هیچ مرۆڤێك حەوسەڵەی وەك حەوسەڵەی بارزانی گەورە و فراوان نەبووە

نیاز حاجی

09/10/2018

رەحمان غەریب بەرپرسی سەنتەری میترۆ لەنوسینێكیدا هەندێك وشەی ریزكردوە و یاری بەوشەكان كردووە، نوسینەكەی بریتیە لە (كلمة حق یراد بها الباطل).
لەهەموو نوسینەكەیدا دەیەوێت ئەوە پیشانبدات كە بارزانی حەوسەڵەی بچوكە و نەفەسی كورت و خاوەن موبادەرە نییە و بەرگەی شكست ناگرێت ....هتد!
پێویستە رەحمان غەریب و هەموو ئەوانەی وابیردەكەنەوە و دەنوسن، جا بەمەبەست بێت یان بەبێ مەبەست، ئەوە بزانن كە هیچ كات بارزانی سیاسەتی لەسەر بنەمای كار و كاردانەوە نەكردووە، ئەو حەوسەڵە فراوان و نەفەس درێژی و ئەو مبادەرەیەی كە لەلای بارزانی هەیە، نەك لای هیچ سەركردەیەكی تر، بەڵكو لەهیچ مروڤێكدا بوونی نییە.
پێویست ناكات بۆ مێژووی دوور بگەڕێینەوە، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژوی نزیك، روداوگەلێكی وا زۆر هەن دەتوانین دەیان و سەدان نمونەی تێدا بهێنینەوە كە ئەو راستیەی سەرەوە دەسەلمێنێت.
لە 17ی شوباتی 2011ەوە گێچەڵ نەما بە بارزانی نەكرێت، هەرچی كوسپ و تەگەرەیە هێنرایە پێشی، ماكینەیەكی زەبەلاحی میدیایی و مرۆیی لەدژی بەگەڕ خرا و تا ئێستاش بەردەوامی هەیە، ئەمە هەمووی تەنها بۆ ئەوەیە تاكو بارزانی لە ستراتیژ و ئامانجە پیرۆزەكە دووربخەنەوە، كەچی وەڵامی بارزانی ئەوە بوو، فەرموون با بگەڕێینەوە بۆ رای گەل و سەندوقەكانی دەنگدان!
ئامانجی بارزانی تەنها و تەنها گەیشتن بەسەربەخۆیی و سەرفرازبوونی تاكی كوردە، بەڵام هەموو ئامانج و ستراتیژی ئەوانی تر بریتی بوو لە دژایەتی كردنی بارزانی!
چی نەما ئەوان پەنای بۆ نەبەن؟
پێشنیاری موچەبڕین و بودجە بڕین بۆ مالیكی كرا....
پێشنیاری ئەوە بۆ مالیكی كرا تا دەبابە بێنێتە سەر كوردستان....
ویستیان كوردستانیش بەدەردی سوریا و لیبیا و یەمەن ببرێ....
دواتر، داعشیان هێنایە سەر كوردستان، لەگەرمەی هێرشەكانی داعش، ئەوان پێشمەرگەیان بە میلیشیا ناوبرد و هەوڵیان دەدا چەك و تفاقی لێ ببڕن، لە ناوخۆشدا هەوڵی ئاژاوە و پشێویان دەدا و دەیانویست پێشمەرگە سەنگەرەكان چۆڵبكات.
بەڵام بارزانی بە ئیرادەیەكی بەهێز و بە حەوسەڵەیەكی فراوانەوە سەركردایەتی شەڕی دژبە داعشی كرد و تێیدا سەركەوت، ئا لەوكاتەدا ئەوان خەریكی پیلانگێڕی 23ی حوزەیران بوون .
هاوكات لەگەڵ ئەو سەركەوتنە مەزنە، بارزانی دەرفەتەكەی قۆستەوە و میللەتی ئاراستەی سەر سندوقەكانی دەنگدان كرد و شاكاری ریفراندۆمی ئەنجامدا، ئەوانیش خەریكی پیلانگێڕی و دەستێكەڵكردن بوون لەگەڵ حەشدی شەعبی، گەورەترین خیانەتی میژوویان لە 16ی ئۆكتۆبەر ئەنجامدا و خاكی كوردستانیان هەڕاجكرد!
