ئایا رێككەوتن كراوە یان نا؟

ئەحمەد حاجی رەشید

23/12/2020

لە عورفی دیپلۆماسیدا هەموو دوو لایەنێك چ دەوڵەت بن یان دوو كەس یان دوو ئۆرگانی دوو پارتی جیاواز تەنانەت لەناو خودی یەك ئۆرگانیشدا ئەگەر رێككەوتن بكرێت دەبێت لە بنچینەدا گرفت و كێشمەكێشێك هەبێت و بۆ ئەوەی لەسەری رێكبكەون.
گرفت و كێشەكانی ئێستای نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵ زۆر دیارو ئاشكران، كە خۆیان لە:
1-رادەستكردنی داهاتی نەوتی.
2-رادەستكردنی داهاتی نانەوتی.
3-ژمارەی فەرمانبەران.
4-ژمارەی پێشمەرگە.
5-ئیدارەدانی كێڵگەی نەوتی.
6-دەروازە سنورییەكان.
لەبەرانبەردا داخوازیەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان:
1-شایستە داراییەكان.
2-پشكی بودجەی حاكمە، كە خۆی لە (پیتاكی خۆراك و بڕی دەرمانی پێویست و تەرخانكراو بۆ سوتەمەنی وێستگەكان دەبینێتەوە).
3-رێژەی دانیشتوان.
4-پشكی پەرەپێدانی پارێزگاكان.
5-شایستەی گەنمی جوتیاران.
سروشتی رێككەوتن وا دەخوازێت لەكۆتاییدا هەردوولا ئەو رێككەوتنە بۆ جەماوەری هەردوولا ئاشكرادەكەن بۆ ئەم مەبەستانە:
1-مافی هەرلایەك بەسەر ئەوی ترەوە چەندە و چییە.
2-لەكاتی جێبەجێنەكردنی بڕگەی رێككەوتنەكە، كەمتەرخەم دەستنیشانبكرێت.
3-پلەبەندیی رێككەوتنەكە چۆنە.
یاخود لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەگەری هاوبەشدا رێككەوتنەكە باسدەكەن، كە وێنە و ڤیدیۆیەكە دەبێتە بەڵگەنامە بۆ گەڕانەوە بۆی لەكاتی دروستبوونی ململانێدا.
ئەم رێككەوتنەی ئێستا، كە شاندی هەرێم بەتاك لایەنە رایگەیاند، بەندەكانی چیبون؟
ئەگەر دەڵێن ئەوەی لە پرۆژەیاسای بوجەدا هاتوە لەسەری رێككەوتوین بۆ دڵنیایتان ئەو دەقانە زۆربەی لە پرۆژەیاساكانی ساڵەكانی 2015 دا هاتوون هیچیشی لێ سەوز نەبوە.
ئەگەر رێككەوتون:
ئایا ژمارەی موچەخۆرانتان لە یاساكەدا جێگیركرد؟
ژمارەی پێشمەرگەتان جێگیركرد؟
ئیدارەدانی خاڵە گومرگییەكان چۆن دەبێت؟
گرفتی گرێبەستە نەوتیەكانتان چۆن چارەسەركرد؟ 
ئەی چیتان كرد بۆ شایستە داراییەكانی گەنمی جوتیاران خۆ ئەوانەش خەڵكی ئەم وڵاتەن با یەكجاریش بێت بیرتان بێت كە لە 2014، 2015، 2016، 2020 پارەی گەنمە فرۆشراوەكەیان وەرنەگرتوە؟
ئایا بۆ رێژەی دانیشتوان چۆنتان جێگیركرد؟ لەكاتێكدا لەو پرۆژەیەدا لە راپۆرتی وەزارەتی پلانداناندا هاتوە، كە رێژەی دانیشتوان  13.927%ە و دڵنیام كەستان نەتانخوێندوەتەوە.
لە هەمووی گرنگتر لەدانوستاندا بریتییە لە سەقفی زەمەنی:
چیتان داناوە بۆ ئەو بابەتە؟
ئایا داوای تەرەفی سێهەمتان كرد بۆ ناوبژیوانی؟ چونكە متمانەتان بە بەرانبەر نییە و متمانەشتان لەدەستداوە.
بەڕاستی ئەوەی گوێی لە كۆنگرە رۆژنامەنوسییەكەی جێگری سەرۆكی حكومەت بێت:
دەزانێت و تێدەگات نە رێككەوتن كراوە و نە لەپەرلەمانیشدا ئەو بڕگانەی بودجە تێدەپەڕن بەو شێوەیەی هاتوە.
تەنها ئەوەیە هەردوولا حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵ حەلی كێشەكەیان پێنەكراوە و بە پەرلەمانیان سپاردوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group