‌فیلمەکەی بارزانی و فیلمەکەی کۆبانی

هاوكار حسێن

27/01/2021
بەرێکەوت و لەیەک کاتدا، دوو وڵاتی دژبەیەک (ئێران و ئەمریکا)،  دوو فیلم بەرهەمدەهێنن، هەردوو فیلمەکەش لەبارەی کوردەوەیە. ئەوەی ئێرانییەکان پێماندەڵێت، ئێوە قەرزێکی مەعنەوی و عەسکەریتان لایە و خۆتانی لێکەڕدەکەن. ئەمریکییەکانیش پێماندەڵێن، قەرزێکی گەورەی ئەخلاقی و ویژدانیتان لامانە و دەمانەوێت بەشێکیتان بدەینەوە. 
یەک هەنگاو پێش فیلمەکەی ئێران
رۆژی 12ی حوزەرانی 2014، ئەوکاتەی داعش وەک قارچک، بەهێزێکی تۆقێنەرەوە لەبەردەرگای هەرێمی کوردستان (موسڵ) هەڵتۆقی، بەرپرسانی هەرێم گرەویان لەسەرئەوە کردبو کە ئاراستەی ئەم شەمەندەفەرە ترسناکە بەرەو بەغدایە، بەڵام لەپڕدا وەک گێژەڵوکە پێچێکیان خوارد و نوکی رمە خوێناوییەکەیان روکردە دڵی هەرێمی کوردستان (هەولێر). 
لەشەوێکی درەنگی قاقڕدا (7ی ئابی 2014)، دوای ئەوەی داعشە بەرگ رەشەکان هەردو ناوچەی ستراتیژیی خازر و مەخموریان بڕی،   تەنها 58 خولەکیان مابوو بەئۆتۆمبیل بگەنە نزیک قەراتی. دۆخی هەولێر بەجۆرێک شێوا، بەرپرسانی باڵای پارتی نەک فریای کۆکردنەوەی هێز نەکەوتن، بەڵکو بە ئاستەم توانیان ماڵ و منداڵەکانیان بە فڕۆکە رەوانەی دەرەوەی وڵات بکەن. خودی مەسعود بارزانی پەیوەندی دەکات بە قاسمی سولەیمانیەوە بۆ گەیاندنی یارمەتی. قاسم بە خۆی و 70 سەرباز و 3 کاروان کەرەستەی سەربازیی دەگاتەجێ. فەیلەقی قودسی ئێران بەکورتە فیلمێک کە ماوەی 9 خولەکە بەناوی (توکل)، باسی ئەو شەوە و ئەو هاوکارییەی قاسم سولەیمانی دەکات. 
شیکردنەوەی فیلمە ئێرانیەکە
ئەگەر کەسێک لە کلتوری فارسەکان و سایکۆلۆژیای ئێستایان تێنەگات، قورسە لە ناوەرۆک و پەیامی ئەو کورتە فیلمە تێبگات. 
- ئێرانیەکان بە دوو شت بەناوبانگن: پاڵەوانسازیی و زیادەڕەوی لە پیاهەڵداندا. فارسەکان کە ریشەی زمانەکەشیان پەهلەوییە، بنەچەی پەهلەویش لە وشەی پەهلەڤان (پاڵەوان)ەوە هاتوە. ئەوان ئەگەر هەر کەسیان دەستنەکەوت، لە قوڕی خاڵس، پاڵەوانێک بۆخۆیان چێدەکەن و وزەی مەعنەوی لێوەردەگرن. لە پیاهەڵدانیشدا، بەردەوام وشەی بەهترین (باشترین)یان لەسەر لێوە کە لەروی رێزمانەوە پاشگری (ترین) بچێتەسەر هەر ئاوەڵناوێک، دەیکات بە پلەی باڵا (superlative). جا بۆیە لە فیلمەکەشدا، حاجی قاسم لە یارمەتیدەرێکی سەربازییەوە کراوە بە بەهترین رامبۆ. دەبێت دانبەوەشدا بنرێت کە بەهاناوەهاتنی قاسم بۆ هەولێر، نکۆڵیناکرێت. هەم لەنامەیەکی مەسعود بارزانی بۆ سەرۆکی ئێران، هەم لەنامەیەکی هۆشیار زێباری بۆ جۆن کیریی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ستایشی ئەو رۆڵەیان کردوە. 
