بەبێ‌ بڕیاری دادگا، دادگاییكردنی رۆژنامەنوسان بەدەر لە یاسای ژمارە 35ی ساڵی 2007، داخستنی كەناڵ و راگرتنی پەخشی كەناڵمان هەبوە، بەشێوەیەكی گشتی رەوشی ئازادی رۆژنامەنوسی یان ژینگەی كاری رۆژنامەنوسی لە هەرێمی كوردستاندا ژینگەیەكی باش نییە".
بەدرخانیەكان رۆژنامەی كوردییان بۆ ئەوە دانەمەزراند، كە سوكایەتی بەرۆژنامەنوسان بكرێت و لێیان بدرێت و بتۆقێندرێن و مافیان پێشێلبكرێت!
پێنوس پیرۆزە تەنانەت خواش رێزی لە پێنوس گرتوە و سورەتێكی بەناوی پێنوس (القلم) لە قورئانی پیرۆزدا دابەزاندوە، دەی ئێوەش رێزی لێبگرن و چیتر شكۆی پێنوس مەشكێنن!

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group