ئایندەیەكی تاریك

سەڵاح رەشید

16/06/2019

لە رۆژی دووشەممەی رێكەوتی 10ی حوزەیرانی ئەمساڵ، كە نێچیرڤان بارزانی وەك دووهەم سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەڵبژێرا، تارمایی دەسەڵاتی بنەماڵەی بارزانی بەسەر هەمو كوردستاندا، یان بەسەر زۆربەی كوردستاندا بوە راستیەكی رون.
لە دوای 1991 پارتی هەنگاو بە هەنگاو دەسەڵاتی خۆی چەسپاندوە، هیچ پۆستێكی گرنگ نییە لە كوردستان كە راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ لەژێر دەسەڵاتی ئەو بنەماڵەیەدا نەبێت.. ئەم دەستبەسەراگرتنەی دەسەڵات، لە رێگای (شەرعی و هەڵبژاردنەوە) ئەنجامدراوە. هەمو پۆستە گرنگەكانی حكومەت و دەرەوەی حكومەت لەژێر دەسەڵاتی ئەواندان، ئەوە (بارەگای بارزانی، سەرۆكایەتی هەرێم، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، دەزگای ئاسایش، فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان، پەیوەندیەكانی دەرەوە و وەزارەتی سامانە سروشتیەكان)، باشە ئەگەر حكومەتێك ئەم هەمو دەسەڵات و پۆستە گرنگانەی لابێت..ئیتر وەزارەتی تری بۆچییە؟، خۆ ئەگەر یەكێتی و گۆڕان شەڕ لەسەر پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم یان وەزیرێك یان بەڕێوەبەرێكی گشتی بكەن..بێگومان پارتی زۆر بە خۆشییەوە ئامادەیە داخوازیەكەیان زۆر بە زیادەوە قبوڵ بكات (وەك چۆن ئەو پۆستانەی كە گۆڕان وەریدەگرێت زیادترە لە ژمارەی كورسیەكانی لە پەرلەماندا)، لەبەرئەوەی وەزارەتەكە هی خۆیەتی، با وەزیر هی خۆی نەبێت..
زۆر كەس لەو بڕوایەدایە، پۆستی سەرۆكایەتی هەرێم كە دراوە بە پارتی یان راستتر، دراوە بە بنەماڵەی بارزانی، ئەوا نێچیرڤان بارزانی یەكێكە لەو كەسانەی كە شایستەی ئەو پۆستەیە لەناو ئەو بنەماڵەیەدا، سەرەڕای ئەوەی هاووڵاتیانی كوردستان ئاوڕ لە ساڵانی دەسەڵاتی ئەو ئەدەنەوە، هەستیان نەكردوە كە لە سەردەمی ئەودا یەكسانی كۆمەڵایەتی هەبوبێت، كەس نەیبینی كە كەسانی گەندەڵ و دزی سیاسی و ئیداری ئەم هەرێمە بدرێن بە دادگا و هاووڵاتیان بە چاوی خۆیانەوە ئەو دزانە بە كەلەپچەوە ببینن، نەیانبینی دزێكی گەورە، لە هەرەمی هەرسێ دەسەڵاتە بەرزەكە، وەزیرێك یان بریكارێك، بەڕێوەبەرە گشتیەك، دەسترۆیشتوانی بنەماڵە حیزبیەكان، ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی و كادیری سەربازی و سیاسی دیاری حیزبەكان و خزم و كەسوكاریان زیندانی بكرێن..ئایە گەندەڵی و دزی لە ماڵ و موڵكی حكومەت هەبوە، ئەگەر هەبوە كوا ئەنجامەكانی؟
هەر لەم سەردەمەدا دەسەڵاتی حیزب بەسەر هەمو بوارەكانی كۆمەڵگادا زیادی كردوە، لە حكومەت و دەرەوەی حكومەت، سیستەمی دادوەری و خوێندن، پاشەكشەی كردوە و كەم بوار هەیە لە حوكمڕانی مۆركی حیزبی پێوە دیار نەبێت، هەروەها هیچ كارێك لە بواری ئیداری و ئابوری و دارایی و سیاسیدا ئەنجام نادرێت، ئەگەر هاتو ئەندامی حیزبێكی دەستڕۆیشتو نەبیت و كەسوكارت كەسە دیارەكانی حیزبەكانی دەسەڵات نەبێت، یاخود راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ نەبێت بە شەریكیان. هەروەها لەم سەردەمەدا ئازادی رادەربڕین ئازادی تاكە كەسی بەرتەسكیەكی دیاری بەخۆیەوە بینیوە.
