گەڕانەوە بەڕیشەوە

هەڵمەت غەریب

10/02/2019

دەگێڕنەوە كابرایەكی خەڵكی قامیشلۆ هەبوو ریشێكی جوانی هەبوو جێی سەرنجی دەوروبەر و شار بوو. كابرا دوو ژنی هەبوو یەكێكیان ناوی حانە بوو، ئەویتریان مانە. حانە گەورەتر بوو لە مانە بەسەرەش هەر رۆژێك لای یەكێكیان دەمایەوە. رۆژێك تاڵێك لە ریشی كابرا سپی ئەبێت، مانە بە موكێش دەریئەهێنێت، ئەڵێت هێشتا گەنجی جوان نییە ریشت سپی بێت، رۆژی دواتر ئەچێتەوە لای حانە و ئەبینێت تاڵە سپیەكەی دەرهێناوە ژنەكەی تری، ئەویش لە داخا لایەكی ریشی ئەتاشێت لەم وەرەو بڕۆیە و بگرەو بەردەیەدا كابرا ریشەكەی لە نێوان حانەو مانەدا لەدەست ئەدات.
 لەم سەروبەندەدا كە قسە لەسەر گەڕانەوەیە بۆ كەركوك، لە هەموو شت زیاتر ئەم چیرۆكە سەرنجی راكێشام و ترسی ئەوەش لە دڵمدا دروست بووە كەركوك ببێتەوە قوربانی شاتەشات و ململانێی نێوان حانە و مانە جارێكی تر، ئەگەر شتێك لە ستراتیژیەتی كاری پارتی و یەكێتی-دا هەیە بەناوی بەرژەوەندی نیشتمانی ئەوە بەجدی پارتی و یەكێتی پێویستیان بەهەڵدانەوەی لاپەڕەیەكی نوێ هەیە لە مامەڵەكردن لەگەڵ دۆسییەی كەركوكدا، چونكە ئەم دوو حزبە تا سەر ئیسقان شكستیان هێناوە لەڕابردوودا لە ئیدارەدانی ئەو شارە لە هەموو رویەكەوە ناكرێت شكست دووبارە تاقی بكرێتەوە. ئەو شێوازی سیاسەتكردنە كورد و ڕووحی كوردبونیشی بریندار كرد، بۆیە پێویستە دەستی لێهەڵبگرن.
سەردەمی بیانوگرتن بەیەك و تۆمەتباركردنی یەكتری تێپەڕێنن ئەمە مانای چاوپۆشین نییە لەسەرئەوەی رویداوە، ئەگەرنا هەم كەركوكیان لەدەست ئەچێت هەم ئایندەی سیاسی خۆشیان لەو شارەدا بەرەو ئاوابوون و لەناوچوون دەچێت.
كە چوونەوە، شەڕی كۆنە قین مەبەنەوە، لاپەڕەی كۆن هەڵمەدەنەوە، چونكە زۆر جوان نییە تا پێیدا بچنەوە، هەوڵبدەن رابردوو لەبیر بكەن بە هەموو ئازارەكانیەوە ئەو دەرفەتە بدەنەوە بە كەركوكییەكان تاوانبار و بێتاوان دیاری بكات لە فرۆشتنی شارەكەیان و ماڵوێرانیەكانی پاش 16ی ئۆكتۆبەر كە بەسەریاندا هات، لێگەڕین با ئازادانە بدوێن و تاوانباری راستەقینە سزابدەن نەك ببنە دەمڕاستی خەڵك و بەڕاست و چەپدا تۆمەت بۆ یەك ببەخشنەوە و بكەونە تەسفیەكردنی یەكتری.
بەبێ هەڵدانەوەی لاپەڕەیەكی نوێ ئەستەمە پارتی و یەكێتی بتوانن پارێزگاری لە ڕیشی كورد بكەن لە كەركوكدا هەرچەندە نەشیانكردوە و ڕیشمان بەدەست خەڵكی ترەوە بووە لە رابردوودا.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group