كوردستان روبەڕوی گەورەترین ئابڵوقە و هێرشی سەربازی و گەلەكۆمە ببوەوە، ئەوانیش خەریكی پێكهێنانی حكومەتی ئینقاز بوون و بە بەغدایان دەگوت مەرج و ئابڵوقەكانت لەسەر كوردستان قورستر بكە و پارە مەنێرە تا ئیدارەی هەرێم هەرەس دەهێنێت.
دیسانەوە بارزانی بە ئیرادەیەكی بەهێز و حەوسەڵەیەكی فراوانەوە سەركەوت و ئەوان شكستیان هێنا .
دوای ئەو هەموو گوشار و هێرش و ئابڵوقەیە، بارزانی ریفراندۆمی هەڵنەوەشاندەوە، سێ سەركەوتنی گەورەشی توماركرد كە ئەوانیش بریتیبوون لە شكاندنی ئابڵوقەكان و بردنەوەی دوو هەڵبژاردنی گەورە .
دوای ئەو هەموو خیانەت و نامەردیانەی ئەوان، هێشتا بارزانی بەكار و كردەوەی ئەوان لەگەڵیان نەجوڵایەوە و داوای یەكڕیزی لێكردن و دەستی باوكانەی بەسەردا هێنان، داوای كرد لاپەڕەیەكی نوێ بكرێتەوە تا لە بەغدا بتوانین زۆرترین دەستكەوت بۆ كورد بگەڕێنینەوە، بەڵام دیسانەوە ئەوان خیانەتیان كردەوە و یەكڕیزیان تێكدا!
هەرچەندە بارزانی دەیزانی ئەوان دیسان خیانەت دەكەنەوە، ئەو پەیامەشی كە لەرۆژی دانانی سەرۆك كۆمار ئاراستەی كرد، هەرگیز بۆ لایەنە بەناو كوردیەكانی نەبووە، بەڵكو بۆ لایەنە عەرەبی هەرێمیەكانی بوو، ئەوانەی رەخنە لەو پەیامە دەگرن جارێ زۆریان ماوە لەوە تێبگەن كە بارزانی مەبەستی چی بووە لەو پەیامە و بۆ كێی بووە!
چۆن لە 16ی ئۆكتۆبەردا بەهۆی خیانەتەوە كەركوك لەژێر دەستی كورد دەرهێنرا، لە 2ی ئۆكتۆبەریش بەهەمانشێوە پۆستی سەرۆك كۆمار لەژیر دەستی كورد دەرهێنرا، ئەوە بارزانی-یە لەو پیلانگێڕیە گەیشت و هەستی پێكرد، هەر ئەوەش هۆكاری دەركردنی ئەو پەیامە بوو، بەڵام بەداخەوە دیسانەوە تێی نەگەیشتن و هەرزەكارانە مامەڵەی لەگەڵ كرا، ئەوە شكستی بارزانی نەبوو بەڵكو شكستی كورد بوو، پێشتر ئەو پۆستە خەوێنرابوو، بەڵام ئەمجارە لەدەستی كورد دەرهێنرا!
بارزانی ئیلهام لە ئامانجێكی پیرۆز وەردەگرێت، ئەو ئامانجە پیرۆزە، ستراتیژ و شادەماری تێڕوانین و دونیابینی بارزانی پێكهێناوە كە ئەویش بریتییە لە سەروەری و سەربەخۆیی كوردستان.
هەر ئەو ئامانجە پیرۆزەشە ئەو حەوسەڵە فراوانە و ئەو پشودرێژیەی بە بارزانی بەخشیوە كە گەورەتر لە چوارچێوەی حزبەكەی هەڵسوكەوت بكات و هەردەم بەخشندە بێ، بەڵام پێدەچێ دیسانەوە ماكینە زەبەلاحە ئیعلامیەكەی لەدژ بەگەڕ خرابێتەوە بۆ چەواشەكردنی ئەو راستیانەی سەرەوە!


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group