لەدۆسیەی شەنگالدا چ لایەک کەمتەرخەم نییە؟

سالار مەحمود

04/08/2018

دوای تاوانی شەنگال بەچەند رۆژێک پرۆژە بڕیارێکم ئامادەکرد لەپەرلەمانی کوردستان و بە واژۆی شانزە پەرلەمانتاری یەکێتی پێشکەشی سەرۆکایەتی پەرلەمانمان کرد لە 16-8-2014 پرۆژە بڕیاری (تاوانی شەنگال و دەوروبەری) بەمەبەستی ئەوەی بخرێتە بەرنامەی کاری پەرلەمانەوە بۆ بڕیاردان لەسەری.
هەر زوو حکومەت مەترسی خۆی لە پرۆژە بڕیارەکە پیشانداو هاتنە پەرلەمان و لیژنەیەکی هاوبەشی پەرلەمان و حکومەت بۆ دۆسیەی تاوانی شەنگال دروست بوو. لە یەکەم کۆبونەوەی لیژنەکە بەشداریم کردو داوام کرد هەمووان هاوکار بن پرۆژە بڕیارەکەی پەرلەمان ببێتە بڕیار بەڵام بیانویان هێنایەوە کە ئەگەر لەپەرلەمان بڕیار دەربکرێ واتا ناساندنی بە جینۆسایدو ئیتر پرسەکە ناتوانرێ ببرێتە دادگا. سەرۆکایەتی پەرلەمان لە رێگەی سەرۆکی لیژنەی یاساییەوە لەگەڵ چەند پەرلەمانتارێک نەیاری خۆیان بۆ ئەو بابەتە دەردەبڕی و بە هێنانە پێشەوەی چەند بیانوویەک رێگربوون. ئیتر من بۆ دانیشتنەکانی دواتری لیژنەکە بانگ نەکرامەوەو خوشم نەمویست لە لیژنەیەکا بم کە کارەکەی بۆ لەباربردنی ئەرکە راستەقینەکە بێ..
پرۆژە بڕیارەکە بریتیە لەم خاڵانە
یەکەم: هەموو ئەو کەسانەی لە تاوانی شەنگال و دەوروبەریدا بوونەتە قوربانی بەشەهید بناسرێن.
دووەم: کەسوکاری قوربانیەکان بەپێی یاسای ماف و ئیمتیازاتی شەهیدان و قوربانیانی جینۆساید مووچەیان بدرێتێ.
سێیەم: بەفەرمی رۆژی 3-8 بکرێتە رۆژی جینۆسایدی شەنگال.
چوارەم: ناوەندێک پێک بهێنرێ بۆ دیکۆمێنتکردنی تاوانەکەو هەوڵدان بۆ کردنی بە دۆسیەی تاوان و ئامادەکردنی بۆ دادگا.
پێنجەم: حکومەتی عیراق و کوردستان پێویستە هەوڵ بدەن بۆ ئازادکردنی ژنان و کچان کە دیلن لای تیرۆریستانی داعش.
شەشەم: لیژنەیەکی تایبەت دروستبکرێ بۆ گەڕان و پشکنین و دۆزینەوەو هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی شەنگال و دەوروبەری، دوای ئازادکردنی شەنگال.
حەوتەم: مۆنۆمێنتێکی شایستە بە قوربانیانی شەنگال دروست بکرێ لە شەنگال، وەک سیمبولی جینۆسایدی ئیزیدیەکان.
ئەم خاڵانە ناوەڕۆکی ئەو پرۆژە بڕیارەبوو کە لەپەرلەمان بڕیاری لێ نەدراو لە دانیشتنی تایبەت بە تاوانی شەنگالدا لیژنە هەمیشەییەکانی وەک لیژنەی کۆمەڵی مەدەنی و لیژنەی ژنان و لیژنەی کۆمەڵایەتی و مافی مرۆڤ لە راپۆرتی خۆیاندا داوایان کرد پرۆژە بڕیارەکە بخرێتە بەرنامەی کارەوە.
هەرچەندە دوای پێشکەشکردنی پرۆژە بڕیارەکە بەچەند رۆژێکی کەم بەشێک لە فراکسیۆنەکانی تر هەمان پرۆژەیان بە چەند ئاڵوگۆڕێکەوە پێشکەشی سەرۆکایەتی کرد، بەڵام جدی نەبوون لە فشار خستنە سەر پەرلەمان بۆ دەرکردنی بڕیارەکە. لەم جۆرە سیناریۆیە لەم خولەی پەرلەماندا زۆر بوو، کاتێک چەند پەرلەمانتارێک پرۆژەیەکیان ئامادە دەکرد و پێشکەش دەکرا، دوای چەند رۆژێکی تر بە کەمێک دەستکاریەوە هەمان پرۆژە لەلایەن چەند پەرلەمانتاری تر پێشکەش دەکرایەوە!
لە چوارەمین ساڵیادی قوربانیانی شەنگالدا بە گرنگی دەزانم پەرلەمانی کوردستان لە دوایین رۆژی کارکردنیشدا بێ ئەو پرۆژە بڕیارە پەسەند بکات،
پرۆژە بڕیاری (تاوانی شەنگال و دەوروبەری).
ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بە بڕیاری (2379) تاوانەکەی بەجینۆساید ناساندو داوای لێکۆڵینەوەی هەمە لایەنەی کردوە بۆ ئەو تاوانە. پەرلەمانی ئەرمینیا بەفەرمی جینۆسایدی شەنگالی ناساندوە، پەرلەمانی چەند وڵاتێکی ئەوروپایی بەیاننامەو نوسراویان لەبارەی جینۆسایدی شەنگال دەرکردوە.
هەموو لایەک لەم پرسەدا کەمتەرخەمی هەیە، بەڵام دوای چوار ساڵ کارێک ئەرکێک ئەگەر درەنگیش بێ ئەنجام بدرێ باشترە لەوەی هەر نەکرێ.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group