خەلیفەی بێ خیلافەت، ئەمجارە تورکیا دەکات بە عيراق و سوریا!

كاروان محەمەد

30/04/2019

پاش نزیكەی 5 ساڵ لەدەركەوتنی یەكەمی، ئەبوبەكری بەغدادی ئەمیری رێكخراوی داعش لە گرتە ڤیدیۆییەكی نوێدا دەركەوت، لەو دەركەوتنەدا بەغدادیەكی ماندو، بەڵام قەڵەوتر لە بەغدادیەكەی 2014 دەردەكەوێت، كە ئەمەش نیشانەی مانەوەی بۆ كاتێكی زۆر لە یەك شوێنداو كەمی جموجوڵی دەسەلمێنێت، بەهۆی ئەو بارودۆخە ئەمنیەی كە پانتایی جموجوڵی بەتەواوەتی بەرتەسك كراوەتەوە.
لەدەركەوتنەكەدا بەپێچەوانەی پێشووتر، بەغدادی بەتۆنێكی كزتر و پچڕپچڕ دەدوێت، كە لەڕووی دەرونییەوە نیشانەی لەدەستدانی دەسەڵات و ترس و ناسەقامگیری یان پەرتەوازەبونی بیرو هۆشە.
لەناو كرۆكی وتەكانیدا دەڵێت: خوای گەورە فەرمانی پێكردین بە جیهاد، بەڵام فەرمانی پێنەكردوین بە سەركەوتن!
ئەمەش سەرەڕای دانپێنانی تێكشكانە یەك لەدوای یەكەكانی ڕێكخراوەكەی لەماوەی 2 ساڵی رابردودا، لەهەمان كاتدا بۆ هێوركردنەوەی دەرونی و رێگریە لەو روخاندنەی عەزم و ورەی ئەو لایەنگرانەی كە رۆژانێك بەدروشمەكانی باقیە و یتمدد مێشكی كاس كردبون، یان رۆژگارێك خەڵكانێك بەلێشاو ملیان لە ریزەكانی رێكخراوەكەی نابو لەخەیاڵی تێكشكاندنی هەموو هێزی كوفری جیهانی لە غوتەو راماڵینیان تا قوستەنتینیە وەك یەكێك لە نیشانەكانی قیامەت، بەڵام بەپێچەوانەوە لەو دەشت و دۆڵەی غوتە یەپەگە دۆڵ بەدۆڵ ڕاوی نان و تێكیشكاندن!
گرنگترین ئەو پەیامەی بەغدادی لەم دەركەوتنە نوێیەدا ناردی پەڕاوەكەی دەستی بو كە لەسەری نوسرابو ویلایەتی توركیا و لەدەستە راستیەوە كڵاشینكۆفێكی روسی دانراوە، هەروەها ئاماژەكردنە بەئەنجامدانی 92 كردە لە 8 وڵاتدا!
بۆیە دەبێت هەر ئەوە چاوەڕوان بكرێت ئەو گەمە نوێیەی داعش دەیگێڕێت، هەناردەی گێژاوو ماڵوێرانكردنەكەی عیراق و سوریایە بۆ توركیا! بە پلەی یەكەم و گوژمەیەكی تەقینەوە و هێرشی بەڕبەری هاوسۆزانێتی لەسەر شەقام و شوێنە گشتی و پەرستگەكانی وڵاتاندا، دوور نییە جارێكی تر رۆژئاواش هێزێكی بێ شوماری تریش بێنێتەوە ناوچەكە بەبیانوی راوەدونانی بەغدادی!
سێ ساڵ پێش ئێستا بەغدادی و رێكخراوەكەی دەسەڵاتیان بەسەر سێ بەشی خاكی عیراق و سوریادا هەبو، لەژێر دەسەڵاتیدا زیاتر لە حەوت ملیۆن كەس دەژیان، بەڵام ئەمڕۆ ئەو كەسانەی رۆژگارێك لەسەركردەكانی ریزی یەكەمی رێكخراوەكەو ئەهلی حەل و عەقدی بوون، ئێستا نازانن خەلیفە لە كام بستە زەویەی سەر زەمینەوە ئەم گرتەیەی تۆمار كردوە و حوكمی خیلافەتەكە چییە و تا چەند بەیعەتەكەیان لەگەردندا ماوە؟

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group