ساڵێكی گەرم و پڕ لە باو بۆران بەڕێوەیە

خالد سلێمان

10/06/2023

ئوسترالیاو ئاسیا دەكەونە ژێر باری قورسی دیاردەی ئێل نینۆوە
بەڕێوەبەرایەتی زەریاو بەرگە هەوای ئەمریكی بەشێوەیەكی فەرمی رایگەیاند كە دیارەی ئێل نینۆ دەبێتە هۆی ساڵێكی گەرم و دروستبونی باوبۆران لە زۆر شوێنی دنیادا.
خالد سلێمان پسپۆڕی بواری ژینگە بابەتێكی بڵاوكردۆتەوەو لەبەشێكیدا رایگەیاندوە، بۆ ماوەی چەند مانگێكە ناوەندە زانستیەكانی جیهان لە مشتومڕی ئەوەدان كە ئایا دیاردەی (ئێل نینیۆ) لە زەریای هێمن دەبێتە هۆی ساڵێكی تری گەرم لە جیهاندا؟ سەرەنجام بەڕێوەبەرایەتی زەریاو بەرگە هەوای ئەمریكی بەشێوەیەكی فەرمی رایگەیاند، دیاردەكە دەستیپێكردوەو دەبێتە هۆی ساڵێكی گەرم و دروستبونی باوبۆران لە زۆر شوێنی دنیادا، ئوسترالیاو ئاسیا دەكەونە ژێر بارە قورسەكەی ئەم دیاردە سروشتییەوە كە بەهۆی گۆڕانكاریەكانی كەشوهەواوە زیاتر بوەو كاریگەرییەكانی لەسەر كەشی جیهان قورستر بون، ئەم دیاردەیە مەترسی لافاو لە پیرۆ زیاد دەكات و لێزمە باران لە كالیفۆرنیا، ئەندەنوسیا دەخاتە بەردەم وشكەساڵی و راوەماسی لە دەریای شیلی هەژار دەكات. 
لەبارەی دیاردەكەوە ئەو پسپۆڕەی بواری ژینگە نوسیویەتی: دیاردەی ئێل نینۆ سوڕێكی سروشتییە لە زەریای هێمندا هەر دوو بۆ حەوت ساڵ جارێك دروست دەبێت و بەشێوەیەكی گشتی 12 بۆ 18 مانگ دەخایەنێت، ئەم دیاردەیە كاتێك دەستپێدەكات كە بای بازرگانی یان ئالیزێ خاودەبێتەوەو بای بازرگانیش لە زۆنی كەمەرەیی زەریای هێمن بەرەو رۆژئاوا دەستپێدەكات و ئاوی روكەشی زەریا لە كەنارەكانی دوردەخاتەوە. 

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group