تەواوكردنی حیكمەتی حوكمڕانی رەشید: ئەوەی سەرۆكی حكومەت لەپەرلەماندا نەیگوت چ بوو؟!

هەڵگورد عەبدولوەهاب جندیانی

06/10/2020

هیچ گومانم نییە، لەدڵسۆزی سەرۆكی حكومەت، بەڕێز مەسرور بارزانی، بەڕێزیان سەرۆكی حكومەتی هەرێمە لەسەردەمێكی زۆر سەخت و دژواردا، سەردەمی قەیرانە مەزنە جیهانی و هەرێمی و ناوخۆییەكاندا، سەرۆكی حكومەتێكە لەسەردەمێكدا كە وڵاتانی داگیركەری كوردستان هەوڵی شێلگیرانە دەدەن بۆ لەناوبردنی قەوارەی سیاسی هەرێمی كوردستان یاخود بێهیزكردن و بێ هەژموونكردنی، جەنابیان سەرۆكایەتی حكومەتێك دەكات كە لەئێستادا زۆریك لەخەڵك متمانەی بە بوونی كیان و حكومەتی خۆی نەماوە كە خۆیان دەنگیان بۆ داوە، بەڕێزیان سەرۆكی حكومەتێكی هەرێمیین كە نەیارە ناوخۆكانی بەرامبەر بە نەتەوەو دۆزی رەوای خۆیان زۆر توند و دڕندەتر و بێویژدانترن لە نەیاران و دوژمنانی دەرەكی و داگیركەرانی هەرچوار پارچەی كوردستان، ئەمەش خۆی لەخۆیدا ئازایەتی و مێرخاسییەكی ناوازەیە كە لەم دۆخەدا شان بدەیتە بەر ئەم بارە قورس و پڕ قەیرانە.
لەوتاری ئەمڕۆی بەڕێزیاندا لەپەرلەمانی كوردستان، ئەم چەمك و بیرۆكانەم هاتنەوە یاد كە لەبەر پەرتەوازەیی و بەربڵاوی كێشە و هەوڵەكانی چاكسازی، حەزمكرد بەروونی و دوور لەخودسانسۆری دڵسۆزانە لەشێوەی چەند بڕگەیەكی كورتدا بیرۆكەكانم بخەمەڕوو، كە زۆربەیان پەچەكردار و لێكەوتەی لێدوانەكەی بەڕێزیانن و مشتێك لەخەروارێك:
- ئازایەتییەكی نوێ
چوونی سەرۆكی حكومەت بۆ پەرلەمان و لەسەر داوای خۆی، نمونەیەكی نوێی حوكمڕانی شەفاف و ئازایانەیە، كە لەرابردوودا نمونەی وامان نەبینیووە، یاخود بەم رێكارە نەبووە، ئەمەش زۆرجێگای خۆشحاڵییەو خاڵێكی بەهێزە بۆ كاك مەسرور بەتایبەتی و پێكهاتە سیاسییەكەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەگشتی.
- قوربانیدان بە كەمینەیەكی مشەخۆر
بردنەوەی متمانەی زۆرینەی میللەتە
لەشێوە گشتیی و ئاسۆییەكەی پڕۆسەی چاكسازیدا جۆرێك لەفراوانی و گشتگیری بەرچاو دەكەوێت، بەڵام لەرووی ناواخن و وردەكاری و شێوە ستوونی پرۆسەكەدا زۆر تەگەرە هەن كە حكومەتی هەرێمی كوردستان (نایەوێت) یاخود ورتر بڵێین (ناتوانێت) پرۆسەكە بەشێوە دروستەكەی كە پلانی بۆ داڕشتووە، جێبەجێی بكات، بێگومان هۆكارەكەش دیار و روونە كە بوونی توێژێكی مشەخۆری باڵادەست لەناو چوارچێوەی گشتی جوگرافیای هەرێمی كوردستان و حزبە دەسەڵاتدارەكان بەتایبەتیش (پارتی) و (یەكێتی)، كە لەراستیدا لەئێستادا ئەم دەستە و تاقم و تویژانە قۆناخی پەرتەوازەییان تێپەڕاندووەو گەیشتونەتە قۆناخی مافیای رێكخراو كە ئەوان رێگری سەرەكین بۆ هەنگاوە دروستەكانی جێبەجیكردنی یاسای چاكسازی، بۆیە پێویستە حكومەت و پێكهاتە سیاسییەكەی قوربانی بدات بە كەمینەیەكی مشەخۆری زۆر كەم كە رەنگە رێژەیان لە %01 تێپەڕ نەكات بەرامبەر بە بردنەوەی دڵ و متمانەی رێژەی %99 هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان.
