دوو سەرۆكایەتیی بەهێز لە ناوچەیەكی شڵەژاودا

نەدا مێرگەسۆری

19/06/2019

دوابەدوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە (30)ی ئەیلوولی ساڵی رابردوو و سەركەوتنی ئەو پرۆسە دیموكراسییە و بەدەستهێنانی (45) كورسیی پەرلەمانی لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستان وەك براوەی هەڵبژاردن و وەك پارتێك كە بە ژمارەیەكی بەرچاو لە پێش هەموو پارتەكانی دیكەی بەشداربووی هەڵبژاردن بووەو بە شێوەیەكی یاسایی و وەك عورفی سیاسی پێكهێنانی حكومەت و پڕكردنەوەی جومگە سەرەكییەكانی حكومەت مافی پارتی براوەی هەڵبژاردنەكانە، ئەویش بە بەدەستهێنانی (نیوە+1)ی كورسیی پەرلەمانی و لەو كاتەشی كە نەتوانێت ئەم رێژەیە بەدەست بێنێت، ئەو مافەی پێدەدرێت بە تەوافوق لەگەڵ فراكسیۆنێكی دیكەی پەرلەمانی ئەم رێژەیە بەدەست بخات، بۆ دەنگدان و تەواوكردنی رێكارەكانی دیكەی دەنگدان بە سەرۆك و كابینەی حكومەت. 
هەر لە دوای راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكان پارتی براوە لە پێناو كوردستانێكی سەقامگیر و بەهێز و ئارام لە ناوچەیەكی شڵۆق و شڵەژاو، دەیتوانی لەگەڵ لایەنێكی دیكەی براوە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی رێككەوتن بكات و بە ماوەیەكی كەمتر و بێ چاوەڕوانییەكی زۆر دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان و حكومەت پێكبێنیت، بەڵام بیری لەوە نەكردەوە و هەوڵی جددی دا بۆ ئەوەی هەردوو پارتەكەی دیكە (بزووتنەوەی گۆڕان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان) بێنێتە نێو گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەت و ئەمە جگە لەوەی كە دانوستاندنی لەگەڵ پارتەكانی دیكەش هەبوو، سەرەڕای ئەوەی كە هەندێك لە پارتە خاوەن كورسیی پەرلەمانی هەر لە سەرەتاوە خۆیان یەكلاكردەوە كە بەشداری پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان نابن.
لە دوای رووداوە لەبیر نەكراوەكەی (16)ی ئۆكتۆبەر و رادەستكردنی كەركووك لە لایەن هەندێك كەسی بیركورتی ناسیاسیی نێو حزبێكی سیاسی، گۆڕەپانی سیاسیی كوردستان بەرەو بێ متمانەیی رۆیشت و بووە هۆی ئەوەی كە نێوماڵی كورد بە جۆرێك لە جۆرەكان تووشی لێكترازان و ناسەقامگیری بێت.
هەر بۆیەش وەك بینیمان دانوستاندنەكان ماوەیەكی زۆری خایاند. بزووتنەوەی گۆڕان عاقڵانە هەنگاوی نا بۆ دووبارە هاتنەنێو گۆڕەپانی سیاسی و بڕیاری دا كە بەشدار بێت لە پێكهێنانی كابینەی نۆیەم و لاپەڕەی نوێی هەڵدایەوە لە مامەڵەكردنی سیاسییانە لەگەڵ پارتی دیموكرانی كوردستان، سەرەڕای دڵ لێك ئێشانی زۆر، ئەمە هەنگاوێكی گرنك بوو لە نێوان هەر دوو حزبی خاوەن كورسیی پەرلەمانی و سەرەتایەكی نوێ بوو بۆ دووبارە متمانە پێككردن كە هاوكێشە سیاسییەكانیش هەر ئەم جۆرە بیركردنەوانە دەخوازێت بۆ بەردەوامی لە كاری سیاسی. 
