ستەم لە ئیسلامیەکان مەکەن

ئه‌بو به‌كر كاروانی‌

14/03/2021
لە پەیوەندی بە تورکیاوە، لە سنوری ئاگاداری خۆمدا،  موزایەدە کردن بەسەر ئیسلامییەکان  و لەوانەش یەکگرتوو، بە تایبەتیش لە لایەن کادرو ئەندامانی دوو پارتە دەسەڵاتدارەکەی ھەرێمەوە، کارێکی ناراست و ناڕەوایە. چونکە ئەگەر مەسەلەکە بێتە سەر ھەڵسەنگاندنی پەیوەندی ھێزە سیاسیەکانی ھەرێم لەگەڵ تورکیا، ئیسلامییەکان بەگشتی و لەوانەش یەکگرتوو، دەچنە ڕیزی بێ کێشەترین و سەربەرزترینەکانەوە. لانی کەم تا ئەم کاتەی ئێمە قسەی تێدا دەکەین. ئیسلامییەکانیش، لە چەندین وێستگەو بۆنەدا ، پشتڕاستی ئەمەیان کردۆتەوە، لەوانەش:
1- رەتکردنەوەی بزوتنەوەی ئیسلامی بۆ بەشداری لەشەڕ 1993 ی پارتی و یەکێتی بە پشتوانی تورکیا دژ بە پەکەکە، وێڕای پێداگری زۆری تورکەکان و تەماح نانە بەری زۆر.

2- ڕۆڵی بەرچاوو لە سنوری توانادابووی یەکگرتوو، بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی لە باکوری کوردستان و گواستنەوەی باری سەرنجی قەندیل بۆ ئەنکەرەو کارکردن لەسەر کاربەدەستانی تورکیا بۆ جوان تێگەیشتن لە جەوھەری عادیلانەی مەسەلەی کوردو ئامادەکردنی زەینی سیاسیان بۆ قبوڵکردنی پێویستیەکانی چارەسەر.

3- ناوبژیوانی و ڕۆڵی یەکگرتوو لە بەیەکگەیاندنی بەشێك لە ئیسلامییەکانی سوریاو کوردی ڕۆژئاوا و قسەکردن لەگەڵ حکومەتی تورکیا بەمەبەستی: 

ا- تێگەیشتنی ئیسلامییەکان بۆ ناوەرۆکی کێشەی کورد لە سوریاو قبوڵکردنی چارەسەری فیدراڵی.
ب- ھەماھەنگی کردنی ھەردوولا لە چوارچێوەی ئۆپۆزیسیۆنی سوریاو تێپەڕاندنی بەربەستی جیاوازیی ئایدۆلۆژی.
 ج- قایلکردنی حکومەتی ئەنقەرە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ واقیعی نوێی خۆرئاوای کوردستان.
ھەر لەم چوارچێوەدا داود ئۆغڵۆش سەرۆك وەزیرانی ئەوکات گەیشتە ئەوەی ڕایگەیەنێت: ئێمە ئامادەین ھاوشێوەی ئیدارەی باکوری عێراق مامەڵە لەگەڵ ڕۆژئاواش بکەین و بەمەترسی بۆ سەر خۆمانی نەزانیین، بەمەرجێك وادەرنەکەوێت، دام و دەزگای پەکەکەیە. کە بەداخەوە ناکۆکی نێوماڵی کورد ئەو دەرفەتەو ھەندێ دەرفەتی لە دواتریشدا لە دەستدا! کە دەکرا بکرانایا سەرەتایەك بۆ ئایندەیەکی جیاوازتر. 
4-لە ڕابردوودا قەندیل و ھەدەپەو ڕۆژئاواش، کەمترین گلەییان لە ئیسلامییەکان ھەبووەو چەندین جاریش سوپاسیان کردوون.
5- لە زۆربەی رووداوەکانی پەیوەست بە باکورو تورکیاو لەوانەش ئەمەی دوایی، بەشێ لە کەسێتی و رەمزە ئیسلامییە کوردستانییەکان و  کادرو جەماوەری ئیسلامیی و زۆر جاریش فراکسیۆنە پەڕلەمانییەکانییان، لە ھەڵوێست دەربڕیندا پێشەنگ بوون.

ماوتەوە بڵێین: بەداخەوە  کەم جار ھەیە کە ڕوداوێکی ھاوشێوەی ئەم جارە ڕودەدات، لەلایەن ھەندێکمانەوە نەقۆزرێتەوە بۆ کەرەسەی شەرکردن دژ بەیەك و شەڕەکە نەکەینەوە بە شەڕێکی ساردی نێوخۆو سوکایەتی بەیەکتر نەکەین؟!! ئەوەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی ھێشتا لە بیرکردنەوەی زۆرێکماندا، ناکۆکی لەگەڵ یەك، بایەخی پلە یەکی ھەیەو ڕۆڵی مەرجەع لە دەستنیشانکردنی ھەڵوێست و جۆری زمانی سیاسیماندا دەگێڕێت، نەك ناکۆکی لەگەڵ بەرامبەرە نەتەوەییەکان؟!! ھەروەھا ئاماژەیە بەھەژاری و لاوازییەکی کوشندە لە ھوشیاری نیشتیمانی و نەتەوەیماندا، کە ڕێگرە لەوەی ناسنامەو ھەستێکی ھاوبەشی ڕاستەقینە پەرەپێبدەین.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group