دۆلار و سڕکردنی داهاتە نەوتییەکانی عێراق

د.پیرۆت محمد امین

1 کاتژمێر پێش ئێستا

لەدوای هەر هێرشێک بۆ سەر بنکە ئەمریکییەکان، کۆشکی سپی و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هەم لە ڕێگەی کەناڵە دیپلۆماسییەکان و هەم لە ڕێگەی لێدوانی ڕۆژنامەوانییەوە، بەغدایان ئاگادار کردووەتەوە کە بێدەنگی بەرامبەر ئەم گروپانە بێ باج نابێت. ئەمڕۆ ئەو "باجە" لە شێوەی گەمارۆیەکی دارایی توند دەرکەوتووە کە ڕاستەوخۆ دەستی خستووەتە سەر گەرووی ئابووری عێراق. 
بڕیاری ڕاگرتنی ناردنی کاشی دۆلار و سڕکردنی داهاتە نەوتییەکان تەنها ڕێکارێکی بانکی نییە، بەڵکو گۆڕانکارییەکی ستراتیژییە لە مامەڵەی واشنتۆن لەگەڵ بەغدا، کە تێیدا "دۆلار" وەک چەکێکی سیاسی بۆ پاشەکشەپێکردنی هەژموونی گروپە چەکدارەکان بەکاردەهێنرێت.
حکومەتی ئەمریکا پێش گەیشتن بەم قۆناغە چەندین جار و بە شێوەی جیاواز ئاگادارکردنەوەی توندی ئاڕاستەی بەغدا کردووە. كە تەنها بۆ یەک مەبەست نەبوون، بەڵکو چەندین ڕەهەندیان لەخۆ گرتبوو. لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٢ و سەرەتای ٢٠٢٣، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا و بانکی فیدراڵی ئاگادارکردنەوەی توندیان دایە بانکی ناوەندی عێراق کە نابێت دۆلار بۆ وڵاتانی سزادراو (وەک ئێران و سوریا) دزە بکات. هەر ئەوکات بوو کە سیستەمی "پلاتفۆرمی ئەلیکترۆنی" بەسەر بانکەکاندا سەپێنرا بۆ چاودێریکردنی وردی حەواڵەکان.
پێش ئەوەی فشارەکان بگەنە ئاستی بڕینی دۆلاری نەوت، ئەمریکا هۆشداریدا بەوەی كە زیاتر لە ٣٢ بانکی ئەهلی عێراقی خستە لیستی ڕەشەوە و قەدەغەی کرد مامەڵە بە دۆلار بکەن. ئەمە پەیامێکی ڕوون بوو کە واشنتۆن ئاگاداری وردەکاریی چۆنیەتی ڕۆیشتنی دراوەکەیەتی.
هەروەها لە کۆبوونەوەکانی شاندی عێراقی لە واشنتۆن، بەرپرسانی ئەمریکی بە ڕاشکاوی وتوویانە کە "پاراستنی داهاتە نەوتییەکانی عێراق لە بانکی فیدراڵی، ئیمتیازێکە نەک مافێکی هەمیشەیی". ئەوان مەرجی بەردەوامیی ئەم پاراستنەیان بەستبووەوە بە پاراستنی سەقامگیری و دوورکەوتنەوە لە گروپە چەکدارەکان.
كەواتە ئەم بڕیارە نوێیەی ئیدارەی ئەمریکا لەناکاو نەبووە، بەڵکو دەرەنجامی زنجیرەیەک ئاگادارکردنەوەی ساڵانە بووە کە تێیدا واشنتۆن داوای لە بەغدا کردووە سیستەمی دارایی خۆی لە گرووپە نایاساییەکان پاک بکاتەوە، بەڵام کاتێک بینیویەتی هەنگاوەکان سستن، پەنای بۆ بەکارهێنانی کارتی داهاتی نەوت بردووە.
ئەم پەرەسەندنانە دەریدەخەن کە ئیدارەی حكومەتی ئەمریكا دەستی کردووە بە جێبەجێکردنی سیاسەتی فشاری زۆرینە بە شێوازێکی نوێ، کە تێیدا عێراق دەخرێتە نێوان دوو بژاردە یان ڕووبەڕووبوونەوەی گروپە چەکدارەکان و هەڵوەشاندنەوەیان، یان قبوڵکردنی گەمارۆیەکی دارایی کە ڕەنگە ببێتە هۆی هەرەسهێنانی دامەزراوەکانی دەوڵەت. 
ئاستەنگە گەورەکە ئەوەیە کە لایەنە سیاسییەکانی پشت میلیشیاکان، بەشێکی سەرەکین لە خودی پێکهاتەی حکومەت و پەرلەمان. هەڵوەشاندنەوەی ئەم گروپانە بە بڕیارێکی سەرەوەی ئاسان نییە، چونکە ئەوان خاوەن چەک، پارە و نفووزی سیاسیی قووڵن. بۆ زۆرێک لە بەرپرسانی بەغدا، بڕیاردان دژی ئەم گروپانە وەک "خۆکوژیی سیاسی" وایە بۆیە حکومەت لە جیاتی هەڵوەشاندنەوەی یەکجاری، ڕەنگە پەنا بۆ سیاسەتی کۆنترۆڵکردن ببات وەک جێگیرکردنیان لە شوێنە دوورەکان وبڕینی سەرچاوە داراییە نافەرمییەکانیان، یان ناچارکردنیان بۆ پابەندبوون بە ئاگربەستێکی درێژخایەن.
بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی خێرای  ئەم قەیرانە. حکومەتی عێراق پێویستی بە پلانێکی فرە ڕەهەند هەیە کە بە چەند کاتژمێر و ڕۆژێکی کەم دەست پێ بکات.  حکومەت پێویستە سیستەمی "پلاتفۆرمی ئەلیکترۆنی" بۆ گواستنەوەی دۆلار بە تەواوی و بە بێ هیچ چاوپۆشییەک جێبەجێ بكات تا دڵنیایی بدرێتە فیدراڵی ئەمریکا کە هیچ دۆلارێک ناچێتە دەست لایەنە سزادراوەکان.
پێویستە بانکی ناوەندی عێراقی سیاسەتێکی نەختینەیی "کۆنترۆڵکەر" پەیڕەو بکات، وەک بەرزکردنەوەی سوودی بانکی یان بەکارهێنانی بەشێک لە یەدەگی زێڕ و دراوە جیاوازەکانی تر بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگیی بەهای دینار، تاوەکو ڕێگری بکات لە هەڵاوسانی کتوپڕ و نەمانی متمانەی هاووڵاتییان بە دراوی نیشتمانی.
ڕاگرتنی ناردنی کاشی دۆلار و سڕکردنی بەشێک لە داهاتە نەوتییەکانی عێراق، كاریگەری بەهیزی دەبێت کە دەگاتە قووڵایی ماڵی هەموو هاووڵاتییەک. یەکەمین و دیارترین کاریگەری، دروستبوونی شۆکێکی گەورەیە لە بازاڕی دراودا. کاتێک خستنەڕووی دۆلار لەلایەن بانکی ناوەندییەوە کەمدەبێتەوە، بەهای دینار بە خێراییەکی چاوەڕواننەکراو دادەبەزێت، ئەمەش دەبێتە هۆی هەڵاوسانێکی توند و بەرزبوونەوەی نرخی هەموو ئەو کاڵایانەی کە لە دەرەوە هاوردە دەکرێن
لەلایەکی ترەوە، ئەم بڕیارە دەبێتە هۆی سستبوونی توانای دارایی حکومەت بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران و خەرجییە گشتییەکان. ئەم دۆخە نەک هەر کەرتی گشتی، بەڵکو کەرتی تایبەتیش پەکدەخات، چونکە جووڵەی بازاڕ و پڕۆژە بیناسازییەکان و بازرگانییە بچووکەکان هەموویان بەستراونەتەوە بەو پارەیەی کە حکومەت دەیخاتە ناو بازاڕەوە.

