نا.. بۆ كردنەوەی قوتابخانەكان!

رێبوار سیوەیلی

29/08/2020

1. تەنیا لە خەمخۆرییەوە بۆ نەوەی داهاتوو و ویژدانی خۆم ئەم قسانە دەنووسم، بۆ ئەوی لە دواڕۆژدا بەخۆم نەڵێم بۆ كەمتەرخەم بوویت، ئەگەر بەدۆرش بوومەوە، لە ئێستاوە داوای لێبووردن دەكەم. بەدرۆبوونەوە شكۆدارانەترە، لەوەی ڕاستییەك بزانیت و نەیڵێیت:

2. هیچ دۆخێكی گونجاو بۆ كردنەوەی قوتابخانەكان نابینم. ئەوكارە وەك نومایشێك دەبینم بۆ ئەوەی بگوترێ ئێمە ئامادەكاریی تەواومان كردووە! لێكردوورخستنەوەی كورسییەكان و كەمكردنەوەی ڕێژەی قوتابییەكان لە هەمان پۆلدا و كڕینی ئامۆری كۆنترۆڵ و فەحس و دانانیان لەبەردەم دامەزراوە پەروەردەییەكاندا، ئامادەكاریی نیبە.. مەترسیدارترین شت ئەوەیە كە دیسانەوە گەورەكان بە ئەقڵی خۆیان، منداڵەكانمان بخەنە نێو بەلەمێكەوە كە هەمووی كونكوونە و سوور دەزانین نغرۆ دەبن. 

3. هەر ئامادەكارییەك كرابێت بۆ كردنەوەی قوتابخانەكان، ئامادەكاریی كولتووری و ڕەفتاریی نەكراوە. ناتوانیت بە منداڵەكان بڵێی لێكتر نزیك مەبنەوە! چونكە سرووشتی ئەوان ئەو نزیكبوونەوەیەیە، كە ناوەڕۆك بە پێكەوەبوونیان دەدات. ئەوەی لە ئەلفوبێی پەروەردە تێگەیشتبێت، دەبێت بزانێت منداڵەكان وەك ئێمەی گەورەساڵان دەستەمۆ نابن و كولتووری دەستلێدان و دەستلەملكردن و پێكداكێشان شتێكی چێژبەخشیانە. بۆیە نەبوونی ڕێنمایی و نەبوونی میكانیزمی كۆنترۆڵكردن چوونە قوتابخانەی ئەوان دەكاتەوە بە زیندان..

4. ڕەنگە منداڵەكان تووش نەبن، بەڵام بوونی ڤایرۆسەكە بەمانای ئەوەیە شیاوی گواستنەوەیە بۆ ماڵەوە.. ئەگەر منداڵان ببنە هۆكاری گواستنەوەی ڤایرۆس بۆ ماڵەوە، قورس لەسەریان دەكەوێت و هەستی گوناهبارییی لە ناخەوە دەیانكرۆژێت..

5. هەمیشە پسپۆڕانی بوارێك بۆ ئەنجامدانی كارێك، بڕیاری خۆیان بە ڕاست دەزانن و دەیسەپێنن، بەڵام كاتێك كەسانێك بەهۆی بڕیارە هەڵەكانی ئەوانەوە تێدەكەون و دەبنە قوربانی، ئەوان سەری خۆیان كز دەكەن. ئەو بڕیارە دەریدەخات لەم وڵاتەدا نەك هەر خەمخۆریی بۆ منداڵان نییە و زۆر كەمە، ئەوەش ئاشكرا دەكات كە بەدەگمەن ڕوانگەیەكی پەروەردەیی لە دامەزراوەكانی ئێمەدا ئامادەیی هەیە.

6. ئەوەی فڵان و فیسارە وڵاتی ئەوروپایی چی دەكات و چۆن قوتابخانە دەكاتەوە، لە پێشینەی پەروەردەیی خۆیدا ئەو كارە دەكات و ڕەنگە سەركەوتنیش بەدەست بهێنێت. بەڵام هەمان پێشینەی پەروەردەیی لە هەرێمی كوردستان نییە و نابێت بە پێوەری ئەوان قووڕ بۆ سەری خۆمان بشێلین..  

6. كەس هەبووە بەدەستی خۆی نەوەی ئاییندە بەرەو هەڵدێر بەرێت؟! پێویستە دایكان و باوكان و سەرپەرشتیاری منداڵەكان قسەیەكیان هەبێت..

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group