بەڵام ئەوەی كە لە رۆژی 10-6دا روی دا، زۆر كەسی توشی نائومێدی كرد..ئەو ئاهەنگە، كە تەنها لە هەندێ وڵاتی رۆژهەڵاتی دواكەوتو ئەبینرێت بۆ دەستبەكاربونی سەرۆك، كۆمەڵێك راستی چەسپاند لەوانە:
1-وتاری یەكەم، كە مەسعود بارزانی بە كورتی پێشكەشی كرد، ئەو راستیەی چەسپاندن كە ئەو وەك سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەو وتارەی نەخوێندەوە و هەر بەو ناوەش پێشكەش نەكرا، بەڵكو وەك (سەرۆك)ی كوردستان وتاری خوێندەوە و وەك (مەرجەعێك) بۆ هەمو گەلی كورد.
2-پیاهەڵدانی زۆری بارزانی لەلایەن سەرۆك كۆماری عێراق و نێچیرڤان بارزانی-یەوە، بۆ ئەوە بو كە نیشانی هەمولایەكی بدەن ئەو سەرۆكی هەمو گەلی كوردستانە، ئەبێت هەمولایەك سوپاسی ئەو بكەن كە ئەم دەسكەوتانەی بۆ گەلی كورد هێناوەتە دی!.
3-فەرامۆشكردنی بە ئەنقەستی رۆڵ و مێژوی خەباتی مام جەلال و نەوشیروان مستەفا، سەرەتای هەوڵێكە بۆ سڕینەوە و لەبیركردنی رۆڵی هەمەلایەنەی ئەو دوو سەركردەیە.
4-فەرامۆشكردنی تەواوی رۆڵی پەرلەمانی كوردستان (ئەو ئاهەنگە، دانیشتنی رەسمی و یاسایی پەرلەمانی كوردستان) بو، ئەوەی نە باسكرا و نە دیار بو، باسی پەرلەمان و ئەندامانی پەرلەمان بو، ئەمە ئاماژەیەك بو كە حیزب لەم وڵاتەدا دەسەڵاتداری یەكەمە و حیزبیش دامەزراوەیەكی مەدەنی نییە و پەرلەمان هاوكار و یاریدەدەری ئەو دەسەڵاتەیە و هەبونیان یان نەبونیان هیچ لە واقیعی سیاسی ئیمڕۆی كوردستان ناگۆڕێت..جگە لە بەهەدەردانی بودجەیەكی زەبەلاح نەبێت بۆ دەزگایەكی مردو.
5-چاوەڕێ دەكرا كە نێچیرڤان بارزانی، هەر هیچ نەبێت، هێڵی سەرەكی سیاسەتی ئایندەی حوكمڕانی خۆی دەستنیشان بكات و هەرچەندە باسی لەوە كرد كە ئەو سەرۆكی هەمو هێز و هەمو دەنگ و رەنگەكان ئەبێت، بەڵام باسی ئەوەی نەكرد چۆن ئەم وشەیە تەرجومەی كاری رۆژانە دەكات و چۆن ئەتوانێت وەك سەركردەیەكی حیزبی بیرنەكاتەوە و هەڵسوكەوت نەكات.
ئەم قۆناغەی كە تێكەوتوین، زۆر كەم خەتای پارتی یان بنەماڵەی بارزانی تێدایە، چونكە ئەوانیش وەك هەمو هێزێكی سیاسی تر ئەیانەوێت و دەخوازن و كار بۆ ئەوە بكەن كە ببن بە حیزبی یەكەم و لە هەڵبژاردنەكاندا زۆربەی زۆری كورسیەكان ببەنەوە، وە ئەمەش خواستێكی ڕەوایە، ئەگەر بە رێگای یاسایی و دور لە فرتوفێڵ بێتەدی.
بەشێكی تری روداوەكە ئەوەیە، كە كێ بارودۆخی سیاسی كوردستانی گەیاندە ئەوەی پارتی ببێت بە هێزی یەكەمی بێ ركابەر و بارزانی ببێت بە (سەرۆك) و مەرجەعی كورد..
بێگومان و بێ لێكدانەوە، ئەوەی تەرازوی هێزەكانی لە كوردستان بەمشێوەیە گۆڕی، بە دەرەجەی یەكەم یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بو..ئەو هێزەی كە لە كوردستان و دوای راپەڕین و تا هەڵبژاردنی 1992 هێزی سەرەكی یەكەم و سەرەكی بو، ئێستا ئەو هێزە گەورەیەی جاران بوە بەو هێزەی كە چەندەها گروپ و باڵ و مینبەر و جەماعەت یاری پێوە دەكەن و ئەندامانی مەكتەبی سیاسیەكەی، ململانێیانە چاویان بە مەسعود بارزانی بكەوێت و وتاری پێداهەڵدەن و زۆربەی مەكتەبی سیاسیەكەیان شەڕ لەسەر ئەوە دەكەن كە خۆیان یان نەوەكانیان پۆستی وەزیری وەربگرن و ببن بە ئەندامی كابینەكەی مەسرور بارزانی.