- ئێران لەئێستادا کە هێدمەی لەدەستدانی "پاڵەوان"ێکی وەک قاسمی سولەیمانی بەرینەداوە، لەروی سایکۆلۆژییەوە، لەو کەمانچەژەنە لەپ زێڕینە دەچێت کە بەروداوێک دەستی ژەنینی پەڕیبێت و ئێستاش داڵغە بەدیار مەدالیا بەدەستهاتوەکانی پێش روداوەکەوە لێبدات. ئاخر ناحەقیان نیە! حاجی قاسم ئەو دەست و پەنجە زێڕینە بو کە لەیەک کاتدا پەنجەتوتەی لەسەر تۆنی مۆسکۆ و دۆشاومژەی لەسەر بەیروتی لوبنان دەجوڵاند، باڵابەرزە لەسەر تۆنی یەمەن و برای توتە لەسەر دیمەشق دەبزواند، ئەسپێ کوژەش بەتوندی لەسەر عێراق کارابو. بەڵام ئێستا چی؟ ئێستا کە ئەو لەپە زێڕینە پەڕیوە، دەستێکی دیکەی قاسمئاسا لەگۆڕێ نیە سەمفۆنیا کۆنەکان بۆ ئێرانییەکان بژەنێت، ناچار دەبێت بەدەم وتنی "داشتم داشتم"، هەرگوێ لەتۆمارە کۆنەکانی حاجی قاسم بگرنەوە، بەڵام پێدەچێت زۆر بخایەنێت تا تێدەگەن لەوەی: "دارم دارم حساب است". 
- لەکۆتایی کورتە فیلمەکەدا بارزانی دەڵێت، "بەراست قاسم سولەیمانی کێیە؟ ئەو چی هەبوو کە ئێمە نەمانبوو"، ئەم رستەیە کە پارتییەکانی توڕە کردوە، پەیوەندی بەخاڵی پێشترەوە هەیە. ئەم رستەیە لە دەرونی ئێرانیەکاندا خولدەخوات و لەدەمی بارزانیەوە دەریدەبڕن. ئێرانییەکان خۆشیان نازانن حاجی قاسم چی سحرێکی لەو کەسانە دەکرد کە لەگەڵیان کۆدەبۆوەو بەو مەرجانەش قەیلی دەکرن کە دەیویست. ئاخر قاسم دوای کۆبونەوەیەکی چوار سەعاتی لەگەڵ ڤلادیمێر پۆتن، رازییدەکات لەساڵی 2016، ورچە سپییەکەی روسیا بهێنێتە ناو شەڕە قۆچەکەی سوریا کە ئەوەندەی نەمابو لەگەڵ ئەمریکادا بیاندا بەشەڕدا. جا ئەو رستەی کۆتایی فیلمەکە لەوەوە دێت، تەرمە پارچەپارچەبوەکەی حاجی قاسم هێشتا بەشارەکانی ئێراندا سەفا و مەڕوای پێدەکرا کە جێگرەوەیەکیان بۆ دانا. بەڵام ئەوە ساڵێکە کەسێک هەڵنەکەوتوە لەئێراندا رۆڵەکەی حاجی بگێڕێت و هەڵگری ئەو سیفاتانە بێت کە حاجی هەیبوو.  
بۆچی بارزانی؟
دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم، مەلەفی پفکردنەوەی باڵۆنە هەواتێچوەکەی هەرێمی کوردستان لەلایەن ئێران و عێراق و تورکیاوە درا بە حاجی قاسم. حاجی بڕیاریدابو بەمەرجێک ئۆتۆمبیلەکەی بەرەو سەری رەش دەکوژێنێتەوە ئەگەر مەسعود بارزانی لە سەرۆکایەتی هەرێم بێتەخوارەوە، هەرواشیکرد. بۆیە ئێرانییەکان و بەدیاریکراوی بەرپرسانی سوپای قودس، ئەوەیان زۆر لەسەر دڵ گرانە کە پێیانوایە، پارتی لەروی هەواڵگریی و میدیاییەوە بەشێک بوە لەو پلانەی بۆ تیرۆرکردنی قاسم سولەیمانی دانراوە، بەشداریینەکردنی سەرکردەکانی سەر بە ماڵباتی بارزانیش لەپرسەکەی قاسمدا، بە ئاماژەیەکی رونی ئەو دژایەتییە دەزانن. 