- چاكسازی سنووردار بەرهەمی باشی هەبووە،
ئەی ئەگەر چاكسازیی بێسنوور و گشتگیر بێت؟
ئەو چاكسازییانەی كە لەم ماوەیەی رابردوودا ئەنجامدراون، بەرهەم و داهات و لێككەوتەی ئەرێنی باشی هەبووە، بەڵام دیسان چاكسازییەكەی سنوورداربووەو دەست بۆ بەرژەوەندییە نایاساییەكانی كۆمپانیا گەورەكان و كەسانی دەستڕۆیشتوو نەبردراوە، ئینجا كە لەم هەڵمەتە سنووردارەی چاكسازیدا لێكەوتەی باشی هەبووە، بێگومان بە بەرقەراربوونی چاكسازییەكە بۆ هەمووان و بێ سنوورداركردن و بێ هێلی سوور، ئەوا لێكەوتە ئەرێنییەكان دەگەنە ئاستی زۆر نایاب، كە قەوارەی هەرێم بەهێزتر دەكات و متمانەی خەڵكیش دەگاتەوە ئاستێكی بەرز بەجۆرێك بەرەی ناوخۆشمان بەهێزتر دەبێت تەنانەت بۆ حزب و لایەنە سیاسییە دەسەڵاتدارەكانیش بە باشی و هێز دەگەرێتەوە.
- خۆدزینەوەی كۆمپانیا و كەسانی دەستڕۆیشتوو
لەنەدانی باج بەپێی یاسا و رێنماییەكان دەكرێ!
لەپرسی خۆدزینەوەی باجدا، رەهەندێكی تەسك لەبەردەم هاوڵاتیان یان كۆمپانیا بچوك و بێ پشتیوانەكاندا هەیە كە ناتوانن خۆیان لەپێدانی باجدا بدزنەوە، بەڵام بۆ كۆمپانیا گەورەو بەهێز و پشتیواندارەكان كە كەسانی دەستڕۆیشتووی لەپشتەوەدا هەن، تاكو ئێستاش دەرگای خۆدزینەوە بۆیان واڵایەو بەجۆرێك خۆیان لە پێدانی باج و كەمكردنەوەی بڕەكەی دەدزنەوە، كە بەپێی یاسا و ریكارەكان دەیگونجێنن!
- ئاگادركردنەوە، یان دەستبەسەراگرتن؟!
لەپرسی ئاگاداركردنەوەی ئەو كۆمپانیایانەی كە تۆمارنەكراون و تاكو ئێستاش قازانجی نایاسایی دەكەن، مخابن وەڵام و پەیڤی بەڕیز سەرۆكی حكومەت بەهێز و گونجاو نەبوو كە فەرمووی (كۆمپانیكانیانمان ئاگاداركردونەتەوە كە خۆیان تۆماربكەن و ئەوەندە كۆمپانیاشمان داوەتە دادگا)، لەبارێكدا پێویستبوو حكومەت تووندتر لەگەڵ كۆمپانیا سەرپێچكارە گەورەكان هەڵسوكەوتی بكردایە و فەرمان دەركرابا بە دەستبەسەراگرتنی كۆمپانیاكان و بەرژەوەندییەكانیان و بەیاساش فەرمانی دەستگیركردنی گشت ئەوانەش بدرابوایە كە خاونی كۆمپانیا نایاساییە تۆمارنەكراوەكانن لەگەڵ ئەوانەش كە چاوپۆشیان لەم كارە نایاساییانەدا كردووە، (بێگومان ئەم رێكارە پێش هەموویان ئەو كۆمپانیایانە بگرێتەوە كە خاوەنەكانیان لەسێبەری پارتیدان، ئینجا ئەوانەش كە لەسایەی یەكێتی و ئەوانیتردان!).
- دوا وتە و ئومێد
لەوردەكاریدا زۆر شت هەیە كەباس بكرێ، بەڵام ئەو نووسینەم وەكو وتم تەنها پەچەكردارێكی دڵسۆزانەی خیرا بوو بۆ وتار و راپۆرتی بەڕیزیان، هیوادارم لە راپۆرتی سێ مانگی ئایندەی حكومەتدا، رێكار و هەڵسوكەوتی روونتر و بەهێزتر لەرێكارەكانی جیبەجیكردنی یاسا و پرۆسەی چاكسازیدا ببینین.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group