ئەمە جگەلەوەی كە پارتی زۆر ژیرانە و بە وردی كاری لەسەر ئەوە كردوە زۆر لە سەركردەكانی یەكێتی بە خواستی خۆیان لە كۆمەڵێك بەرژەوەندی بازرگانی و ئابوری جیاوازەوە لە هەولێری پایتەختەوە بگلێنێت و نەتوانن بە ئاسانی واز لە بەرژەوەندیەكانی خۆیان بهێنن لەبەر هەڵوێستی سیاسی.
بێگومان بارودۆخی بزوتنەوەی گۆڕان لە یەكێتی باشتر نییە، ئەگەر خراپ تر نەبێت، گۆڕان تاقیكردنەوەیەكی تفت و تاڵی هەیە لەگەڵ پارتی كە پێویستی دەكرد زۆر بە ئاگاوە مامەڵە لەگەڵ پارتی بكات و پێش شەڕە كورسی لە هەولێر، بارودۆخی ناو بزوتنەوەكەی چاك بكردایە، لە جیاتی وەرگرتنی چەند پۆستێك، هەروەها هەوڵی بدایە رۆڵی سەركردایەتی هێزێكی گەورەی جەماوەری ئۆپۆزیسیۆن دروست بكات.
زۆر لە بەشداربوەكانی گۆڕان لە كابینەكەی نێچیرڤان بارزانی-دا، نمونەیەكی باشیان پێشكەش نەكرد، ئەمە جگە لە هەڵوێست و بەرنامە سیاسیەكەی گۆڕان، كە باسی لێوە ناكرێت و كاڵ بۆتەوە..
راستیەك هەیە كە زۆرجار باس كراوە، ئەویش ئەوەیە، پارتی هێزێكی موحافیزكاری خێزانییە، بەڵام بە مۆدێرینترین شێوە كاردەكات، حیزبەكانی تر، خۆیان بە هێزی پێشكەوتوخواز و مۆدێرن و سۆسیالیست ئەزانن، بەڵام بە عەقڵیەتی كۆن و زۆر موحافیزانە كار دەكەن.. لەبەرئەوە بڕوا ناكرێت لەم قۆناغەدا پارتی نەیباتەوە.
تەبایی ناو هێزەكان و ئاشتی و ئارامی لە كوردستاندا لەوەوە دروست نابێت، كە هێزێك هەمو جومگە سەرەكیەكانی دەسەڵات بگرێتەدەست و رۆڵی برا گەورە ببینێت، بەڵكو لەوەوە دروست دەبێت، كە حیزب و حكومەت بكرێن بە دەزگای مۆدێرنی سیستەماتیك و یەكێتی و گۆڕان ئەبدێتی خۆیان بكەن و بە عەقڵیەتێكی نوێ و فراوان و كراوە بەسەر خۆیاندا بچنەوە و بڕیاری ئازایانە و چاكسازی هەمەلایەنە بدەن كە لەگەڵ ئەم قۆناغەدا بگونجێ و هەوڵی جدی بدەن بۆ بەردەوامی بە هەرەسهێنانی و بچوكبونەوەی خۆیان، ئەبێت لایان رون بێت، ئەو سیاسەتەی ئێستا ئەیبەن بەڕێوە، بەرەو هەڵدێریان ئەبات و بچوكتریان دەكاتەوە.
قۆناغی حیزبی پێشڕەو بەسەرچو، بەڵام ئۆباڵی بچوكبونەوە و بێهەڵوێستی و دوركەوتنەوە لە جەماوەر، تەنها لە ئەستۆی خودی حیزبەكەدایە و تەنهاش خۆی ئەتوانێت چاكی بكاتەوە. كەم كەس لە كوردستاندا ئاواتی ئەوەی هەیە كە لە ژێر سایەی دەسەڵاتێكی یەك هێزیدا بژی و هێزەكانی تریش وەك پاشكۆ بەدوای هێزە گەورەكەوە بن، ئەوەش ئەو هیوایە و خەوە نەبو كە ساڵانێكی زۆر گەلەكەمان خەباتی لەپێناودا كردوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group