لەتۆڵەکردنەوەی کوژرانی حاجی قاسمیش، کاژێر 1:30ی شەوی چوارشەممە 7ی جانیوەری 2020، ئێران پێنج موشەکی رەوانەی بنکەیەکی سەربازی هێزی هاوپەیمانان کرد لە هەولێر. بەو موشەکانە کە زیاتر لە پوشی موبەریدە دەچون، ئەمریکا هیچ زیانێکی بەرنەکەوت. مەبەستی ئێرانیش تەنها مەسجێک بو بۆ سەرکردەکانی پارتی کە بیریانبخاتەوە، ئێستا حسابی ئەوان لەگەڵ ئەمریکییەکاندا لە یەک تای تەرازو دایە.
فیلمەکەی ئەمریکا
هیلاری کڵنتن و چێلسی کچی وابڕیارە لەرێگەی کۆمپانیای HiddenLight پرۆدەکشنەوە، زنجیرە فیلمی "کچانی کۆبانێ" بەرهەمبهێنن، کە ڕوداوەکانی لەناوەرۆکی کتێبێکەوە وەرگیراوە بەناوی "کچانی کۆبانێ"ی نوسەر گەیڵ لێمن.
کتێبەکە بڕیارە لەناوەڕاستی مانگی داهاتودا بڵاوببێتەوە و بەگشتی باسی ئەو نەبەردییانە دەکات کە کچە شەڕڤانەکانی رۆژئاڤا لەدژی چەکدارانی داعش لەساڵی 2014، لەشاری کۆبانێ تۆماریانکردوە. سەرنجی سەرەکی کتێبەکەش لەسەر چوار ژنە شەڕڤانن، کە لێبڕاوانە ناهێڵن شارەکە بکەوێتە دەست داعش. 
فیلمە تراژیدییەکە
ئەو فیلمە تراژیدییەی پێشتر هیلاری و مێردەکەی لەساڵی نەوەدەکان بەسەر کورد و بەتایبەت پەکەکەیان هێناوە، پەڵەیەکی رەشی وای بەجێهێشوە، بەدەرهێنانی هەزاران درامای پەسن و ستایش سپی نابێتەوە.
ساڵی 1998، ئەوکاتی بیڵ کڵنتن سەرۆکی ئەمریکا بو، هیلاریش خانمی یەکەم بو. مێردە مێبازەکەی هیلاری چوار مانگی رەبەق (ئۆکتۆبەری 1998 بۆ شوباتی 1999)، دەستی لەهەمو ئیشوکارێک هەڵگرتبو و وەک تانجی کون بەکون بەدوای راوەدونانی عەبدوڵا ئۆجەلانەوە بو. ئۆجەلان بچوایەتە هەر وڵاتێک، مێردەکەی هیلاری تەلەفۆنی بۆ سەرۆکی وڵاتی خانەخوێ دەکرد و داوایدەکرد لێنەگەڕێن ئۆجەلان شوێن گەرمبکات. هەتا لەکۆتاییدا لە نایرۆبی دەستگیریکردو رادەستی تورکەکانی کرد.
ئێستا هیلاری کڵنتن، تەمەن 73 ساڵ، لەگەڵ کچە تەمەن 40 ساڵانەکەی، دەیەوێت ئەو قەرزە ئەخلاقی و ویژدانیەی سەرشانی خێزانەکەی بداتەوە بە شەڕڤانان، بۆیە ئەم لەبری کردنە فیلم، دەیانکاتە پاڵەوانی فیلم. هاوکات کڵنتن دەیەوێت بڵێت، ئێمە هەڵەکەی تڕامپ و کۆمارییەکانیش بەنمایشکردنی ئەو درامایە قەرەبودەکەینەوە. 
نمایشکردنی فیلمێکی لەو چەشنە لەسەر ژنانی رۆژئاڤا، حەسانەیەکی بەهێز لەشەقامی ئەمریکیدا بۆ رۆژئاڤا دروستدەکات. ئەوان کە ئێستا شانازی بەوەوە دەکەن کە پاش دوو سەدە لەئەزمونی دیموکراسیان بۆیەکەمجار ژنێکی ئەسمەریان کردۆتە جێگری سەرۆکی ئەمریکا، دوای بینینی دراماکەی کچانی کۆبانێ، دەزانن کە کوردەکان هەر بەساوایی و لەدەستپێکەوە ژنانی وەک ئاسیا عەبدوڵایان کردۆتە سەرۆکی قەوارەکەیان و بە بەرگی سەربازییەوە هەتا کۆشکی ئەلیزێ چوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group