وەك پێشبینی دەكرا دواجار بەغدا دەستی برد بۆ ئەو پرسانەی، كە ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە پێگە و دەسەڵاتەكانی هەرێمی كوردستانەوە هەیە. لەم تەوقیتەدا گەڕانەوە بۆ ڕابردو و دوبارەكردنەوەی ئەوەی (ئەگەر وامان بكردایە، ئەمە روی نەدەدا) هیچ لە لێكەوتەو گریمانەكانی ئەم پێشهاتەی دەرگای پێگرتوین كەم ناكاتەوە، بەڵكو قسەكە ئەوەیە چی لە دەستماندا ماوە بۆ پاراستنی ئەم قەوارەیە لە هەرحاڵەتێكی نەخوازراوداو چیمان لەدەست دێت بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ بریارەكانی ئێستای بەغدادا؟ كارتی سیاسی؟ یاسایی؟ دیپلۆماسی؟ بەڵێ هەمو ئەمانە پێویستن، بەڵام پێش هەمو ئەمانە، كارتێكی گرنگتر هەیە، كە ساڵانێكە لە حیساباتە سیاسییەكاندا بایەخی پێویستی پێ نەدراوە، ئەویش (خەڵكە) مەبەستمان ئەوە نییە ئایا خەڵك لە كاتی تەنگانەدا بەرگری لە قەوارەكە دەكات یان نا؟ لەهەمو بارودۆخەكاندا كردویانە بەڵام ئەی نابێت هەڵسوڕێنەرانی قەوارەكەش لەخەمی گوزەرانی خەڵكدا بن؟ ئەی نابێ قەوارەكەش جوگرافیایەكی پۆشتەوپەرداخ بێت بۆ قەوارەنشینەكانی؟ ئەمە پرسیارە، بە بەرزبونەوەی نرخی سوتەمەنی و كارەبا و ئەو هەمو قەیرانە كەڵەكەبوە، چۆن دەمانەوێت خەڵك ئامادە بكەین بۆ قۆناغێكی سەختتر؟ یاخود بۆ وەرگرتنی هەڵوێستێكی نیشتیمانی چڕتر؟ ئەی چی رێگرە لەوەی سووككردنی باری سەر شانی هاووڵاتی بكرێتە بەشێكی سەرەكی لە ستراتیژییەتی نوێی ئەم قۆناغە بۆ پاراستنی هەرێم؟ لەمـپەرچیە؟ جا با بێینە سەر مەسەلەی لۆبییەكانمان. بە درێژایی ساڵانی رابردو هەتا ئێستاش، چەندین ملیۆن دۆلارمان خەرج كردووە بۆ ئەوەی ئەكتەرێك، گۆرانیبێژێك، وەرزشەوانێك، جەنەراڵێكی خانەنشین، یان سیاسییەكی بێ دەسەڵات بێتە كوردستان و بڵێت كوردستان جوانە و خەڵكەكەی میواندۆستن، ئەمە جگە لەو پارەیەی بە ناوی لۆبیكردنەوە خەرج كراوە، ئێ باشە، ئێستا ئەوانە لە كوێن؟ كەی ئەو لۆبییانە بەكار دێن؟ لەمە تەنگانەتر هەیە؟ لێرەدا مەبەست لە رەتكردنەوەی گرنگی لۆبیكردن نییە، لۆبی لە دونیای سیاسەتدا یەكێكە لە كاریگەرترین ئامرازەكانی فشار و بەدەستهێنانی پشتیوانی، بەڵام گرفتەكە لە میكانیزم و بەرئەنجامی ئەو خەرجییانەدایە، كە لەو ریگەیەدا كراوە، خۆ ئەگەر تەنیا بەشێك لەو سەرمایەیەی بۆ بەدەستهێنانی دۆستی دەرەكی خەرج كراوە، بۆ بەهێزكردنی بەرەی ناوخۆ و سووككردنی باری سەرشانی هاوڵاتی تەرخان بكرایە، ئەمڕۆ چ هێزێكی ڕاستەقینەترمان لەبەردەستدا دەبو؟ گەڕان بەدوای هێز لە دەرەوە و فەرامۆشكردنی ناوخۆ، هەڵەیەكە پێویستە لەم وێستگەیەدا ڕاست بكرێتەوە ڕاستییەكی حاشاهەڵنەگر هەیە دابینكردنی یەك بەرمیل نەوتی هەرزان بۆ ماڵێكی هەژاری ئەم هەرێمە لەم زستانەدا، لە دەیان وتاری ستایشئامێزی جەنەراڵێكی خانەنشین و كارەكتەرە دەرەكییەكان كاریگەرترە، چونكە ئەوانە بە پارە هاتوون و بە پارەیەكی زیاتریش لە جیهەتێكی دیكەوە ڕوو وەردەگێڕن، بەڵام هاونیشتمانییەكەی خۆت لێرە دەمێنێتەوە و هەر ئەویش پارێزەری ڕاستەقینەی ئەم خاكەیە، كەواتە بەهێزكردنی بەرەی ناوخۆ، بەر لە هەر هەنگاوێكی دیكە، لە ڕازیكردنی خەڵك و چاككردنی گوزەرانیانەوە دەست پێ دەكات. قسەكردن لەسەر بەهێزكردنی بەرەی ناوخۆ و یەكڕیزی، بە مانای خۆئامادەكردن نییە بۆ پێكدادان لەگەڵ بەغدا، بەڵكو بۆ ئەوەیە، ئەگەر بە پشتیوانی خەڵكێكی ڕازییەوە بچینە سەر مێزی گفتوگۆ، سەنگ و قورساییەكی دیكەمان دەبێت، بەغداش باش دەبینێت لە ناوخۆدا چی دەگوزەرێت، كاتێك هاووڵاتییان نیگەران و ماندوبن ئەو فشار دەكات و بڕیار دەسەپێنێت. لە هەمان كاتدا، دەبێت جیاوازی لە نێوان هەستی نەتەوەیی و میكانیزمەكانی بەڕێوەبردنی ناكۆكییە سیاسی و دەستورییەكاندا بكرێت، پاراستنی مافە نەتەوەیی و دەستوورییەكان، هەروەك پێویستی بە یەكڕیزی و هەڵوێستی هاوبەش هەیە، بە هەمان ئەندازە پێویستی بە حیكمەت و دوربینیی سیاسی هەیە، حكومەتی فیدراڵ تاو ئەو شوێنەی پابەندی دەستور و بنەماكانی هاوبەشی بێت، حكومەتی خۆمانە و ئێمەش بەشێكی سەرەكی ئەو سیستەمەین، بۆیە نابێت ناكۆكییەكی دەستووری بگۆڕدرێت بۆ دوژمنایەتی سیاسی و نەتەوەیی، لە كاتێكدا هێشتا دەرفەتی گفتوگۆ و كاراكردنی پێگە و هاوپەیمانییە سیاسییەكانمان لە بەغدا هەیە، خۆ ئەگەر ئاڕاستەی بەغداش بەرەو پەراوێزخستن و پێشێلكردنی مافە دەستوورییەكانی هەرێم بێت، ئەوا پێویستە بە هەڵوێستێكی یەكگرتو و بە بەكارهێنانی ئامرازە سیاسی و یاساییەكان بەرگری لەو مافانە بكرێت بۆ ئێستاش جێگەی دڵخۆشییە، كە بڕیارەكانی بەغدا بونەتە هۆی دروستبونی یەكڕیزی و یەكگوتارییەكی بەهێز لە هەرێمی كوردستاندا بەڵام گرنگ ئەوەیە ئەم یەكڕیزییە لە وەڵامدانەوەیەكی كاتییەوە بگۆڕدرێت بۆ ستراتیژییەكی درێژخایەن. لە نەتیجەدا ئەم قۆناغە پێویستی بە ئەقڵییەتێكی چارەسەرخواز، پێداچوونەوە بە شێوازی حوكمڕانی، چاكسازیی ڕاستەقینە و دوركەوتنەوە لەو گوتارە توندانە هەیە، كە هەر ناكۆكییەك بەرەو پێكدادان ببات، چونكە پاراستنی هەرێم بە بەرزكردنەوەی تۆنی قسەكان نییە، بەڵكو بە بەرزكردنەوەی توانا و دانایی سیاسی و یاسایی و ئاستی حوكمڕانییە، كەواتە وەڵامی پرسیارە سەرەكییەكە رونە، لەبەردەم بڕیارەكانی زەیدیدا و بۆئەوەی ئیتر نە لۆمەی بەغدا بكەین و نەكۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش، فریادڕەسی ڕاستەقینەی هەرێم لە دو بنەمادا خۆی دەبینێتەوە، وەرگرتنی عیبرەتی كرداری لە هەڵەكانی رابردو، پەیڕەوكردنی حیكمەت و دوربینی سیاسی بۆ هەنگاوەكانی ئێستا و داهاتو.
ئەو وتارانەی لە ماڵپەڕی رادیۆی نەوا بڵاودەكرێنەوە تەنها گوزارشت لە بۆچونی نوسەرەكانیان دەكات.