بەڵام مخابن بینیمان یەكێتیی نیشتمانی كوردستان چۆن چۆنی بووە هۆی ئەوەی گرفت و تەنگژە دروست بكات لەبەردەم پێكهێنانی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان و تا ئێستاشی لەگەڵ بێت بەهۆی كێشە ناوخۆیی و (چەند سەربوونیان) نەیانتوانیوە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بۆ پاشكەوتكراویان پڕبكەنەوە.
ئەمە جگەلەوەی كە بوونە هۆی ئەوەی كە دانوستان و رێككەوتن هیچ مانایەكی نەمێنێت، بەتایبەت دوای رێزنەگرتن لە واژووی خۆیان و جێبەجێنەكردنی رێككەوتنی (5)ی مایسی (2019)ی نێوان خۆیان و پارتی دیموكراتی كوردستان كە بە واژووی هەردوو بەڕێزان (كۆسرەت رەسوڵ) جێگری سكرتێری یەكێتیی نیشتمانی و (نێچیرڤان بارزانی) جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان بوو، كە تیایدا وردەكاریی كارو بەرپرسیارییەتی هاوبەش و پشكەكانی یەكێتی لە كابینەی نۆیەم و دامەزراوە یاساییەكان دیاری كرابوون.
بەڵام بەداخەوە بینیمان چۆن لە بەڵێنەكانیان پاشگەزبوونەوەو لە رێككەوتی (28)ی مایسی (2019) و لە كاتی دەنگدان بە سەرۆكی نوێی هەرێم، فراكسیۆنەكەیان بە بێ ئاگاداری پێشوەختە و بە بێ هۆكاری موقنعكەر نەچوونە نێو هۆڵی دانیشتن و لە كۆتاییشدا دەنگیان بە دەستنیشانكردنی سەرۆكی نوێی هەرێم نەدا.
هەرچەند چوون و نەچوونی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانی لە رووی یاساییەوە هیچ لە بابەتەكە ناگۆڕێت و رێكارەكانی دەنگدان و دانیشتنەكە یاسایی بوو، بەڵام ئەوەی جێگەی هەڵوەستە لەسەركردنە ئەو رێزنەگرتنەی واژووەكەی جێگری سكرتێری حزبەكەیان و بێ متمانەكردنی خۆیانە دوای رێككەوتنی دوولایەنە. 
گەورەیی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، لە مەراسیمی سوێندخواردنی لە (10)ی حوزەیرانی (2019) لەوەدا بوو كە جگە لە دەنگدەران، سوپاسی هەموو ئەوانەشی كرد كە دەنگیان پێ نەدابوو، ئەوانەشی كە نەچووبوونە هۆڵی دانیشتن، بە رێكارێكی جوانی دیموكراسی ناوی هێنا. ئەمەش نیشانەی ئەوەیە كە سەرۆكی نوێ كە وەك خۆیشی ئاماژەی پێداوە، چەتری كۆكردنەوەی هەموو دەنگ و رەنگەكان دەبێت. 
پشوودرێژیی پارتی دیموكراتی كوردستان ئامرازی سەركەوتن بوو لە پێناو یەكڕیزی و سازان و یەكدەنگی ناوخۆیی و لە دوماهیشدا بووە هۆی كردنەوەی گرێیەكان. هەموویشی هەر لە پێناو سازان و رێككەوتن و سەقامگیری بوو، كە دەستنیشانكردنی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان لە كاتێكی درەنگ و لە (18)ی شوباتی(2019) ئەنجام درا، واتە دوای نزیكەی سێ مانگ لە یەكەم دانیشتنی سوێندخواردنی ئەندامانی پەرلەمان بە سەرۆكایەتی سەرۆكی بەتەمەن، كە لە رێكەوتی(6)ی (11)ی (2018) بەڕێوەچوو.
