پارتە سیاسییەکان پارەکانیان لەکوێ وەردەگرن؟ هەرچەندە بەخشین لە سەرچاوە تایبەتەکانەوە باوترین شێوەی داهاتی پارتە سیاسییەکانە، بەڵام تاکە سەرچاوە نییە و هەندێک جار گەورەترینیش نییە. هەر حیزبێک مۆدێلی دارایی خۆی هەیە، کە ڕەنگدانەوەی مێژوو و ئایدۆلۆژیا و بنکەی پشتیوانی هەمەچەشنی خۆیەتی. پارە پێویستە بۆ بەڕێوەبردنی دروستی پارتە سیاسییەکان و هەڵبژاردن و دیموکراسی. هەروەها بۆ بنیاتنانەوە و پاراستنی بنکەیەکی ئۆپەراسیۆنی فراوان و دامەزراندنی ئەندامان و داڕشتنی سیاسەتەکان و پەیوەندییەکی کاریگەر لەگەڵ خەڵک. لە کاتێکدا کە مۆدێلێکی ڕێکخراوەیی یەک قەبارە و شێوە بۆ هەموو پارتەكان نییە، داتاکان نیشانی دەدەن كە زیاتر لە 25%ی ئەو وڵاتانەی کە لە "بنکە دراوەی دارایی سیاسی سەر بە دامەزراوەی نێودەوڵەتی بۆ دیموکراسی و هاوکاری هەڵبژاردن"دا هاتووە، هێشتا ڕێسایەك نییە سەبارەت بە بەخشینی بیانی یان نادیار بۆ لایەنە سیاسییەکان. لە کاتێکدا نزیکەی 70%ی وڵاتان ڕێسایان هەیە بۆ دابینکردنی پارەدانێکی ڕاستەوخۆی لە بوودجەی گشتی بۆ لایەنە سیاسییەکان. سەرچاوەی بودجەی پارتە سیاسییەکان لە سەرانسەری جیهاندا بەپێی کولتوور و پێشینە و ستانداردە یاساییەکان جیاوازە. لە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپادا پارتە سیاسییەکان لانیکەم بەشێکی لە بودجەی نیشتمانییەوە لە شێوەی چەندین تەرخانکردندا پارەیان بۆ دابین دەکرێت، لەوانە تەرخانکردن بۆ کارکردنی پارتەکە، وکاری گروپە پەرلەمانییەکانی نوێنەرانی پارتەکان و خەرجییەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن. لە بەریتانیا و ئەمریکا، بودجەی لایەنە تایبەتەکان گەورەترین بەش لە خەرجییەکانی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکان پێکدەهێنێت. لە وڵاتە دیموکراسییە تازەپێگەیشتوەکاندا، نموونەی مۆدێلی یاسایی جیاواز هەیە، هەروەها نموونەی پابەندبوون لە پراکتیکدا. زۆرجار مۆدێلێکی تێکەڵاو بودجەی گشتی و تایبەت تێکەڵ دەکات لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان کە پێویستە بودجەی خۆیان ئاشکرا بکەن. هەندێك جاریش بۆشایی یاسایی هەیە سەبارەت بە سزاکانی پابەندنەبوون یان میکانیزمەکانی تری جێبەجێکردن. لە عێراق دۆخەکە تەواو جیاوازە. کاتێک دەستوور داڕێژرا، یاسای پارتە سیاسییەکان بەتەواوی پشتگوێ خرا، ئەمەش بووە هۆی ناشەرعییەتی هەموو ئەو هەڵبژاردنانەی پەرلەمان کە تا ئەمڕۆ بەڕێوەچووە. نەبوونی یاسایەک کە سەرچاوەکانی بودجەی حزبەکان ڕێکبخات، سوودێکی زیاتر بۆ لایەنەکان دەڕەخسێنێت. لێرەدا پرسیارەکە ئەوەیە کە سەرچاوەکانی بودجە بۆ لایەنە سەرەکییەکانی عێراق چین؟ ئەگەر سەیری خەرجی ئەو حزبانە بکەین، کە نوێنەرایەتیان لە پاراستنی ناوەند و بارەگاکانی ئەم حزبانەدا هەیە کە بەسەر هەموو شار و گوندەکانی عێراقدا بڵاوبوونەتەوە، یان پێداویستیی دەزگا میدیاییەکانیان وەک ڕۆژنامە و کەناڵە تەلەفزیۆنییەکان، یان ئەو بڕە پارەیەی کە بۆ پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن خەرجی دەکەن، یان پارەدارکردنی میلیشیاکانی ئەو حزبانە یان پێدانی مووچەی كارمەندەكانیان، بۆمان دەردەکەوێت کە دەگاتە دەیان ملیۆن دۆلار. هەرچەندە دەستووری عێراقی ساڵی 2005 مافی لایەنە سیاسییەکانی