جگە لەوە، متمانەی نێودەوڵەتی بە سیستەمی بانکی عێراق بە تەواوی لەکەدار دەبێت. کاتێک بانکە جیهانییەکان دەبینن کە ئەمریکا سزای دارایی توندی بەسەر بەغدادا سەپاندووە، چیتر ئامادە نابن مامەڵە لەگەڵ بانکە ناوخۆییەکان بکەن و "حەواڵە"ی بازرگانی ڕادەگرن. ئەمەش واتا دابڕانی عێراق لە سیستەمی دارایی جیهانی (SWIFT)، کە دەبێتە هۆی ئەوەی بازرگانەکان نەتوانن کاڵا بهێنن و وەبەرهێنەرە بیانییەکان سەرمایەکانیان لە وڵات بکشێننەوە.
لەلایەكی دیكەوە ئەم بارودۆخە  وا دەکات ئەمریکا و ڕێکخراوە داراییە نێودەوڵەتییەکان تەواوی سیستەمی بانکی عێراق بخەنە "لیستی ڕەش"ەوە. لەم کاتەدا هیچ بانکێکی جیهانی مامەڵە لەگەڵ عێراق ناکات، وڵاتەکە بە تەواوی لە سیستەمی "سویفت" دادەبڕێت، ئەمەش واتا گەمارۆیەکی ئابووریی ناڕاستەوخۆ.
لەكۆتایدا ئەگەر بەغدا بڕیاری سەرسەختی بدات و نەیەوێت ملکەچی فشارەکانی واشنتۆن بێت،  بەهای دینار بەرامبەر دۆلار بە شێوەیەکی کتوپڕ دەشکێت هاووڵاتیان و بازرگانان متمانەیان بە دینار نامێنێت و هەمووان پەلە دەکەن بۆ گۆڕینی پارەکانیان بۆ زێڕ یان کاڵا بانکەکانیش چونکە بڕی پێویست نەختینەیان (کاش) نییە بۆ هەموو کڕیارەکان، ناچار دەبن دەرگاکانیان دابخەن یان بڕی ڕاکێشانی پارە دیاری بکەن. ئەمەش دڵەڕاوکێی خەڵک دەگەیەنێتە لوتکە.

د.پیرۆت محمد امین 
پسپۆڕی : دارایی گشتی 

 

ئەو وتارانەی لە ماڵپەڕی رادیۆی نەوا بڵاودەكرێنەوە تەنها گوزارشت لە بۆچونی نوسەرەكانیان دەكات.


شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group