بێگومان دوای پەسەندكردنی پێشنیاری یاسای كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان كە بە دەنگی(89) پەرلەمانتار ئەنجام درا و دوابەدوای ئەویش رێكاری دەستنیشانكردنی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ سەرۆكی هەرێم دەست پێكراو و لە رێكەوتی (28)ی (5)ی (2019) لە لایەن پەرلەمانی كوردستانەوە بە دەنگی (61) پەرلەمانتار لە كۆی (81) پەرلەمانتار بوو بە سەرۆكی چوار ساڵی ئایندەی هەرێمی كوردستان. 
لە هەفتەی رابردوو دوو رووداوی گرنگ روویان دا، یەكەمی سوێندخواردنی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی بوو بۆ سەرۆكی هەرێمی چوار ساڵی داهاتوو كە لە مەراسیمێكی شایستە و بە ئامادەبوونی ژمارەیەكی بەرچاوی كەسایەتی و دیپلۆماتی بیانی و ناوخۆیی و لە كەشێكی ئارام و یەكڕیزی نیشتمانی بەڕێوەچووـ رووداوی دووەمیش ناوزەدكردنی بەڕێز مسرور بارزانی بوو بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە لایەن فراكسیۆنی پارتییەوە لە پەرلەمانی كوردستان كە لە رێكەوتی (11)ی (6)ی (2019) و بە دەنگی (87) پەرلەمانتار و بە ئامادەبوونی (97) پەرلەمانتار دەنگی پێدراو رۆژی پاشتریش بە مەرسومی هەرێمی و لەلایەن سەرۆكی هەرێمەوە راسپێردرا بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەم لە ماوەی (30) رۆژ. 
ئەم دوو رووداوە گرنگە و سەرۆكایەتیكردنی هەر دوو (بارزانی) لە دوو سەرۆكایەتی گرنگیی دەسەڵاتی جێبەجێكردن هەنگاوێكی مێژوویی و هەژی دەبێت بۆ سەقامگیركردن و بەهێزكردنی هەرێمی كوردستان لە ناوچەیەكی شڵەژاو كە لەسەر ئاستی ناوخۆیی (چ كوردستانی و چ عێراقی) و هەرێمی و نێودەوڵەتی رووبەڕووی چالنجی جۆراوجۆر بۆتەوە و بێگومانیش لەو تەنگرە سیاسییەی لە ناوچەكە هەیە، بمانەوێـت و نەمانەوێـت رووبەڕووی پرس و چالنجی نوێش دەبێـتەوە. 
جەنابی سەرۆك بارزانی وەك یەكەم سەرۆكی هەرێم و كەسایەتیێكی كاریزما و خاوەن ئەزموونێكی قووڵی سیاسی هەر لە دوای (2003)وە و دوای رووخانی رژێمی رووخاوی بەعس، هەرێمی كوردستانی لە چەندین قۆناخی سەخت و دژوار تێپەڕاند كە دوو لە دوایینی، پاراستنی كیانی هەرێمی كوردستان و هێزدانەوە بوو بەو كیانە دەستوورییە كە نەیار و ناحەزان هەرگیز چاویان بە ئارامی و ئاوەدانی و ئاسایشەكەی هەڵنایەت.
بەتایبەت دوای رووداوەكانی (16)ی ئۆكتۆبەر و ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، سەردانە مێژووییەكەی جەنابی سەرۆك بوو كە بووە هۆی چارەسەركردنی كێشەی بووجەی بڕاوی هەرێم لەلایەن هەر دوو سەرۆك وەزیرانی عێراق (عەبادی) و (مالیكی) بە بڕیارێكی سیاسیی نادەستووری.
دووەمیشیان پاراستی خاك و خەڵكی هەرێمی كوردستان بوو لە هێزی تیرۆریستی داعش كە جەنابیان خۆیان لە چەپەری پێشەوەی بەرگری بوون لە تەك پێشمەرگە خۆڕاگرەكان و بە یارمەتیی هێزی هاوپەیمانان توانییان هەرێم و عێراق و ناوچەكە و جیهانیش لە مەترسیی دڕندانەی داعش بپارێزن. هەر بۆیەشە بەڕێزیان وەك مەرجەعی باڵای كوردستانییان لەهەرچوار پارچەی كوردستانی مەزن دەمێننەوەو ئومێدی هەرتاكێكی كوردستانییە بۆ بەسەربەرزی مانەوەی گەلی كوردستان و پاڵپشتی هەر دوو سەرۆكە گەنجەكە دەبێـت.