بۆ دابینکردنی بودجەی تایبەت دیاری نەکردووە، لەگەڵ ئەوەشدا پەرلەمانتارانی عێراق کەمتەرخەم بوون لە ڕێکخستنی بەخشین لەلایەن کۆمپانیاکان بۆ لایەنە سیاسییەکان. ئەمەش ڕەنگە بیانوویەک بێت بۆ هەندێک لایەنی سیاسی بۆ وەرگرتنی پارە لە کۆمپانیا بازرگانییەکان، کە دواتر دەتوانێت فشاریان لەسەر بكرێت بۆ ئەوەی بڕیاری گرنگ بدەن. هەرچەندە دەسەڵاتی یاسادانان، پارتەكانی لە چالاکییە بازرگانییەکان قەدەغە کردوە، بەڵام دواتر ڕێگەی بە چالاکییە بازرگانییە قازانج نەویستەکانداوە. بەپێی یاسای پارتە سیاسییەکانی عێراق ژمارە 36ی ساڵی 2015 پارەدارکردنی ڕاستەوخۆی گشتی بە مافێکی دارایی لایەنێکی سیاسی دادەنرێت. كە بریتییە لەو پاڵپشتییە داراییەی کە دەوڵەت لە بودجەی خۆیەوە بۆ قەوارە سیاسییەکان لە شێوەی یارمەتی داراییدا پێشکەشی دەکات . هەر لەیاساكەدا هاتووە داوایان لێدەكات سەرچاوەی دارایی و سەروەت و سامانی دارایی و نەگۆڕی خۆیان ئاشکرا بکەن. بەڵام تاكو ئێستا بڕگەکانی یاساکە جێبەجێ نەکراون، بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەستن بە سەرچاوەی دارایی و قەدەغەکردنی باڵە چەکدارەکانی پارتە سیاسییەکان. بەپێی یاسای لایەنە سیاسییەکانی عێراق، لایەنێك یان ڕێکخراوێکی سیاسی بۆی نییە بۆ قازانج کاری بازرگانی بکات. لەگەڵ ئەوەشدا مافی ئەوەی هەیە خاوەنی خانووبەرە بێت بۆ ئەوەی وەک بارەگای خۆی یان وەک ناوەند بۆ لقەکانی بەکاری بهێنێت. بەڵام چۆن سامانەکەی بەدەست دەهێنێت جێگەی لێکۆڵینەوەیە. سیستمی پشك پشکێنە لە عێراقدا كە کاری پێدەکرێت وایکردووە پارتە دەسەڵاتدارەکان دەست بەسەر هەندێک سێکتەری دەوڵەتدا بگرن، ئەمە جگە لەوەی بەشداری کارە نایاساییەکانی وەک قاچاخچێتی دراو و نەوت و چەند چالاکییەکی دیکە دەکەن. هەروەها ئەم لایەنانە لەڕێگەی ڕێککەوتنە سیاسییەکانەوە بەشدارن بۆ دانانی بەرپرسان لە پۆستە سەرەکییەکانی دەوڵەت بۆ پەردەپۆشكردنی گەندەڵیەكانیان . بە شێوەیەکی نایاسایی. ئێستا لایەنەکان خاوەنی ئیمپراتۆریەتی دارایی زەبەلاحن لە ناوخۆ و دەرەوەی عێراق، لە ئەنجامی بەدەستهێنانی گرێبەستی حکومەت و کڕین ودامەزراندنی کۆمپانیا و زەوتکردنی دارایی کۆمپانیاکانی کەرتی بازرگانی. هەر لەبەر ئەمەیە كە لایەنە بەهێزەكان یاسای حزبەکانیان هەڵپەساردووە، چونکە لەگەڵ خواستەکانیان ناگونجێت لەبەرئەوەی بەپێی یاساكە داوایان لێدەکات حساب و بودجەی خۆیان ئاشکرا بکەن. جێبەجێکردنی یاسای پارتە سیاسییەکان ، لە چالاکیی سیاسی بێبەشیان دەکات، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە زیانی عێراق بە بڕی ٤٠٠ ملیار دۆلار لە ساڵانی ڕابردوودا بەهۆی گەندەڵیەوە بە پلەی یەکەم پەیوەست بوو بە گەندەڵی لایەنە دەسەڵاتدارەکانەوە. یاسای پارتە سیاسییەکان ئیستغلالکردنی لایەنەکان لە سامانی دەوڵەتی عێراق سنووردار دەکات، چەند بڕگەیەک لەخۆدەگرێت، دیارترینیان ئاشکراکردنی سەرچاوەی پارەدارکردنیان و پێشکەشکردنیان بۆ وردبینی لەلایەن دەستەی باڵای چاودێریەوە. هەروەها یاساكە قەدەغەی ئەوەش دەکات لایەنەکان نابێت پارە لە سەرچاوەکانی دەرەوەی عێراق وەربگرن. د.پیرۆت محمد امین پسپۆڕی دارایی گشتی
ئەو وتارانەی لە ماڵپەڕی رادیۆی نەوا بڵاودەكرێنەوە تەنها گوزارشت لە بۆچونی نوسەرەكانیان دەكات.