كێ دەبێتە سكرتێری یەكێتی؟!

هونەر تۆفیق

09/09/2019

دۆخی ئێستای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كە لەبەردەم كۆنگرەدایە بۆ دیاریكردنی سكرتێرێك بۆ حزبەكە، زۆر هاوشێوەی چۆنیەتی دیاریكردنی سێهەم خەلیفەیە لە ئیسلامدا.
خەلیفەی دووەم (عومەری خەتاب) كاتێك لە گیانەڵا و سەرەمەرگدابوو، شورایەكی ناوازەی بۆ دیاریكردنی خەلیفەی سێهەم دیاریكرد، تاوەكو لەنێوان خۆیاندا خەلیفەیەك هەڵبژێرن.
خەتاب شەش كەسی بۆ شوراكە دەستنیشانكرد: عەلی ئەبی تاڵیب، عوسمانی عەفان، تەڵحەی عەبدوڵڵا، زوبەیری عەوام، سەعدی ئەبی وەقاس، عەبدولڕەحمانی عەوف بون.
بەپێی كەسەكانی ناو شوراكە، لەسەرەتاوە دیاربوو كێ دەبێتە خەلیفە، چونكە پێكهاتەكە بەهەموو پێوەرەكان بەلای عوسمانی عەفاندا دەشكایەوە.
خەتاب، شەست سواری بەدیار ئەو شەش كەسەوە وەك چاودێر دیاریكردبوو. مەرجەكەی ئەوەبوو دەبێت لەماوەی سێ ڕۆژدا كۆنگرەی ئەو شورا شەش كەسی-یە خەلیفەیەك لەناو خۆیاندا هەڵبژێرن. ئەگەر لە سێ رۆژدا خەلیفەیەكیان لەخۆیاندا یەكلانەكردەوە، فەرمانی بە شەست سوارەكە كردبوو هەر شەش ئەندامەكەی شوراكە بكوژن. هەروەها فەرمانی كردبوو ئەگەر چواریان لەسەر یەكێكیان كۆك بن و دووانیان ناڕازی بن، دەبێت سەری دووانە ناڕازیەكە بپەڕێنن. ئەگەر سیانیان لەسەر یەكێك لە خۆیان رێك بن و سیانی تریان ناڕازی بن، دەبێت ئەو سیانەی عەبدولڕەحمانی عەوفی تیادایە پەسەندبكرێت و سەری سیانەكەی تریان بپەڕێنن.
لەبەرئەوەی عەوف زاوای عوسمان و ئامۆزای وەقاس بوو، هەروەها تەڵحەش ئامۆزای عوسمان بوو، تای تەرازووی سیانەكەی ئەمان بەهێزتربوو لە سیانەكەی عەلی. چونكە عەوف بەپێی وەسیەتەكەی عومەر لە هەر لایەكیان بێت ئەو دەبێتە زۆرینەی ڕەها. لەهەموو بارەكەدا بەپێی پێكهاتەی شوراكە خەلافەت بۆ عوسمان مسۆگەربوو.
ئەم هاوكێشەیەی شوراكەی عومەر، تەرجومە بكەین بۆ كۆنگرەكەی یەكێتی، هاوشێوەكەی عوسمان لە كۆنگرەكەدا دەبێتە بەرهەم ساڵح.
بەرهەم ساڵح لەنێوان جیاوازەكانی یەكێتی دا، شانسی ئەوەی بۆ هاتۆتە پێشەوە كە بوبێت بەچارەسەری گرێكوێرەكە. لەپاش هەڵوێست نواندنەكەشی لە كۆنگرەی لوتكەی وڵاتانی عەرەبیدا بە قازانجی ئێران، لەسەرئاستی عیراق، ئێرانیەكان پشتیوانی لێدەكەن. لەنێوان كۆسرەت رەسوڵ و ماڵی تاڵەبانیشدا بەپێی نزیكایەتی لەهەردوولایان بۆ كۆنگرە بۆتە بەدیلێك لەهەركام لە بەرەكان بێت (عەبدولڕەحمانی عەوفێك) تای تەرازووەكەی قورستر دەكات.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group