ئەم هەرێمەی ئێمە بە بوونی دوو كارەكتەری گرنگ و بەهێز لە هەرەمی دەسەڵات و بە یەكڕیزی و یەكدەنگی لایەنەكان دەكرێت لەو كولان و تەنگژەیەی ناوچەكەی پێیدا تێپەڕدەبێت بە زۆرترین دەستكەوت لێی بیتە دەرەوە. دۆخی ناوچەكە ئاڵۆزە و هەموو لایەنەكان دەبێت بە هەستێكی بەرپرسانە لەم قوناخەدا كار بكەن بۆ چارەسەركردنی كێشەو گرفتە هەڵواسراوەكانی نێوان هەولێر و بەغدا.
رێكخستنەوەی ناوخۆی كوردستان پێویستییەكی گرنگە، چارەسەركردنی گرفتی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم و چارەسەركردنی بە گوێرەی دەستوور ئەوە دەخوازێت كە بە ئاشتییانە و بە هەماهەنگی لەگەڵ هەموو پێكهاتەكان بگەنە خاڵی چارەسەركردن.
لە پێناو هەرێمێكی بەهێز و لە تەك ئابوورییەكی سەربەخۆ و بەهێز، بەهێزكردن و رێكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە و چەسپاندنی مافە دەستوورییەكانی وەك بەشێك لە سیستەمی بەرگریی عێراق رێكاری پێویستن كە دەبێت هەنگاوی جددی بۆ بهاوێژرێت، بۆ ئەوەی رووداوی وەك (16)ی ئۆكتۆبەر دووبارە نەبنەوە.
پەیامی ناوخۆیی دەبێت یەك رەنگ و كۆك و تەبا بێت لە پێناو هێنانەدی ئایندەیەكی هاوبەش و هێنانەدی ئاواتی لەمێژینە و پیرۆزی هەموومان. ئەمە جگە لەوەی كە پێویستە بە هەموو جۆرێكەوە بەرەنگاری ئەو ئافەتە ببینەوە كە پێی دەڵێن: «گەندەلی» كە مخابن بە مەبەست و بێ مەبەست هەموو جومگەكانی حوكمڕانی گرتۆتەوە. هاووڵاتیان ئومێدی زۆریان بە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمە و گرنگ هەیە كە یەكێك لە ئەولەوییەتە سەرەكییەكانی كابینەكە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و جێگركردنی چاكسازی و عەداڵەتی ئیداری بێت لە جومگەكانی بەڕێوەبردن.
بەڕێز سەرۆكی حكومەتی راسپێردراو بە هۆی ئەو پێگەو پۆستەی پێشووتر هەیانبووە، سەلماندوویەتی كە دەتوانێت وەك كەسێكی خاوەن ئەزموون، بڕیاری بوێرانە بدات، بەڵام نابێت ئەوەشمان لە بیر بچێت كە پێویستە هەموو ئەو پارتە سیاسییانەی لە كابینەكە بەشدارن، بە پراكتیك پاڵپشتی سەرخستنی كابینەكە بن، بەتایبەت لە بابەتی بەرنگاربوونەوەی گەندەڵی و هەوڵدان بۆ بەردەوامیدان لە سەرخستنی پرۆسەی چاكسازی كە لە كابینەكەی پێشووتر هەنگاوی بۆ نرا. بابەتی چاكسازی پێویستە لە قاڵبی دروشمی بریقەدار بێتە دەرەوە و بەشێوەیەكی جددیتر و بە پراكتیك كاری تۆكمە و توندوتۆڵی بۆ بكرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group