چارەكە ملیۆنێك جیاوازی لەژمارەی دانیشتوان بۆ؟

عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا

24/11/2018

لەوەڵامی پرسیارێكی ئەحمەدی حاجی رەشید ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق  سەبارەت بەژمارەی دانیشتوانی هەرێمی كوردستان، وەزارەتی پلاندانانی حكومەتی ناوەند لە وەڵامی ئەو ئەندامە كوردەی ئەنجومەنی نوێنەراندا دەڵێت: كۆی ژمارەی دانیشتوانی عیراق بریتییە لە (38 ملیۆن و 124 هەزار و 182 كەس).
لەناویشیدا كۆی ژمارەی دانیشتوانی هەرێمی كوردستانی دیاریكردوە كە بریتییە لە ( 5 ملیۆن و 309 هەزار و 592 كەس) كە هەرێمی كوردستانی بەسێ پارێزگا ناساندوە و پارێزگای هەڵەبجەش لەگەڵ سلێمانی هەژماركراوە نەك وەك پارێزگایەكی سەربەخۆ، بەمشێوەیەی خوارەوە: 
-پارێزگای هەولێر ( 1 ملیۆن و 854 هەزار و 778 كەس)
-پارێزگای سلێمانی ( 2 ملیۆن و 162 هەزار و 279 كەس)
-پارێزگای دهۆك ( 1 ملیۆن و 292 هەزار و 535 كەس) كەدەكاتە رێژەی (13.927%)ی كۆی دانیشتوانی عیراق. بەڵام دەستەی ئاماری سەربە وەزارەتی پلاندانانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆهەمان ساڵی ( 2018) ژمارەیەكی ترمان پێ دەڵێت بۆ كۆی ژمارەی دانیشتوانی هەرێمی كوردستان جگە لەناوچە دابڕێنراوەكان و دەرەوەی ئیدارەی هەرێم كە نزیكەی (260) هەزاری زیاترە لەو ژمارەیەی كە وەزارەتی پلاندانانی عیراق ئاشكرایكردوە.
ژمارەی دانیشتوانی هەرێمی كوردستان بەپێی ئامارەكەی دەستەی ئاماری هەرێم بۆ ساڵی (2018) بریتییە لە (5 ملیۆن و 577 هەزار و 815 كەس).
ئەمە لەكاتێكدایە هەر بەپێی ئامارێكی تری دەستەی ئاماری هەرێم، ژمارەی دانیشتوانی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی (2017) بریتی بووە لە (5 ملیۆن و 549 هەزار و 100 كەس).
بەكوردی و بەكورتی جیاوازی نێوان ژمارەی دانیشتوانی هەرێم بەپێی ئەو دوو ئامارەی وەزارەتی پلاندانانی حكومەتی ناوەند و دەستەی ئاماری سەربە وەزارەتی پلاندانانی حكومەتی هەرێم زیاترە لە چارەكە ملیۆنێك هاووڵاتی، یاخود وردتر بڵێین جیاوازی هەردوو ئامارەكە بریتییە لە 268 هەزار و 223 كەس، ئەمەش جیاوازییەكی زۆرە لەنێوان ناوەندو هەرێم بۆ هەژماركردنی دانیشتوانەكەی.
بۆیە لێرەدا چەند پرسیار دروست دەبن كە مەحاڵە وەڵامێكی راست و دروستمان چنگ بكەوێت، لەوانە: 
ــ كام لەم دوو ئامارە راستن بۆ دانیشتوانی هەرێم؟ 
ــ ئەم دوو ژمارە جیاوازە تا چەند كاریگەری دەبێت لەسەر بڕی بودجەی تەرخانكراو بۆ هەرێم؟ چونكە ژمارەی دانیشتوانی هەرێم بەپێی ئامارەكەی ناوەند كەمترە لە (14٪)ی كۆی دانیشتوانی عیراق، بەڵام بەئامارەكەی هەرێم زیاترە لە (14.5٪)ی كۆی دانیشتوانی عیراق، ئەو جیاوازییەش بۆ تەرخانكردنی بودجە چەردەیەك پارە دەكات.
ــ ئامانج چییە لە زیاد نوسینی دانیشتوانی هەرێم لەلایەن دەستەی ئاماری هەرێمەوە؟ ئەی لە كەم نوسینی دانیشتوانی هەرێم لەلایەن حكومەتی ناوەندەوە؟
ماوەتەوە بوترێت لە وڵات و هەرێمێكدا دەیان ساڵ بێت سەرژمێرییەكی دانیشتوانەكەی نەكرابێت، ئەوا نەك یاریكردن بە ژمارەی دانیشتوانەكەی ئاسانە، بەڵكو هیچ داتاو ئامارێكی وردت دەستناكەوێت لە هیچ بوار و سێكتەرێكدا، ئەو داتاو ژمارانەش كە زۆر دەوترێن و دەبیسترێن زیاتر رێژەیی یان نزیككراوەین و هیچی تر. بۆیە لێرەوە دەكرێت و دەشتوانین حكومەتی ناوەند و هەرێم  بەدوو شوێنی یاریكردن و گۆڕینی ژمارەكان پێناسەو ناوزەند بكەین.
بەهیوای چڕكردنەوەی هەوڵەكان لە كەناڵە هەمە جۆرەكانەوە بۆ ئامادەسازی و كاركردن تاكو سەرژمێرییەكی ورد لە عیراق و هەرێمدا ئەنجامبدرێت و رزگارمان بێت لەم یاریكردنە بەداتاو ژمارەو دانیشتوانەكەشیەوە، چونكە عەیبەیەكی گەورەیە لەم سەردەمی جیهانگیری و پێشكەوتنەی بواری تەكنۆلۆژیایەدا نەزانیت و دڵنیانەبیت لە ژمارەی دانیشتوانی وڵات و هەرێم و شار و شارۆچكە و گەڕەكەكانیشت، بەڵكو ئەوەی لێی دڵنیابیت تەنها ژمارەی خێزانەكەی خۆت بێت و هیچی تر.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group