چما هەرێمێکی دی هێندە ئاسانە؟!

هۆشیار عەبدوڵڵا

3 کاتژمێر پێش ئێستا

چما هەرێمێکی دی هێندە ئاسانە؟!
«دیقەتی ئەم یارییە پیسە بدەن»

پارتی و یەکێتی و کۆمبارسەکانی دەوروبەریان، ئەو ڕاستییە زۆر باش دەزانن کە عێراق هەرێمێکی دیکە قبوڵ ناکات، کەچی وا باسی دابەشبوونی هەرێم دەکەن وەک ئەوەی بەدەست ئەوان بێت! وا باسی دەکەن وەک ئەوەی بە کەیف و ویستی ئەوان بێت، بۆ هەندێک دەیکەنە مژدە و بۆ بەشێکی دیکەش هەڕەشە! 
ئەوانە چەند لێزانن لەوەی لەبەردەم کۆمەڵگەی کوردیدا هەمیشە بازرگانی بە ململانێوە بکەن، ململانێیەک کە ئامانج لێی جیاوازی نییە هێندەی درێژە دانە بە حکومڕانییەکی بەدکارانە. 
ئاخر ئەوەی لە ڕابردودا چاودێری هەوڵەکانی پارێزگای بەسرەی کردبێت دەزانێت ئەو پارێزگایە هەرچی هەنگاوی دەستوری هەیە جێبەجێیکرد، هیچ شتێک نەما نەیکات بۆ ئەوەی ببێتە هەرێمێکی سەربەخۆ بەڵام بەغدا یان ڕاستتر شیعە قبوڵی نەکرد، ئێستاش هیچ هەرێمێکی تر قبوڵ ناکات چونکە شیعە جگە لە بەسڕە، ماوەیەک ترسی پارێزگا سوننیەکانیشی هەبوو هەمان هەوڵ بدەن! لەبەر زیاد لە هۆکارێک کە ڕەنگە دیارترینیان مەیلی ناوەندێتیخوازی بێت بکەری سیاسیی لە عێرقدا دەرگای هەرێمێکی دیکە؛ جا بۆ کورد بێت یان شیعە یان سوننە نایکاتەوە! جیا لەوەی نمونەی هەرێمی کوردستان بە دەست حوکمڕانی پڕ لە گەندەڵی پارتی و یەکێتی لە دیدی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا هێندە نمونەیی و سەرکەوتوو نییە تا قوڕەکە خەستتر بکەنەوە! پارتی و یەکێتی و کۆمبارسەکانیان زۆر باش ئەو ڕاستییە دەزانن بەڵام بە جۆرێکیتر مامەڵە لەگەڵ پرسی جیاکردنەوەی هەرێم و دابەشبوون و ئەم تێرمانە دەکەن! 
ڕاستیەکەی، ئەزمونی پارتی و یەکێتی لە ئیدارەدانی هەرێم، لە تاڵانی، لە بێ مووچەیی، لە کێشەی کارەبا و نەبوونی هیچ بنەمایەکی بەهێزی دیموکراسی وەک هەڵبژاردنی پاک و دەستاودەستکردنی دەسەڵات و میدیای ئازاد و هتد، وایکرد ئەزمونیی فیدڕاڵی نەک لە عێراقدا هەر لەناوچەکەدا سوک و بێ بەها بکات! 
لە لایەکی دیکەوە؛ رۆشنبیرە بە ناو نەتەوەیی و ناسیۆنالیستەکان بەمجۆرە ناکۆکیانەی پارتی و  یەکێتی هێندە دڵخۆش و دڵگەرمن نەبێتەوە، هەست دەکەن بازاڕی سەفسەتەکانیان، فشە قەومی و درۆکانیان، نمایش و فرمێسکەکانیان لە میدیاکانی ئەو دوو حزبەوە بەم جۆرە ناکۆکیانە ڕەواجی هەیە و کێرڤی درەوشانەوەیان دەفڕێت، دەرفەتە بۆیان تا خۆیان وەک دڵسۆزی خاک و نیشتیمان نیشان بدەن و ببنە ئامۆژگارێکی باشی پارتی و یەکێتی و بە زمانێکێش قسە بکەن کە هیچ کام لەو دوو حزبە دڵیان گەرد نەگرێت نەبا دەرگای میدیاکانیان بە ڕوودا دابخەن! 
سەفسەتە بازەکانی ئەم دۆخەی ئێستای هەرێم زۆرجار مژدە دەبەخشنەوە و بە دەنگی حەزینەوە دەڵێن؛ مەترسن دابەشبوون ڕوو نادات ، دڵنیابن ئێمە رێگە نادەین، و دنیایەک قسەی پووچ ریز دەکەن. 
پارتی و یەکێتی و کۆمبارسەکانیان هەموو هێڵێکی سوور و بەرژەوەندییەکی نەتەوەیی بەکاردەهێنن بۆ ئەوەی کۆمەڵگە بخەنە دۆخێکەوە مەمنون بێت خراپتری نەکەن، بۆ نمونە کە یەکێتی دەڵێ سلێمانی جیا دەکەمەوە خۆی بە کارەکە هەڵناستێ خەڵکیتر، کۆمبارسەکانی ڕادەسپێرێ، کە پارتی دەڵێ دژم تا خۆی قسەیەک دەکات دەیان کۆمبارسی دەوری دێنە جواب. 
دیقەت بدەن چ یارییەکی پیسە، چ خولانەوەیەکی بێهودەیە لە نێو بازنەیەکی پڕ لە پوچگەراییدا، بازنەیەک پڕ لە دروشمبازی و درۆ و ململانێیەک کە تەنها خەڵکی کوردستان باجەکەی داوە نەک ئەو بنەماڵە و خێزانە سیاسیانەی، کە هەرێم و خەڵکەکەیان بە بارمتەی سیاسەتێکی موڕاهیقانە و سەرەڕۆیانە گرتووە! 

 

ئەو وتارانەی لە ماڵپەڕی رادیۆی نەوا بڵاودەكرێنەوە تەنها گوزارشت لە بۆچونی نوسەرەكانیان دەكات.



شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group